بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆن و بۆچ ئامانجێك درووستكرا؟

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆن و بۆچ ئامانجێك درووستكرا؟
ده‌نگۆی رێككه‌وتنی سیاسی نێوان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، یان چوونه‌وه‌ پاڵیه‌ك و یه‌كگرتنه‌وه‌یان وه‌ك هه‌ندێك كه‌س وای باس ده‌كه‌ن‌، پیلانێكی تره‌ له‌و زنجیره‌ پیلانگێڕیانه‌ی‌، كه‌ ناوه‌ ناوه‌ و به‌ پێی ده‌رفه‌ت ره‌خسان، سه‌رانی دژه‌ پارتی له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ دژ به‌و حزبه‌ به‌ گشتی و خانه‌واده‌ی بارزانی نه‌مر به‌ تایبه‌تی پێی هه‌ستاون و ئه‌گه‌ر بۆیان بلوێ له‌ داهاتووشدا درێژه‌یان ده‌بێ، ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره‌ هه‌موو پیلانگێڕیه‌كان پێشوه‌خته‌ نه‌خشه‌یان بۆ كێشراوه‌ و زیاتر له‌ موخابه‌راتێكی داگیركارانی كوردستانیشیان له‌ پشت بوون، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رووی میژووییه‌وه‌ شرۆڤه‌یه‌ك بۆ پیلانگێڕیه‌كانی رابردوویان بكه‌ین، گومان له‌وه‌دا نامێنێ كه‌ كه‌رتبوونی یه‌كێتی و درووستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پیلانێكی تره‌ له‌ زنجیره‌ پیلانگێڕیه‌كانی رابردوویان.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چۆن درووستكرا
له‌ شرۆڤه‌ی ئه‌م باسه‌دا ناچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و زنجیره‌ پیلانگێڕیانه‌ی رابردوو كه‌ له‌ كاتی خۆیدا كوردستانیان ده‌خسته‌ ناو وه‌یشوومه‌ی سیاسی و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردیشیان به‌ره‌و هه‌ڵدێر و نه‌هامه‌تی ده‌برد، باس له‌وه‌ش ناكه‌م كه‌ چۆن پێش به‌ پیلانه‌كان ده‌گیرا و له‌سه‌ر ده‌ستی كێ و به‌ چ حیكمه‌تێك پووچه‌ڵ ده‌كرانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ له‌م باسه‌دا تیشكی بخه‌مه ‌سه‌ر ئه‌و پێلانگێڕیه‌یه‌، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی پیلانگێڕیه‌كانی رابردوو به‌ سیناریۆی خۆ كه‌رتكردنی دژه‌ پارتیه‌كان ده‌ستی پێكرد، ئه‌گه‌ر كه‌مێك به‌ مێژووی پیلانگێڕیه‌كانی رابردووشدا بچیینه‌وه‌‌، ده‌بینین هه‌موو كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی دژه‌ پارتی یه‌كتریان ده‌گرت، به‌ڵام له‌و پیلانگێڕیه‌دا به‌ پێی رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێر كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كان خۆیان كه‌رت كرد و هه‌ر كه‌رته‌ی كاری خۆی بۆ دیاریكرا.
سه‌رانی دژه‌ پارتی دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو پیلانگێڕیه‌كاندا ده‌ستیان له‌ بنی هه‌نبانه‌كه‌ ده‌رچوو، بیریان له‌وه‌ كرده‌وه‌ شێوازی پیلانگێڕیه‌كه‌ بگۆڕن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ دوای شكستیان له‌ شه‌ڕی ناوخۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی باره‌گاكانی هه‌ردوو حزب بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كتری، قۆناغی یه‌كه‌می پیلانگێڕیه‌كه‌یان ئه‌وه‌ بوو له‌ زۆنی سه‌وز و ژێر قه‌ڵمڕه‌وی یه‌كێتی‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ كردنه‌وه‌ی پارتی گه‌مارۆ بده‌ن، ئه‌وه‌ش وایده‌خواست یه‌كێتی خۆی كه‌رت بكات و هه‌ر كه‌رتێك له‌ناو پیلانگێڕیه‌كه‌دا ئه‌ركی تایبه‌تی خۆی بۆ دیاری بكرێ و به‌ سیاسه‌تی درێشه‌ و مه‌ڵحه‌م فۆناغه‌كانی پیلانگێڕیه‌كه‌ به‌رنه‌ پێشێ.
ده‌ستپێكی پیلانگێڕیه‌كه‌
له‌ ده‌ستپێكدا نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك بارگاوی ترین كه‌س به‌ رق و كینه‌ دژ به‌ پارتی و نزیكترین كه‌س و هاوبیروڕای زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌ی مام جه‌لال و به‌شدار بووی هه‌موو پێلانگێڕیه‌كانی رابردوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی نزیكی خۆی به‌ناوی ناڕا‌زی بوون له‌ سیاسه‌تی یه‌كێتی و بوونی گه‌ندڵی و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ت و دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌كی راگه‌یاندن، له‌ ساڵی 2005 نامه‌یه‌كیان ئاڕاسته‌ی مام جه‌لال كرد، دواتر قۆناغبه‌ندی به‌ پێی كارنامه‌ی ناو پیلانگێڕیه‌كه‌ له‌ فۆڕمی حزبیدا خۆی نمایش ده‌كرد و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی درووست كرد، دوای ئه‌وه‌ میحوه‌ربه‌ندی بۆ پیلانه‌كه‌ كرا و كاراكته‌ره‌كانی ناو پلانگێڕیه‌كه‌ خۆیان به‌سه‌ر سێ ده‌سته‌دا دابه‌ش كرد و وه‌ك له‌ درێژه‌ی باسه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، به‌ پێی شاره‌زایی و پسپۆریان ئه‌رك و كار و چالاكیان بۆ دیاریكرا.
ده‌سته‌ی یه‌كه‌م
كۆمه‌لێك كادیری نووسه‌ر و میدیاكاری حزبی له‌ حزب هێنرانه‌ ده‌ر و دێوجامه‌ی بێلایه‌نیان به‌سه‌ردا كرا، ئه‌وانه‌ به‌ناوی میدیای ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنیان دامه‌زراند، ئه‌ركی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ چه‌واشه ‌كردنی راستیه‌كان و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و هێرش كردنه‌ سه‌ر پارتی بوو، ئه‌ركێكی تریان جووڵاندن و هاندانی چه‌واشه‌كراوانیان بوو به‌ ئاراسته‌ی دژایه‌تی كردنی پارتی له‌ كاتی دیاریكراودا.
ده‌سته‌ی دووه‌م
ئه‌و سه‌ركرده‌ و كادیرانه‌ بوون كه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هاتنه‌ده‌ر و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان دامه‌زراند، ئه‌وه‌ ده‌سته‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه‌، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك خۆیان له‌ مێژووی ئه‌و حزبه‌ بێبه‌ری كرد كه‌ به‌شی شێریان له‌ چاك و خراپ، له‌ سه‌ركه‌وتن و ژێركه‌وتن‌، له‌ ده‌ستكه‌وت و كه‌موكورتیه‌كانی ئه‌و حزبه‌‌ به‌رده‌كه‌وت، دواتر به‌ كۆمه‌ڵێك درووشمی خه‌یاڵئامێز كه‌وتنه‌ په‌لاماردانی پارتی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ پیلانه‌كه‌ش نه‌كرێ هه‌ندێ جار یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیشیان دێنایه‌ ناو ئه‌و باسانه‌ی كه‌ ده‌یانویست ناوی پارتی پێبزڕینن و له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكی ناشیرین بكه‌ن.
ده‌سته‌ی سێیه‌م
ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش‌ ئه‌وانه‌ بوون كه‌ له‌ناو یه‌كیتی مانه‌وه‌ و ئه‌ركی له‌ داو خستن و خافڵگیر كردنی پارتی له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو، ئه‌و ده‌سته‌یه‌ هه‌ندێ جار وه‌ك هاوپه‌یمانی پارتی خۆی ده‌رده‌خست، هه‌ندێ جاریش له‌ میدیاكان وه‌ك هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان ده‌دوان و له‌ بڕیار دانیش ده‌چوونه‌ پاڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، زۆڕیك له‌ كادیرانی یه‌كێتی هاوشێوه‌ی هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان دژ به‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی و په‌یوه‌ندی نێوان حزبه‌كه‌ی خۆیان و پارتی ده‌وه‌ستانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی رووداوه‌كان بوایه‌ و گوێبیستی لێدوانی هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان و كادیرانی یه‌كێتێ بوایه‌ و هه‌ڵوێستی هه‌ردوو لایانی له‌به‌ر چاو گرتبا، وای هه‌ست ده‌كرد له‌ یه‌ك ناوه‌ندی بڕیار و بۆ یه‌ك ئامانجی دیاریكراو رێنمایی وه‌رده‌گرن.
پارتی و خۆ خستنه‌ داوی پیلانگێڕان
ئه‌گه‌رچی سه‌رانی دژه‌ پارتی به‌رده‌وام به‌ دوای پیلانگێڕیدا گه‌ڕاون و له‌ هه‌ر كات و شوێنێك ده‌رفه‌تیان بۆ هه‌ڵكه‌وتبێ پیلانیان ساز كردووه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ ده‌ست له‌ پارتی بوه‌شێنن، دوای هه‌ر شكستێكیش كه‌وتوونه‌ته‌ فرمێسك رشتن و به‌ درووشمی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ ناوی په‌رۆشی بۆ هه‌ستیاری قۆناغه‌كه‌ خۆیان له‌ پارتی نزیك كردۆته‌وه‌، پارتیش وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێ هه‌ندێ جار لێبووردنی گشتی بۆ ده‌ركردوون و هه‌ندێ جاریش باوه‌شی ئاشتبوونه‌وه‌ی بۆ كردوونه‌وه‌ و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ واژۆ كردوون، جا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی پارتی ئه‌گه‌ر له‌ رووی نه‌زانی بووبێ، یان له‌ په‌رۆشی و نێت پاكی و خه‌مخۆریه‌وه‌ بووبێ، ئه‌وا خۆی هۆكار بووه‌ خۆی بخاته‌ داوی پیلانه‌كان و به‌ باجێكی زۆریش توانیوه‌یه‌تی خۆی له‌ گێژاوی پیلانه‌كان رزگار بكات.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چ ئامانجێك درووستكرا؟
مێژوو پێمانده‌ڵێ: له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ سه‌رانی دژه‌‌ پارتی هه‌موو یه‌كگرتن و كه‌رتبوونێكیان پیلانێكی دژی پارتی به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌، پیلانی ئه‌مجاره‌شیان كه‌ به‌ كه‌رتبوونی یه‌كێتی و دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی پێكرد، درێژكراوه‌ی پیلانگه‌له‌كه‌ی رابردوویانه‌ و ئامانج لێی بچووككردنه‌وه‌ و له‌ناوبردنی پارتی بوو‌، ئه‌گه‌رچی پیلانی ئه‌مجاره‌یان وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد له‌ خاڵی گه‌مارۆدانی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنه‌وه‌ی پارتی له‌ زۆنی سه‌وزسه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌ دوا خاڵدا كه‌ بچووككردنه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاریان بوو به‌سه‌ر پارتیدا شكستی هێنا، رووداوه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووی كه‌رتبوونی یه‌كێتی و درووستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌رخه‌ری راستی و درووستی پیلانه‌كه‌ن، بۆ نموونه‌:‌
یه‌كێتی چ پێش كه‌رتبوون و چ دوای كه‌رتبوونیش شه‌ریك و برابه‌شی كۆی گه‌نده‌ڵی و قه‌ران و كه‌موكورتی و شكست و سه‌ركه‌تن و ده‌ستكه‌وته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و راستییه‌شدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ بانگه‌شه‌ و درووشمه‌كانی چاكسازیدا، چۆن له‌ جیا بوونه‌وه‌ و درووستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێكخه‌ره‌كه‌ی كه‌ كه‌سی دووه‌م و بڕیار به‌ده‌ستی ناو یه‌كێتی بوو، خۆی له‌ هه‌موو ئه‌و مێژووه‌ بێبه‌ری كرد كه‌ خۆی بۆ یه‌كێتی نووسیویه‌ته‌وه‌، له‌وه‌شدا مه‌به‌ستی بوو ئۆباڵی كۆی كه‌موكورتی و قه‌یران و گه‌نده‌ڵیه‌كان بخاته‌ ئه‌ستۆی پارتی و له‌ باس كردنی سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌كانیش خۆی ده‌بواد، ئه‌گه‌ر هه‌ندێ جاریش باسی له‌ ده‌سه‌ڵاتی دوو حزبی كردبێ و یه‌كێتیشی هێنابێته‌ ناو باسی گه‌نده‌ڵی و كه‌موكورتیه‌كان، مه‌به‌ستی چه‌وه‌شه‌كاری و به‌ نه‌هێنی هێشتنه‌وه‌ی پیلانه‌كه‌ بوو، كه‌ ده‌ڵێم: یه‌كێتی له‌ ژێر كاریگه‌ری ژانی پیلانگێڕی خۆی كه‌رتكرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شه‌ریكی چاك و خراپه‌كانی حكومه‌ت بوو، هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هاواری بوونی گه‌نده‌ڵی و ئه‌نجامدانی چاكسازی ده‌كرد و خۆی له‌ كه‌موكورتی و بوونی گه‌نده‌ڵی و قه‌یرانه‌كانیش بێبه‌ری ده‌كرد.
به‌ڵگه‌یه‌كی تری سه‌لمێنه‌ری پیلانگێڕیه‌كه‌ كه‌ خاڵی یه‌كه‌می بۆ پێشگرتن به‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنه‌وه‌ی پارتی پارتی بوو له‌ زۆنی سه‌وز، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ چاوترساندنی خه‌ڵكی پارتی به‌ناوی خۆپیشاندان خه‌ڵكی خۆی هانده‌دا هه‌ڵكوتنه‌‌سه‌ر باره‌گاكان و ده‌یسووتاندن، یه‌كێتیش له‌ پاراستنی باره‌گاكان خۆی ده‌بوارد و ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی به‌ خواست و داواكاری خه‌ڵك ناوده‌بردن.
پێداچوونه‌وه‌ به‌ پیلانگێڕیه‌كه‌دا
كۆبوونه‌وه‌ی ده‌باشانی نێوان مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ ئێستا به‌ بناغه‌ی رێككه‌وتنی سیاسی و ته‌نانه‌ت یه‌كگرتنه‌وه‌شی ناوده‌به‌ن، پێداچوونه‌وه‌ی خاڵه‌ لاوازه‌كان و له‌ نوێ داڕشتنه‌وه‌ی پیلانه‌كه‌ بوو، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌ی نێوانیان یان یه‌گكرتنه‌وه‌كه‌ سه‌ربگرێ، ئه‌وا هیچ گومانێك له‌سه‌ر بوونی پیلانگێڕیه‌كه‌ نامێنێ، چونكه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بێ ئه‌و گۆڕانكاری و چاكسازیانه‌ی كردبوونیه‌ خۆراكی بانگه‌شه سیاسیه‌كانی و سۆز و هه‌ستی خه‌ڵكی پێ ده‌جووڵاندن، ده‌چێته‌وه‌ ناو هه‌مان ئه‌و كونه‌ی كه‌ لێوه‌ی هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌م به‌ڕه‌ له‌سه‌ر پیلانه‌كه‌ لاده‌دا و هه‌میش ئه‌و راستییه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو رێككه‌وتن و یه‌كگرتن و كه‌رتبوونێكی له‌گه‌ڵ هه‌ر حزب و لایه‌نێك بیكات پیلانه‌ دژ به‌ پارتی، به‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ سه‌رانی دژه‌ پارتی ئاڵووده‌ی پیلانگێڕی بوون و ناتوانن ده‌ستبه‌رداری بن، له‌ حاڵه‌تێكی وه‌هاشدا پێویسته‌ پارتی به‌ كۆی په‌یوه‌ندی و رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا بچێته‌وه‌، چونكه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كه‌رتكردنی یه‌كێتی و درووست كردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یتوانی هیچ بگۆڕێ، تا بتوانێ به‌ رێككه‌وتنی سیاسی یان به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ بیگۆڕێ. بۆیه‌ ده‌بێ پارتی له‌وه‌ بگات نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ر هه‌نگاوێك بنێ، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ شێواز و جۆری پیلانگێڕیه‌كانی دژ به‌ پارتی ده‌گۆڕێ هیچی تر نییه‌.
Top