بە هێز بوونی لایەنێک مەرج نییە ببێتە هۆی لاواز بوونی یەکی تر

بە هێز بوونی لایەنێک مەرج نییە ببێتە هۆی لاواز بوونی یەکی تر
لە تیئۆری تیجارەتدا لە سەر بنەمای بیری،دێوید ریکاردۆ، باس لە چەمکی - خالی بەهێز لایەنێک یان شۆێنێک لە بەرئاورد لەگەل شۆێنێکی تردا دەکرێت(comparative advantages، تەماتە لە سلێمانی دا هەیە و پەتاتە لە هەولێردا، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە کە هەولێر لە سلێمانی تەماتە بکرێت و سلێمانی لە هەولێر پەتاتە. بە زبانی زۆر سادە ئەمە بنەمای سەرهەڵدانی تیجارەتە لە نێوان دوو شۆێنانەدا.
ئەم بۆ چوونە رێگای خۆی دۆزیییەوە بۆ ناو سیاسەت و پێداگۆژی وپەروەردە و .... و نەتیجەیەکی عەمەلی لێ کەوتەوە کە – کۆی دووشتان دەبێ بەرانبەر بێ بە سفر-. یانی ئەگەر یەکی زیادی کرد دەبێ ئەوی تر کەمی کاتەوە تاکوو کۆی هەر دوویان هەر سفر بمێنێتەوە.
لە سالانی ١٩٩٠ئەوە بە نووسێنەکانی پۆل کروگمەن کە سالی ٢٠١٠خەلاتی نۆبێلی لە ئابوورییدا وەرگرت، ئەم چەمکەی دێوید رێکاردۆ گۆرانی بە سەر دا هات و ئێستا باس لە خالی بەهێز نەک لە بەرئاورد لەگەل کەس و لایەن و شۆێنی دیکە بەلکوو لە گەل خۆدی خۆی ئەو دیاردەیەدا دەکرێت.
بەم واتایە کە ئەگەر لایەنێک لە چەندین شتدا بەکار و بەتوانایە ، جەخت لە سەر ئەوە دەکرێت کە دەست نیشان بکرێت کە داخوا لە کام یەک لەو خالانەدا زۆر باشترە لە بەرئاورد لەگەل تواناکانی تری دا.
ئەم گۆرانە مێژوویی و گرینگە، رێگا دەکاتەوە کە لە کردەوەدا ، فەلسەفەی کار لە سەر بنەمای -کۆی دوو شتان هەر دەبێ ببێتە سفر-فرێ بدرێت، بە هێز بوونی پارتی بە دژی یەکەتی حەساب ناکرێ و بە پێچەوانەش. هەر حیزبە لەو خالەدا کە خالی بە هێزییەتی لە بەرئاورد لەگەل تواناکانی تری دا گەشەدەکات.
لەم بۆ چوونە دا گشت کۆمەلگا لە گەشەی و بەهێزی بوونی ئاکتۆرەکان سوود وەردەگرێت، سیاسەتی حەزفی یەکتر نامێنێت،ژیانی سیاسی وکۆمەلایەتی دەولەمەند دەبێت.
ئێستا باس لە یەک نێزیک بوونەوەی یەکەتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆران دەکرێت، بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی بە سەر ناوچەی نفوزی ئەم دوو حیزبەدا لە نەتیجەی خیلافاتیانەوە لە چەند سالی رابردوودا هات، دەبێ وەک هەنگاوێکی پۆزیتیڤ و باش چاوی لێبکرێت ، بە هیوای ئەمە کە ببێتە مایەی ئاوەدانی و ئارامی و ئیدارەی باشتر . بەلام مەرجی سەرکەوتوو بوون لەم پرۆسەیە دا دیسان هەر بەندە بە ناوەرۆکی باسی سەرەوە، هەر حیزبە ئەوەی لە دەستی دێت بۆ ئاوەدانی وئارامی و یەکگرتوویی کورد و سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی دەیکات؟ یان بە مەنتیقی کۆن کۆ کردنەوەی هێزە بۆ دژایەتی رەوتی سەردەستی، کۆمەلگای کوردیی کە پرۆسەی بە ئەنجام گەیاندنی سەرکەوتووانەی پرسی سەربەخۆیی کوردستانە؟ رۆژ و مانگەکانی داهاتوو چارەنووس سازێن، خۆ رێکخستنەوەی هێزەکان لەگەل پرۆسەی سەربەخۆیی ئیمتیحانی مێژوویی ئەحزابە، هیوای کورد ئەمەیە کە گشتیان لەو ئیمتیحانە دەربچن.

2016-05-13
Top