رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان

رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان
گەر ھەواڵەکانی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان راستگۆیان تێدابوایە، دەمێک بوو ئەم دوو حزبە نەک رێککەوتن بەڵکو لە مێژبوو یەکێان گرتبووە. بەڵام ئەم پرسە ھەمیشە وێردی سەر زمانی بەشێکی سەرکردەکانی ھەردوو لایانە و راگەیاندنەکانیان بەردەوام باسی دەکەن. لەبەر ئەم ھۆکارانەش دەکرێت لەم گۆشە نیگایەوە قسەیەکی لەسەر بکەین.

رێکەوتنی نێوان ئەم دوو ھێزە کە خاوەنی ھەموو شتێکی ھاوبەشن و میراتێکی لەمێژینەیان ھەیە قورسە بتوانن تەنھا لەبەر دابەشکردنی میراتەکەیان رێککبەون یان ببنەوە یەک حزب.

روونە ئەم دوورخستنەوەی پارتی لەھەولێر و دھۆک بەرامبەر گۆڕان کردی و ناردیەوە زۆنی خۆیان، شتێک نییە بە یەکێتی چارەسەر بێت، یان یەکێتی بتوانێت چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخەی گۆڕان بکات. لە ئێستادا ئەم ھۆکارە بەسە بۆ ئەوەی نەتوانن ھیچ رێککەوتنێک ئیمزا بکەن، خۆ ئەگەریش کردیان ئیتر ئاساییە زۆر بەخێرایی لەسەر جێبەجێکردن کێشە بکەوێتەوە نێوانیان و بکەونەوە ئەو یەکتر تاونبارکردنەی لە ٢٠٠٥ەوە لەناو سەرکردەکانیان ھەیە.

دوورکەوتنەوەی مام جەلال لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان، بێ کاریزمایی سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕانی سەلماند، دەرکەوت ئەوان ھەرگیز ناتوانن ئەو رۆڵە بگێرن کە تاڵەبانی لەسیاسەتەدا دەیکرد. زیاتر لەمەش بێ مام جەلال دەرکەوت کە سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕان بەبێ تاڵەبانی بێ رۆڵ و پێگەن و ئەگەر پێشتر خاوەن قورسایەک بووبن لەسایەی کاریزمای مام جەلالەوەیە نەک ھی خۆیان. دەریشکەوت بێ ئەو ناتوانن بەیەکەوە ھەڵبکەن.

سەیربکەن چۆن نا کاریزمایی نەوشیروان مستەفا گۆڕانی بەچ دۆخێک گەیاند، بەجۆرێک بۆ جەماوەرەکەی خۆشیان وەڵامێکیان نییە. ھەرچی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدیشە ھێندەی بەدوای زەوتکردنی میراتی یەکێتییە بۆ باڵەکەی ھێندە خەریکی ھیچی تر نییە.

ئەم ھۆکارانە پێمان دەڵێن ئەوان ناتوانن یەکبگرن، لەبەر ئەم ھۆکارانە.
١: رەنگە باسکردنی رێککەوتن تەنھا بۆ دڵخۆشی جەماوەرەکانیان بێت.
٢: بۆ بەرێکردنی کات بێت، بەتایبەت کە ھەم یەکێتی و ھەم گۆڕان ناچارن لەگەڵ واقیعی سیاسی کوردستان ھەڵبکەن، نەک ئەوەی ئەوان ویستیان لە ٢٣ی حوزەیرانی پاردا بیگۆڕن.
٣: ئاراستەی خیتابی راگەیاندنی ھەردوولایان و راگەیاندنە سێبەرکانیان بەو ئارستەیە کە رێکەوتنیان بۆ دژایەتی پارتییە, کە ئەمەش کارێک نییە بەئاسانی تێپەرێت.
Top