پارتی، (گۆڕان+یەکێتی)

پارتی، (گۆڕان+یەکێتی)
پێش هەموو شتێک دەبێت لەو راستییە تێبگەین کە دەبێت پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، چونکە کاری زۆر گرنگ هەیە دەبێت لە پەرلەمانەوە یەکلا بکرێنەوە، لەوانەیش ڕیفراندۆم و مانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پرسی بەپارێزگه‌بوونی شنگال و جیابوونەوەی دەشتی نەینەوا لە مووسڵ و هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستان، بۆیە تا پەرلەمان کارا نەکرێتەوە ناتوانرێت ئەمانە ئەنجام بدرێت، ئەنجامیش بدرێت ئاکامی نابێت چونکە بەرگی یاسایی ناپۆشێت.
هاوكات دەبێت کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی كوردستان کارا بکرێت و دەستەی کۆمسیۆن دەستبەکار ببن، چونکە قۆناغی گرنگ لە بەردەم کوردا واڵا بووە بەتایبەتی پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئەمە لەگەڵ ئەوەی دەبێت داواکاری گشتی کارا بکرێتەوە و ڕۆڵی خۆی ببینێت لە کۆمەلێک بابەتی گرنگ.
سەرجەم ئەو خاڵانەی باسکراون وابەستەن بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئاماژە سیاسییەکانی ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەمکاتەدا بووەتە محاڵ، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگیری لەسەر گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات و بزووتنەوەی گۆڕانیش تەواو دژایەتی دەکات، نە پارتی دەهێڵێت ئەو پۆستە بدرێتەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان و نە گۆڕان بە داواکاری ئەوان رازی دەبێت.
بۆیه‌ دەبێت ئاراستەی سێییەم لەم نێوانەدا بدۆزرێتەوە، ئێستا رێککەوتن و نزیکبوونەوەی گۆڕان و یەکێتی ئەرکی سەرشانی پارتی سووک کردووە، چونکە لە ئەگەری نزیکبوونەوەی ئەو دوو حزبە، چەند گریمانەیەک دێنە پێشەوە کە لەوە دەچێت دۆخەکە بگۆرێت، ئەوکاتە گۆڕان و یەکێتی دەتوانن دەرچەیەکی هاوبەش بدۆزنەوە، یا ئەوەتا یەکێتی و گۆڕان خۆیان وەک یەک لیست لە پەرلەمانی کوردستان ناو بنێن و لەو رێگایەوە کەسێکی تر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکەن کە بەربژێری هەردوو لیست بێت، کە ئەمە باشترین رێگه‌یە یەکێتی و گۆڕان رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کەسێکیتر لەناو خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بكه‌ن، دواتر ئەوان دەتوانن لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو کەسیان هەبێت، چونکە دواجار بە سەرۆکی پەرلەمانەوە ئەوکاتە سکرتێری پەرلەمانیشیان دەبێت کە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
بەم رێگه‌یە پارتی ئەرکی سەرشانی سووک دەبێت، لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕان بکات، ئەوکاتە مامەڵە لەگەڵ هێزێکی تر دەکات کە بە یەک پاکێجەوە لە بەرانبەری دەوەستێتەوە، بۆیە لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت گرفتی رێککەوتنی گۆڕان و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتیش چارەسەر بکرێت، چونکە یەکێتی بەهاوبەشی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانن پۆستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پڕ بکەنەوە لەڕێگه‌ی رێککەوتنێکی تازەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەر هاتوو لەناو خۆیشیاندا رێککەوتن دەکرێت بە ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی حکوومەت، گرفتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان چارەسەر بکرێت، بەجۆرێک جێگری سەرۆکی حکوومەت بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی، هەڵبەتە ئەمە پێشبینیکراو و گریمانەیە، بەڵام لە هەموو حاڵه‌تێکدا چیتر پارتی و گۆڕان وەک دوو هێزی سیاسی ناتوانن بەرانبەر یەکتری پرسی پەرلەمان و حکوومەت یەکلا بکەنەوە، بۆیه‌ باشترین بژاردە رێککەوتنە لە نێوان پارتی، (یەکێتی + گۆڕان)
هاوکات هاوکێشەیەکی تر هەیە دەکرێت کورترین رێگه‌ بێت لە نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکوومەت، ئەویش ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان دوو پاکێجی تازە یەکێکیان لەسەر پێکهێنانەوەی پەرلەمان و ئەویتر رێککەوتن لەسەر هەیکەلیەتی حکوومەت ئامادە بکەن و دووبارە لەگەڵ پارتی گفتووگۆ بکرێته‌وه‌، بە جۆرێک دەتوانرێت لەرێگه‌ی ئەو پاکێجانەوە هەردوو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکوومەت بێنه‌ گۆرین کە ئەوکاتە ئەو پاکێجانە دەبنە جێگرەوەی رێککەوتنەکانی پێشوو هەردوولا، دەکرێت ئەو پاکێجانە بۆ دەربازبوونی قەیرانی سیاسی کوردستان بێت، بەڵام ناوەڕۆكی پاکێجەکان ئەگەر هەبێت هەڵبگیرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی پرسی سیستەمی سیاسی کوردستان.
Top