یه‌كێتى له‌ هه‌ژموونى گۆڕاندا!..

یه‌كێتى له‌ هه‌ژموونى گۆڕاندا!..
راسته‌ یه‌كێتى و گۆڕان دوو رووى یه‌ك دراون، به‌ڵام پشتیان به‌یه‌كه‌وه‌یه‌ و ناگه‌ن به‌ یه‌ك"
له‌ سه‌رده‌مى شاخ و له‌ كاتى ئه‌وه‌شى ره‌وتى ریفۆرم له‌ناو یه‌كێتى سه‌رى هه‌ڵداوه‌ و ئێستاش كه‌ گۆڕان هه‌یه‌، هه‌میشه‌ ئه‌و هێزه‌ به‌ رابه‌رایه‌تى نه‌وشیروان مسته‌فا ویستوویه‌تى یه‌كێتى بخاته‌ ژێر ركێفى خۆیه‌وه‌، كاتێك دوا چانسى خۆى له‌ناو یه‌كێتى تاقیكرده‌وه‌ و نه‌یتوانى له‌ به‌رامبه‌ر به‌ ماڵى مام جه‌لال سه‌ركه‌وتوو بێت ئه‌وه‌ گۆڕانى دامه‌زراند.
گۆڕان وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كى سیاسى له‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى توانى به‌ تاكتیكى سیاسیانه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكى كه‌ یه‌كێتى نه‌بوون له‌ ده‌وره‌ى خۆى كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانى ئه‌و كه‌سانه‌ بكات به‌ یه‌كێتى، هه‌ركات گۆڕان بڕیاریدایه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتى بێت، ئه‌وه‌ نابێت به‌خاوه‌نى ئه‌و ده‌نگانه‌ و زۆرێكیشى لێ هه‌ڵوه‌ریوه‌.
كێشه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ به‌ كه‌م زۆر به‌رێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌و له‌ كوردستان خاوه‌نى كه‌متر له‌ چاره‌گه‌ كورسیه‌كانى په‌رله‌مانه‌ به‌ڵام ده‌یه‌وێ خاوه‌نى موتڵه‌قى بڕیارى سیاسى بێت، یاسا به‌ ویستى ئه‌و ده‌ستوور به‌ ویستى ئه‌و سیسته‌م به‌ ویستى ئه‌و بێت، ئه‌وه‌شى له‌ گه‌ڵى نه‌بێت هه‌وڵده‌دا له‌ رێگه‌ى میدیا و میدیا سێبه‌ره‌كانییه‌وه‌ بیكات به‌ خائین، یان به‌ نۆكه‌ر و پاشكۆ ده‌یناسێنێ، هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ رابردوو توانى تا حه‌دێكى باش سوارى سه‌رملى ئیسلامییه‌كان و به‌شێكى یه‌كێتى بێت و بیانخاته‌ ژێر هه‌ژموونى خۆیه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر قسه‌ لەسەر شەخسی نەوشیروان مسته‌فا بكه‌ین و ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ قۆڕخكاریه‌ى گۆڕان بۆ خودى ئه‌وان بگه‌ڕێنینه‌وه‌ ئه‌وه‌ نابێت مەسەلەی تەقە لە كونسوڵخانە و ڕفاندنی ئەندازیارانى بیانى له‌بیر بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌و ده‌یویست دوا له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م خۆى لابه‌رێت بۆ گه‌یشتن به‌ ویسته‌كانى ئه‌ویش كه‌ پارتى بوو، كاتێك له‌ 23 حوزه‌یران سه‌رنه‌كه‌وت ده‌یویست رێگه‌ى دیكه‌ تاقیبكاته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ش كاتێك پارتى به‌وه‌ى زانى له‌نێوان خراپ و خراپتر و خراپترین، خراپه‌كه‌ى هه‌ڵبژارد كه‌ دوورخستنه‌وه‌ى یوسف محه‌مه‌د و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ى بوو له‌گه‌ڵ گۆڕان، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر پارتى ئه‌و كاره‌ى پێش 23 حوزه‌یران بكردایه‌، پرسیارى زۆرى له‌سه‌ر ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ بوو كه‌ په‌رله‌مانتارانى ژێر هه‌ژموونى گۆڕان نه‌یانتوانى نیسابى یاسایی ته‌واو بكه‌ن، دواتر پارتى ئاماده‌نه‌بوو په‌رله‌مانێك بمێنێته‌وه‌ ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ى رێككه‌وتن و هاوكێشه‌كان بێت، چونكه‌ پێشتر بۆ ئه‌و پرسانه‌ رێككه‌وتن كرابوو.
به‌ كورتیه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌قا كەسێكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى ویستى به‌ده‌ستیهێنا ئه‌گه‌رنا په‌نا بۆ رێگه‌ى دیكه‌ ده‌بات، پێشتریش ئه‌وه‌ى له‌ به‌رامبه‌ر به‌ هاوڕێكانى له‌ كۆمه‌ڵه‌ و به‌رامبه‌ر به‌ جه‌لال تاڵه‌بانى وه‌كو ره‌وتى ریفۆرم كردوه‌، تا ئه‌و كاته‌ى یه‌كێتى دوو له‌تكرد، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌ دڵسۆز و خاوه‌ن مه‌بده‌ئه‌كان نه‌بوونایه‌ له‌ناو یه‌كێتى ئه‌وه‌ یه‌كێتى كۆتایی پێده‌هات.
كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌یه‌ زۆر حاقدە بەرانبەر پارتی له‌وه‌شیاندا زۆر ڕێگەی تاقی كردووەتەوە، له‌وانه‌ خۆنزیككردنه‌وه‌ى له‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و دواتر دژایه‌تیكردنیان به‌ڵام هیچی پێنەكراوە.
لێره‌دا ئەگەر ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین ئه‌و دوو هێزه‌ دووڕووى یه‌كدراون له‌ رواڵه‌تى هه‌ندێ سه‌ركرده‌ و قاعیده‌كانیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر ئاسانه‌ رێككه‌وتن له‌ نێوانیان له‌سه‌ر چه‌ند پره‌نسیپێكى دیاریكراو، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن ببنه‌وه‌ به‌یه‌كترى به‌تایبه‌تى له‌ پرسى دارایی حزبى و هێزى چه‌كدار، به‌شێوه‌یه‌ك یه‌كێتى ئه‌و هێزه‌ ده‌سته‌مۆیه‌ وائاسانه‌ نییه‌ بۆ گۆڕان كه‌ به‌ئاسانى قوتى بدات، له‌كاتێكدا ئه‌و نه‌یتوانى كاتێ یه‌كێتى بوو ئه‌وه‌ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى ئه‌و دوو هێزه‌ بۆ حەلی مەشاكلی ناوخۆی سلێمانی و ئه‌و پره‌نسیپانه‌ بێت كه‌ به‌شێك له‌ قاعیده‌كانیان داواى ده‌كا، ئه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان نابێ، بەڵام ئەگەر نه‌وشێروان مسته‌فا تەسەور ئه‌وه‌ى كردبێ كه‌ ده‌ست به‌سه‌ر یه‌كێتیدا ده‌گرێ یان نەخشەڕێگە بۆ كوردستان دادەنێن و بیرى پیلانگێڕی دەكاته‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پارتى ئەوە نەخشەكەیان به‌ده‌ردرى پارتى وته‌نى لە سلێمانی زیاتر بڕ ناكات و فیشه‌كێكى چروكه‌.
جگه‌ له‌وه‌ش پارتی تەڕەف نەبووه‌ لە لەتبوونی یەكێتی، تاوه‌كو ئێستا یه‌كێتى ئاماده‌بێت بۆ لێدانى پارتى ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕاندا بكات، به‌ڵكو نەوشیروان مسته‌فا یه‌كێتى لەتی كرد و دیاریشە بۆ لەتی كرد، ئێستایش كە یەك بگرنەوە ئەگەر بۆ مواجەهەی پارتی بێت ئەوە پێشتر ئەو ئەزموونە تاقی كراوەتەوە و هیچیان پێ نه‌كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش پارتى هێزێكى وا ئاسان نییه‌ قوتبدرێ به‌ڵكو ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ بكات ئێسقانه‌كه‌ى له‌ قوڕگیدا ده‌مێنێته‌وه‌ و خۆى ده‌خنكێنێ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌ى یه‌كێتى له‌ هه‌ولێر كه‌ مه‌حاڵه‌ بۆ چاوى ڕه‌شى گۆڕان له‌ده‌ستیان بدات.
Top