بارزانی هه‌مووان له‌به‌رده‌م بڕیاره‌ مێژووییه‌که‌ ڕاده‌گرێ!

بارزانی هه‌مووان له‌به‌رده‌م بڕیاره‌ مێژووییه‌که‌ ڕاده‌گرێ!
زۆر باسی ریفراندۆم ده‌كرێ، به‌ تایبه‌ت له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و میدیایی چه‌ند ساڵه‌ی پارتیدا، زۆر گرنگی به‌م پرسه‌ دراوه. له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیشدا لیژنه‌ی باڵای بۆ داناوه‌.
له‌ ڕاستیدا، ئه‌گه‌ر ئیمكانی ڕاپرسی، بۆ پرسێكی هێنده‌ گه‌وره‌ و چاره‌نووسسازی میلله‌تێك هه‌بێت، باشه‌ و پیرۆزه‌. ڕه‌نگه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش شایسته‌ی باشتر ڕێزلێگرتن و به‌رزنرخاندن بێت، به‌ڵام به‌ ڕای من، بۆ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی زاتی و مه‌وزوعیی هه‌رێمی كوردستان، ڕیفراندۆم هیچ پێویست نییه‌ و هه‌ق نییه‌ چیتر كات به‌ باسی ڕاپرسی بكوژین، ئه‌وه‌ی باسی بوونی هه‌لومه‌رجی سه‌د ده‌ر ‌سه‌د ده‌كه‌ن بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، نه‌باوه‌ڕیان به‌ خۆیان هه‌یه ‌و نه‌ ئاواتیشان سه‌ربه‌خۆییه‌، به‌ڵكو ته‌نها گاڵته‌ به‌ عه‌قڵی جه‌ماعیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن.
له‌ مێژوودا، هیچ میلله‌تێك هه‌لومه‌رجی پێرفێكتی بۆ هه‌ڵنه‌كه‌وتووه‌، ئینجا سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یاندبێت، سه‌ربه‌خۆیی خۆئاماده‌كردن و بوێری و ئیراده‌ی میلله‌ت و پڕۆژه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێویسته‌. به‌ڵام، هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ دواخستنی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌ جێی خۆیدا نییه‌، ناكرێ ئه‌م پرسه‌ مه‌زنه‌ به‌ كۆمه‌ڵێ كێشه‌ و ململانێی ناو په‌رله‌مان و ئه‌م حزب و ئه‌و حزب ببه‌سترێته‌وه‌.
ده‌سته‌واژه‌ بێ مه‌عنا و سوواوه‌كانی وه‌ك: ( دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌، په‌رله‌مان و باری لاری حكوومه‌تی بنكه‌ فراوان ڕاستبكرێته‌وه‌)!! پاساوی بێ بنه‌ما و نیازی به‌دناوكردنی قیمه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌و په‌ڕی ناحه‌زییه‌ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستان.
ئه‌وه‌ ده‌بینین، پارتی گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ حزبه‌كان ده‌كات، لێ چونكه‌ به‌شێك له‌ حزبه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی و ئایدۆلۆژیی حزبی و شه‌خسیی، خۆیان ئاوێته‌ی پرسه‌كه‌ كردووه‌، ئاسان نییه‌ هاوڕا نابن له‌سه‌ر كاتی ریفراندۆم و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، هه‌روه‌ك گوێله‌مستی وڵاتانی ئیقلیمیش ئه‌سپی خۆیان زیاتر له‌ دژی مه‌شروعی سه‌ربه‌خۆییدا تاوده‌ده‌ن و، ڕه‌نگه‌ بارزانیش ماندووتر بكه‌ن.
ئه‌نجام، ئه‌وه‌ حه‌تمیه‌تێكی مێژووه‌ كه‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، وه‌ك سیمبوڵێكی كاریزمایی و شه‌رعیی گه‌لێكی بێ ده‌وڵه‌ت، بڕیاره‌ مه‌زنه‌كه‌ ده‌دات. پتر چاوه‌ڕێی جه‌ده‌لی وه‌ختكوژی ئه‌و كه‌سانه‌ ناكات كه‌ له‌ ئه‌ساسدا بڕیاریانداوه‌ دژی پڕۆژه‌كه‌ی بارزانی بن و، ئه‌م بابه‌ته‌ تێكه‌ڵاوی بوغزوموزایه‌ده‌ی سیاسی بكه‌ن!
ئه‌وه‌ی گرنگتریشه‌، پارتی به‌و بڕیاره‌ پتر له‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی سه‌ربه‌خۆیی بخاته‌ به‌رده‌م ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی حاڵه‌تێكی یاسایی، ده‌یانخاته‌ به‌رده‌م ئیستیحقاقێكی مێژوویی. واته‌، تێپه‌ڕاندنی پرسی ڕیفراندۆم و ڕاسته‌وخۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، هه‌مووان ده‌خاته‌ به‌رده‌م دووڕیانی قبووڵ كردن، یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی. ئه‌وه‌ش، هه‌ڵوێسته ‌گه‌وره‌ مێژوییه‌كه‌یه‌، ئه‌وان بۆ مێژوو ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م ئه‌م پرسیاره‌: ئایا سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ی كورد ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌؟ یان قبووڵی ده‌كه‌ن؟.
دروستكردنی ئه‌و ته‌نگه‌ڵانی دووڕیانه‌ له‌به‌رده‌می حزبه‌كانی كوردستاندا، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ پارتی توانیویه‌تی هه‌موو كورد له‌به‌رده‌م بڕیاری مێژوودا ڕابگرێت. ئه‌وه‌ش بۆخۆی دروستكردنی مێژووی هه‌مووانه‌. به‌پێچه‌وانه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه‌، كه‌ بواره‌كه‌ی واڵاتره‌ بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌كان به‌ئاسانی ئه‌نجامه‌كه‌ی بگۆڕن و خۆیان له‌و ته‌نگه‌ڵانه‌ ڕزگاربكه‌ن و، دواتر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش بكه‌ن كه‌ جه‌ماوه‌ری كورد ئه‌وه‌ی نه‌ویست!!.
Top