عوسمان ئۆجەلان: چەکی سەربەخۆی کوردستان بەدەست دێرین ترین حزب و بەهێزترین سەرکردە دایە
May 9, 2016
وتار و بیروڕا
سیاسەتمەدارێکی باکووری کوردستان ئاماژە بە دۆخی ئێستا ناوچەکە دەکات و دەڵێ: "کورد دەرفەتێکی باشی بۆ هاتووەتە ئاراوە و، نابێ لە دەستی دات و سوودی لێ وەرنەگرێ".
عوسمان ئۆجەلان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێککەوتنەکەی سایکسپیکۆ ١٠٠ ساڵی بەسەردا چووە؛ وەک دەزانین کورد لە سیستەمی ڕابردوو بوونی نەبوو حسابی بۆ نەدەکرا قەوارەی نەدەخوێنرایەوە، لە ئێران و سووریا و تورکیا و عێراق مافی کورد پێشێل دەکرا، بە تایبەتی لە عێراق پەیمانی سایکسپیکۆ بەسەر کورد فەرز کرا، ئەوەش بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی کورد بوو، بەڵام لە ماوەی ئەو ١٠٠ ساڵەدا گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە ڕووی دا، وای کردووە سایکسپیکۆ تێک بچێت و سیستەمێکی تازە بێتە ئاراوە."
دەیشڵێ: "ئێستا قۆناغەکان گۆڕاون پێشبینی دەکرێت ١٠٠ ساڵی داهاتوو ببێتە سەردەمی زێڕینی کورد؛ بەتایبەتی خەباتکردن بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان لەلایەن سەرۆک بارزانی و پارتی دیوکراتی کوردستان کە ئێستا هەموو هەوڵەکاین لەو بارەوە خستوەتە گەڕ هەرچەندە هەندێک وڵات دژایەتی ئەو هەوڵە دەکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە پارتێکی هەرە دێرین وەک پارتی سەرکردەیەکی زۆر بەهێزو کاریزما وەک بارزانی لەخەبات و تێکۆشانێکی گرنگن بۆ ئەو ئامانجە".
گوتیشی: "بارزانی دەیەوێت وەڵامی ملیۆنان تاکی کوردستان بداتەوە کە ڕۆژانە دەپرسن، کامە دەوڵەتمانە؟ کامە سەروەریمانە؟ کامە ئاڵامانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان؟ کە وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە هەم قوربانی دەوێت هەم ئازایەتی و تێکۆشینی دەوێت".
عوسمان ئۆجەلان ئەوەی خستە ڕوو "کە هەندێک کەس لەناو کوردان پەیدا بوونە دەڵێن دەوڵەتمان ناوێت! سەربەخۆبوونمان ناوێت! ئەوانە ئیستا لە حاڵەتی متبووندان؛ سڕ کراوون؛ دەبێت هۆشیار بکرێنەوە تێبگەیێنرێن کورد لە کوێدایە؛ ئەگەر زیاتر ڕوونکردنەوەشیان دەوێت ئەوە پێیان دەڵێن ئەوەی دوێنێ کورد خەوی پێوە دەبینی ئەمرۆ وا خەریکە دێتە دی خەوەکان دەبنە ڕاستی ڕاستییەکان بەچاو دەبینرێن."
دەشڵێت: "لەم قۆناغەدا پارتی و بارزانی چەکێکی زۆر بەهێزیان بەدەستەوەیە ئەویش پاکێجی بەدیهێنانی ئامانجەکانی کوردە لە چوارچێوەی سەربەخۆییی کوردستاندا".
ناوبراو پێشی وایە دەبێت ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد کاربکەن بۆ ئەوەی پشگیرییەکی زیاتری خەڵک بەدەست بهێنن بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیە.
کارزان سەباح هەورامی