هەموویان بهێننەوە و سەفیرێك بنێرن

هەموویان بهێننەوە و سەفیرێك بنێرن
• زۆر سەیرم لێدێت ئەگەر دەوڵەت خۆی لە خۆیدا هەبێت و دەستووری هەبێت و ئەو دەستوورە زۆربەی هەرەزۆری دەنگدەرانی عێراق بە بەڵێ دەنگیان پێ دابێت، كەچی كاتێك كێشە دەكەوێتە نێوان كوردستان و حكوومەتی عێراقەوە، لە بەغداوە دێن و پێمان دەڵێن وەرنەوە بەغدا با ڕێك بكەوین. باشە كە دەستوور هەبێت ئەی ئیتر لەسەر چی ڕێك بكەوین؟ ئەی دەستوورمان بۆچی بوو؟

• لای خۆیشمان و لە كوردستانەوە لەو دەنگانە هەن كە دەڵێن ئێمە بەم مەرجانە دێینەوە بەغدا. واتە ئەوانەی دەڵێن بەمەرج دەگەڕێینەوە بەغدا ئەمە مانای ئەوەیە كە جارێ هەر دڵیان لای بەغدایە و جارێ هەر سەریان لە بەغدا دەخورێت! گرنگ ئەوە نیە تۆ باسی مەرج دەكەیت گرنگ ئەوەیە تۆ بەغداییت بەڵام بەمەرج! مادام وتت مەرج كەواتە شلیت و شلت كرد! بە قەناعەتی خۆم هەر كوردێك ئەمڕۆ لە ڕووی سیاسیەوە بەغدایی بێت بەخۆی بزانێت یان نا، ئەوەندەی تارانیە ئەوەندە كوردستانی نیە.

• هیچ بیانوویەك، هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەوەی كورد لە گەڵ بەغدا بمێنێتەوە تەنانەت بەو بیانووەشەوە كە دەڵێن جارێ شەڕی دژی داعش هەیە و داعش دوژمنی هاوبەشە و جارێ لەگەڵ بەغدا بمێننەوە. ئەگەر شەڕی دژی داعش بیانوو بێت بۆ ئەوەی لە بەغدا جیا نەبینەوە، باشە ئەی ئەوە نیە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش 63 دەوڵەتن؟ ئێ دەباشە مادام وایەو مادام شەڕی داعش هەیە با ئەو 63 دەوڵەتە واز لە سەربەخۆیی خۆیان بهێنن و دامودەزگاكانیان تێكەڵ بە یەكتر بكەن و ببن بە یەك دەوڵەت، قەیچێكا شەڕی داعشە سەربەخۆیی چیە؟ با ئەمریكا واز لە سەربەخۆیی خۆی بهێنێت و بچێتەوە ژێر دەستی بەریتانیا و ببێتەوە بە موستەعمەرەی بەریتانیا، ئێ قەیچێكا ئەی نەمانگوت شەڕی دژی داعشە؟ با هەموو دەوڵەتانی عەرەب واز لە دەوڵەتەكانی خۆیان بهێنن و بڕۆنەوە و بچنەوە سەر ئستانبوڵ، ئەی نەمانگوت شەڕی داعشە؟ 63 دەوڵەتی سەربەخۆ لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا شەڕی دژی داعش دەكەن، باشە چی دەبێت و چی دەقەومێت ئەگەر ئەو 63 دەوڵەتە دەوڵەتێكی تری لەسەر بێت و ناوی دەوڵەتی كوردستان بێت و ببێت بە 64 دەوڵەت؟ لە كاتێكدا هەر ئێستا كوردستان لەشەڕی دژی داعشدا لە بەشێكی زۆری ئەو 63 دەوڵەتە كاراترە.

• من بیروڕای خۆم دەڵێم و دەڵێم : نەك با هەر ئەندام پەرلەمانەكان نەڕۆنەوە بەغدا بەڵكو هەرچیەكیشمان هەیە لە بەغدا لە سەرۆك كۆمارەوە بیگرە هەتا خواری خوارەوە با هەر هەموویان بێنەوە كوردستان و لە گەڵ ئەوانەی كوردستاندا بەشدار بن لە خۆئامادەكردن بۆ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و هەر كاتێك كوردستان سەربەخۆ بوو و ئەو بەغدا كاول و وێرانەیەش دانیپێداناو ئامادەبوو وەك دوو دەوڵەتی دراوسێ و لەسەر بنەمای ڕێز لەیەكترگرتن و مەنفەعەتی هاوبەش مامەڵەمان لەگەڵدا بكات، با ئەو كاتە لەجیاتی هەموو ئەوانەی كە ئێستا لە كوردستانەوە نێردراون بۆ بەغدا، با لە جیاتی هەموو ئەوانە یەك سەفیری دەوڵەتی كوردستان بچێتە بەغدا و بەسە! بۆ كوردستان سەفیرێكی خۆی لە دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە هەموو ئەو كورسیانەی كە ئێستا كورد كە لەناو پەرلەمان و حكوومەتی عێراقدا هەیەتی گرنگترە و سەنگیشی زیاترە.



ئەو كورسیانەی ئێستای كورد لە بەغدا - هەرچەندە ئینكاریی لەوە ناكرێت كە هۆكاری دەرەكیی تێدایە - بەڵام زیاتر بۆ چاوبەستەكێ و مووچەخۆری و جارجارێكیش بۆ سنگ دەرپەڕاندنی فشەكەرانەیە.
Top