بەراست یەکێتی و گۆران رێکەوتنێک ئیمزا دەکەن؟

بەراست یەکێتی و گۆران رێکەوتنێک ئیمزا دەکەن؟
بەدرێژایی ژياني سیاسی نەوشیروان مستەفا، ھەر کاتێک لە جەولە زۆرەکانی شەری براكوژي و ناوخۆ لەشاخەوە بۆ راپەرین، حزبەکەیان تووشی پاشەکشەی سەربازی بووبێت، خۆی لەپرسەکان دوورخستۆتەوە و ئۆباڵی شکستەکانی ھەڵنەگرتووە. ھەر بۆیە بەناچاری تاڵەبانی شانی داوەتەوە بەر دۆخەکان.

ئەمجارەش نەوشیروان مستەفا ھەمان کاری کرد، ئەوەتا کاتێک پایزی پار، بەتەمای شێواندنی دۆخی کوردستان بوو، چەند رۆژێک پێش ئاراستەکردنی گەنجان بەگژ بارەگاکانی پارتی، بەناوی چارەسەر، وڵاتی بەجێھێشت. ھەربۆیەش لە حەوت مانگ مانەوە لە لەندەن، وشەیەکی بۆ وەڵامی دۆخەکە نەبوو.

ئێستا نەوشیروان مستەفا لەکوردستانە و ھەم دیسان وەڵامێکی بۆ ئەم دۆخەش نییە، بەڵام کەسە توندرەوەکانی گۆران و یەکێتی بەجۆرە ئیستفزاییەکەوە باسی رێککەوتنی ئەم دوو حزبەدەکەن، زۆریشن ئەو دەنگانەی پێیان وایە جدیەت و ئەگەری رێککەوتني ئةم دوو حزبة، بۆ دامرکاندنەوەی ئاگری دڵی نەوشیروان مستەفایە، چونکە دۆران و پاشەکشەی گۆران لە پایتەخت و پرۆسەی سیاسی و بێ مام جەلالی شانسێکی ئەوتۆی بؤ رێکحەری گشتی گۆران نەھێشتەوە کەسی تر ھاوشێوەی بەدۆراندنی یەکێتی لەجەولەکانی شەری براکوژی بەرپرسیارتی بخاتە سەرشان، ھەر بۆیە ناچارە خۆی ھەولێک بدات.

جدیەتی گفتوگۆکانی ئەم دوو حزبە بۆ رێککەوتن ھەرچییەک بن، دواجار یەک راستی ئاشکرا دەبێت، ئەوەیش ئەوەیە نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی یەکێتی لەپارتی دووربخاتەوە، قوربانی بە گۆران دەدات، لە پێش ھەمووشیانەوە بەخشینەوەی پارێزگار بە ئاسۆ فەریدون، چونکە پێنج کاتژمێر گفتوگۆکەیان لە لەندەن، ئاماژەن گەر یەکێتی لەپارتی دوور بکەوێتەوە و جەولەیەکی تری نائارامی روو لەکوردستان بکات، نەوشیروان مستەفا دوو ساڵەکەی ھەڤاڵ ئەبوبەکر بەقوربانی ئاسۆ فەریدون دەکات.
Top