عێراق وه‌كو وڵاتى دراوسێ

عێراق وه‌كو  وڵاتى دراوسێ
"بارزانى ره‌نگه‌ ئاماده‌بێ وه‌كو ده‌وڵه‌تێكى دراوسێ هاوكار و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانی عێراق بكات، به‌ڵام كوردستان ناكاته‌وه‌ به‌ عێراقى"
زۆر لایه‌نى سیاسى عێراقى داوایان له‌ سه‌رۆك بارزانى كردوه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌ربێت له‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراق، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ى پێشتریش كه‌ له‌ عێراق پێكهات له‌ دواى روخانى رژێمى عێراقه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد بوو، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى هێزى خۆیان بینى پشتیان له‌ كورد كرده‌وه‌ و هاوشێوه‌ى سه‌دام و نمونه‌كانى ده‌یانویست له‌ رێگه‌ى هێزه‌وه‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى سنوورى نێوان عێراق و كوردستان داگیربكه‌نه‌وه‌ و كورد بكه‌نه‌وه‌ به‌ میلله‌تێكى بنده‌ست له‌ عێراقى عه‌ره‌بیدا.
ئه‌و لایه‌نانه‌ عێراقیانه‌ ئێستا دڵنیان له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بارزانى رۆڵ له‌ دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌ى عێراقدا ببینێ ئه‌وه‌ تا ئاستێكى باش ده‌توانێ پڕۆسه‌ى سیاسى له‌و وڵاته‌ سه‌رپێ بخاته‌وه‌، چونكه‌ پێشتر دۆخى عێراق زۆر له‌ ئێستا خراپتربوو كه‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌ هه‌ولێر یه‌كخرانه‌وه‌ و حكومه‌تێكى به‌هێزیان بۆ پێكهێنرا، به‌ڵام ئه‌زموونى رابردوو ئه‌وه‌ى بۆ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان ده‌رخست كه‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ تایبه‌تیش شیعه‌كان له‌به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ زۆر دڵره‌ش و سفڵه‌ن و هه‌ركات هێز و ده‌سه‌ڵاتیان كه‌وته‌وه‌ ده‌ست و له‌ لاوازیدا نه‌مانه‌وه‌ ده‌ست بۆ ماف و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى كوردستان درێژ ده‌كه‌ن.
هاتنى سه‌لیم جبورى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق بۆ سلێمانى ئه‌و راستیه‌ ده‌رده‌خا كه‌ عێراقییه‌كان له‌ رۆڵى بارزانى وه‌كو ناوبژیوان و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراق بێئومێدبوون، چونكه‌ بارزانى ره‌نگه‌ ئاماده‌بێ وه‌كو وڵاتێكى دراوسێ هاوكارى پڕۆسه‌ى سیاسى عێراق بكات، به‌ڵام كوردستان ناكاته‌وه‌ به‌ عێراقى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سونه‌كان له‌ ترسى زاڵبوونى زیاترى شیعه‌كان له‌ عێراقدا به‌هه‌ر نرخێك بێ ده‌یانه‌وێ كورده‌كان له‌گه‌ڵیاندا بمێننه‌وه‌، به‌ڵام كاتێ بارزانى ئه‌وه‌ قبوڵناكاته‌وه‌ جارێكى دیكه‌ كوردستان ببێته‌وه‌ به‌ عێراقى، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ جبورى په‌نا بۆ سلێمانى و هێزه‌كانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌رێت كه‌ تا ئێستا ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاریان كه‌ رووبه‌ڕووى سوكایه‌تى زۆر بوونه‌ته‌وه‌ غیره‌تى ئه‌وه‌ ناكه‌ن بڵێن عێراقى نین و چیتر بۆ عێراقێكى شۆڤێنى و دواكه‌وتوو ناگه‌ڕینه‌وه‌، به‌ڵام لاى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان ئه‌وه‌ ته‌واو بووه‌ كه‌ كورد ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا ته‌نیا بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ى ئاشتیانه‌ نه‌بێ، عێراق ئێستا ته‌نیا وڵاتێكى دراوسێمانه‌.
Top