حەسەن عەلەوی لە وەڵامی وەفیق سامەرائیدا:

حەسەن عەلەوی لە وەڵامی وەفیق سامەرائیدا:

تەرزە جاف
سەرکردایەتیەکانی جیهان ناگەنە ئەژنۆی مستەفا بارزانی
ئەوان سەردەکەوتنە لای و ئەو دانەدەبەزی بۆ لای ئەوان ، ئەوان لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوون و ئەو لە لووتکەی شاخ

حەسەن عەلەوی سیاسی ناسراو و نووسەر و مێژونووس بەیاننامەیەکی دەرکرد وەک وەڵامێک بۆ ئەو لێدوانانەی بە ناوی وەفیق ئەلسامەرائیەوە لە بارەی مەلا مستەفا بارزانی بڵاوکرانەتەوە.
لە دەقی ئەو بەیاننامەیەدا هاتوە: نیگەران بووم کاتێک گوێم لێ بوو کە گوایە لیوا وەفیق سامەرائی باسی مەلا مستەفا بارزانیی کردوە و ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی جەزایری نێوان سەدام حسێن و محەمەد شا پەهلەوی خستۆتە ئەستۆی مەلا مستەفا کە گوایە بزووتنەوە سیاسیەکەی ئەو لە دژی سەدام حسێن ،سەدام حسێنی ناچار کردوە هاوکاری لەگەل محەمەد رەزا پەهلەوی شای ئێران بکات و ئیمزای ڕیکەوتنامەی جەزایر بکات کە نیوەی شەت ئەلعەرەبی تێدا بەخشیوە بە ئێران.
عەلەوی لە بەیاننامەکەیدا دەڵێ:" بە پێی وتەکانی سامەرائی، پێویستە بەغدا ڕآزی ببێت بە جیابوونەوەی کورد بە زمانێکی نزیک لە دەرکردنی کورد لە دەوڵەتی عیراقی نەک وەک دانپیانانێک بە سەربەخۆییەکدا کە زیاتر لە سەد ساڵ دواکەوتوە"
عەلەوی وتیشی؛" ئەوە بەسەر سامەرائیدا تێپەڕیوە کە ئەو باسی سەربەخۆییەک دەکات کە تەمەنی پێنج سەدەیە ، ئەم سەربەخۆییە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی چاڵدێران ساڵی ١٥١٣ و ئەو سەرکردانەی ئەو کاتە لاشەیان بە سێدارەی داگیرکەرە عوسمانیەکانەوە هەڵواسرا.
ئەم بزووتنەوەیە ،عەلەوی دەڵێ،هیچ جیاوازیەکی نیە لای من لە گەڵ بزووتنەوەی ئازادیی عەرەب و سەرکردەکانی،هیچ جیاوازیەک نیە لای من لە نێوان شێخێکی عەرەبی وەک عومەر موختار کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی سەربەخۆیی میلەتێک دەکات و لە سێدارە دەدرێت ،لەگەڵ شێخێکی کوردی وەک عەبدولسەلام بارزانی ،کە دەسەڵاتی داگیرکەرانەی عوسمانی لە سێدارەی دا ،لای من هەردوکیان شەهیدی ئازادین"
عەلەوی دەڵێت"هیچ جیاوازیەک لای من نیە لە نێوان خەباتی نەتەوەیی سەرکردەی گەورەی کورد شێخ مەحموودی حەفید بۆ ئازادکردنی وڵاتەکەی لە داگیرکردنی بەریتانی و خەباتی نەتەوەیی سەرکردەی جەزائیری ئەلبەشیر ئیبراهیمی و عەلال ئەلفاسیی مەغریبی، جیاوازیش نیە لە نێوان خەباتی ئیبراهیم ئەحمەد و خەباتی رەفیق ئەلعەزم".
عەلەوی دەڵێت" دەربارەی مەلا مستەفای بارزانیش ئەو لە پلەیەکی باڵاترە لە رەوشتی پیاوانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کە زیاتر لە خەباتی (هۆشی)ی ڤێتنامی نزیکە لە سادەیی ژیان و جل و بەرگ و زاهیدیی، کاتێک دەیبینی پاڵی بە تاشەبەردێکدا داوەتەوە لەسەر شاخێک و قاپووتە خاکیەکەی لە جیاتی بەتانی گەرمی دەکاتەوە و لای ڕاستی پیاڵەیەک چایە و لای چەپی پارچە نانێکە و پارچە نانەکە بە چاوە خواردنی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارەیەتی"
عەلەوی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژە دەکات: "لە بیرمە کاتی دانوستانەکان لەگەڵ سەدام حسێن کە بە ڕێکەوتننامەی یازدەی ئازار ١٩٧٠ کۆتایی هات ئەندامێکی وەفدی دەسەڵات پێشنیاری کرد بۆ مەلا مستەفا کە (حەمید شەعبان) ئازاد بکات کە فڕۆکەوانێکی دیل بوو لای ، مەلا مستەفا ڕازی بوو بەو مەرجەی کە حکومەتی عیراقی دکتۆر(کازم شبر) ئازاد بکات کە دکتۆرێکی ناسراوی ئێسک بوو و عەرەبی شیعە بوو، لەو کاتەدا ئامادەبوان، کە کەسی شیعەیان تیا نەبوو سەریان سوڕما و تەماشای یەکتریان دەکرد بە پرسیارەوە: بۆچی مەلا مستەفا عەرەبێکی شیعەی هەڵبژارد لە کاتێکدا سەدان کوردمان بە دیل لایە".
عەلەوی لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت:"بارزانی ڕێگای بە تیرۆری سیاسی و تەقاندنەوەی دەزگا مەدەنیەکان نەدەدا ،لە کاتێکدا ڕۆژانە سەدان جار میللەتەکەی بە تۆپ و تەیارە و مووشەک بۆردومان دەکران، زۆر بە دەگمەنی حاڵەتی تیرۆر لە شارە عەرەبیەکان ڕووی داوە.
عەلەوی ئاماژە دەکات بەوەی "وێنەی بارزانی لە هزری مندا وابەستەیە لەگەڵ وێنەی "شەعلان ئەبولجون" لە شۆڕشی بیستەکان، ناکرێت ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی جەزایر لە نێوان سەدام حسێن و محەمەد رەزا پەهلەوی بخرێتە ئەستۆی سەرکردەی نزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی، خۆ ئەگەر لیوا وەفیق ئەوەی لە دڵ گرتبێت کە مەلا مستەفا هاوکاریی شا محەمەد پەهلەوی کردوە، ئەوەی شەفاعەتی بۆ مەلا مستەفا دەکات ئەوەیە کە ئەو شۆڕشگێڕێکی گەمارۆدراو بوە ، بەڵام نەهات ڕێکەوتننامە لەگەڵ شا بکات و مەترونیوێکی کوردستانی بداتێ و لەگەڵ شا نەکەوتە پیلانگێڕی بۆ شکستهێنانی بزوتنەوە ئازادیخوازە عەرەبیەکان وەک ئەوەی کە سەدام حسێن کردی ، مەلا مستەفا شۆڕشگێڕێک بوو لە سەر شاخ و بڕنەوێک لە شانی بوو".
عەلەوی لە درێژەی بەیاننامەکەیدا دەڵێت:( وەکو سیاسیەک و نوسەرێکی عەرەب لەو رەخنانە تێدەگەم کە ڕووبەڕووی سیاسەتی هەرێمی کودستان دەبنەوە ، بەڵام بە زیادەڕۆیی دەبینم لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی مرۆڤایەتی کە باسی سەرکردەیەکی وەک مەلا مستەفا بە خراپ بکرێت، موەفەق سامەرائی وازی لە کارەکەی هێنا لە موخابەراتی عیراقی و گەیشتە سووریا بە هاوکاری کوردەکان کە باش دەزانن نەتەوەپەرستێکی عەرەبە و بەعسی بوە و کاتێک لەسەر پشتی خۆیان گەیاندیانە سوریا بە هاوڕێ دایاننەنابوو کاتێک بردیانە ناو ماڵی خۆیان و رزگاریان کرد لە کوشتنێک کە دووریەکەی هەر ئەوەندەی نێوان دوایین خاڵی پشکنینی عیراقی و یەکەمین مەفرەزەی کوردی بوو، بەڵام سامەرائی بە وەفا نەبوو بۆ ئەو پشتەی هەڵیگرت و سامەرائی منی خستە بەردەم سێ شایەدحاڵی گرنگی خۆم بەرانبەر مەلا مستەفای بارزانی ،یەکەمیان شایەدی خۆم بۆ بزووتنەوەکەی لانیکەم لە ساڵی ١٩٦١ وە،کاتێک ئێمەی نەتەوەییە عەرەبەکان و نەتەوەییە کوردەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد بەیەکەوە لە زیندانی جەلەولا زیندانکرابوین، دەیان جاریش باسی ئەم ڕووداوەم کردوە کە ئێمەی نەتەوەییە عەرەبەکان یارمەتی شۆڕشگێڕی کورد عومەر مستەفادەبابە مان دا بۆ ڕاکردن لە زیندان بەوەی وامان نیشان دا کە لەگەڵ یەکێک لە عەرەبەکان شەڕ دەکەن و بە پێی یاسای زیندان ئەو زیندانیەی لەگەڵ هاوزیندانیەکی خۆی شەڕ بکات ئەوە هەردوکیان دەگواسرێنەوە بۆ زیندانێکی تر ،بەم شێوەیە لە زیندان دەرکرا و نێردرا بۆ بنکەی پۆلیسی سەرای لە بەغدا ، لە ڕێگا کاتێک گەیشتوونەتە چێشتخانەی (جەمیل ئەبو حەرەک) داوای لە ئەفسەرەکە کردوە کە دەستی بکاتەوە تا نان بخوات و بەم شێوەیە توانیویەتی ڕابکات و بچێتە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی".
عەلەوی درێژە دەدات بە وتەکانی و دەڵێ: "من دەڵێم کە شایەتی من لانی کەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژوە ، ئەم شایەدیەی منیش دەچێتە سەر شایەدی شاعیری نیشتمانپەروەری عیراقی (محەمەد مەهدی جەواهیری) و شایەدی وەفیق سامەرائی خۆی ، من بینیم کە گەورە سەرکردەکانی عیراق دەچوونە شاخ بۆ دیداری مەلا مستەفا ،یان شوێنێک لە سەر ڕێگای شاخەکەی ئەو وەک ئەوەی سەرۆک (عەبدولرەحمان عآرف )کردی و گەورەترین بیرمەندی سیاسی عیراقی کە ئەویش (عەبدولرەحمان بەزاز)ە کە ئیمزای ٣٠ حوزەیرانی لەگەڵ کرد ، پێم وانیە ئەمانە ئەو ڕێکەوتنانەیەن لەگەڵ پێاوێکدا کردبێت کە وەفیق سامەرائی دەیەوێت نیشانی بدات، ئەوان سەردەکەوتنە لای و ئەو دانەدەبەزی بۆ لای ئەوان ، ئەوان لە لوتکەی دەسەڵاتدا بوون و ئەو لە لووتکەی شاخ، هەمیشە بە پێشمەرگەکانی دەگوت کە ئەوان ئەگەر دابەزن لە شاخەکان مافەکانیان دەفەوتێت و شکست دەهێنن ،لێرەوە و لەم ساتەدا شایەدی جەواهیری گرنگە کە پێم وا نیە قسەکانی سامەرائی بتوانێت بیسڕێتەوە کاتێک جەواهیری تەماشای مەلا مستەفای بارزانی دەکات و لە شیعرێکدا پێناسەی دەکات.
ئەوە ئەو مەلا مستەفایەیە کە جەواهیری و نوری ئەلسەعید و عەبدولکەریم قاسم و جەمال عەبدولناسیر و عەبدولرەحمان عارف و ستالین و عەبدولرەحمان بەزاز و عەزیز شەریف دەیناسن.
ئەوەی پێناسەی مەلا مستەفا دەکات تاشە بەردی شاخ و پارچە نان و پیاڵەی چا و کاریزمای بڕنەو و قاپووتە کۆنە شۆڕەکەی تا ئەژنۆیەتی، ئەو ئەژنۆیەی سەکردەکانی دنیا لە بەردەمیدا ڕادەوەستان"!
Top