زڕەخەونەکەی لڤین.. به‌م پاشخانه‌ ته‌ڵخه‌وه‌، لافاوی میلله‌ت بۆی هه‌ڵناستێ

زڕەخەونەکەی لڤین.. به‌م پاشخانه‌ ته‌ڵخه‌وه‌، لافاوی میلله‌ت بۆی هه‌ڵناستێ
سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی لڤین، كه‌ خۆی له‌ به‌ره‌ی میدیای دژه‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان و دژه‌ پێشمه‌رگه‌ فیتنه‌گێڕ ده‌ناسێته‌وه‌، له‌ پێشه‌كی بڵاوكراوه‌كه‌یدا وتارێكی به‌ ده‌سیسه ‌و ڕاسپارده‌ نووسیوه‌ و، به‌ چیرۆكێكی خه‌یاڵی، فاڵی بۆ چۆنێتی هاتنه‌وه ‌و پێوقه‌ده‌می نه‌وشیروان مسته‌فا گرتۆته‌وه‌. ئه‌و خه‌ونی به‌وه‌ بینیوه‌، هاتنه‌وه‌ی موهه‌ندیسه‌كه‌ی كونسوڵكوشتن و ڕفێنه‌ری بیانییه‌كان به‌ وێنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیمام خومه‌ینی . بوایه‌.!! له‌ ڕاستیدا، ئه‌و دیمه‌نه‌ خه‌یاڵییه‌ی له‌ چاوه‌ڕوانی و زاكیره‌ی لڤیندۆسته‌كاندا ده‌خولایه‌وه‌، هه‌ر له‌ چاوه‌ڕوانی (گۆدۆ) ده‌چێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ڕاسته‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ شكل هاتۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ناوه‌ڕۆك كۆتاییهات.! مێژوو پێمانده‌ڵێ؛ كۆتایی هاتنی كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان، به‌ جه‌سته‌ نییه‌ به‌ ئیشه‌، كه‌سایه‌تیی زۆر هه‌بوون، ساڵانی زۆریش له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتاندا ماونه‌ته‌وه‌، لێ له‌ ڕووی سیاسی و كه‌سایه‌تییانه‌وه‌ كۆتاییان هاتووه. بۆیه‌، چاوه‌ڕوانیی لڤین و هه‌وادارانی گره‌وكردنه‌ له‌ سه‌ر ئه‌سپی دۆڕاو، به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌مێكه‌ كۆتایی هاتووه‌ و جارێكی دیكه‌ ئه‌و ژماره‌ نییه‌ و نابێ له‌ نه‌خشه‌ و ڕیزبه‌ندی نوێی سیاسیی كوردستاندا . ئه‌م سه‌روتاره‌ی لیڤین، وتاری به‌كرێگیراوێكی ئه‌ودیوه،‌ كه‌ به‌ دوای ته‌نها یه‌ك شتدا داده‌گه‌ڕێ، ئه‌ویش نانه‌وه‌ی پشێوی و ئاژاوه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌ چۆن بتوانێ كێشه‌ بۆ سه‌رۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دروستبكات، سه‌رله‌به‌ری وتاره‌ ڕاسپێردراوه‌كه‌ خولانه‌وه‌یه‌كی كورتبینه‌ و، تاكه‌ مه‌رامی گێره‌شێوێنییه‌ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان. بۆیه،‌ وه‌كچۆن له‌ هه‌گبه‌ی به‌تاڵی نه‌وشیرواندا هیچ نه‌ماوه‌، له‌ هه‌گبه‌ی شرۆڤه‌كاره‌كه‌شیدا، ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێ كرێگرته‌ییه‌.! ئاخر نه‌وشیروانێك له‌ هه‌موو ژیانیدا دارێكی خێری بۆ ئه‌م كوردستانه‌ نه‌خستبێته‌ سه‌ر به‌ردێك و، له‌ وه‌ختێكیشدا زۆربه‌ی ئه‌و كێشه‌ و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌دا هاتوون، ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی ئه‌ودا بووه‌، خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی چیی لێ بكات،.؟ مێژووی هاوچه‌رخی كوردی شاهێده‌؛ كه‌ خه‌تای نه‌وشیروان بوو، هه‌ڵه‌بجه‌ كیماباران كرا، كاتێك ئه‌و به‌ ماتۆرسكیل پاسداری ئێرانیی بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی شه‌ریكه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك و ته‌قاندنه‌وه‌ی به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان هێنا، بۆیه‌ شاڵاوی ئه‌نفال ده‌ستیپێكرد. بۆیه،‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كاكی ده‌ربار، گه‌ره‌كیه‌تی له‌ شێوه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك ئیمام خومه‌ینیدا وێنای بكات، داینه‌مۆی شه‌ڕی ناوخۆ و خاوه‌ن ئیمتیازی كه‌لتووری میدیای زبر و توندوتیژییه‌، بۆیه‌ ئه‌و خومه‌ینی ئاسا نییه‌، به‌ڵكو شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ لافاوی جه‌ماوه‌ری له‌ دژی هه‌ڵبسێ، نه‌ك بۆی هه‌ڵبستێ! كاسه‌لێسه‌كه‌ی كاكه‌ نه‌وه‌، باسی ڕاپه‌ڕینی سڵیمانی و نه‌وشیروان ده‌كات! ئێستا زۆر دره‌نگ نییه‌ و خه‌ڵكی سلێمانی و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان شاهێدی ئه‌و ڕاستییه‌ن كاتێك سلێمانی ئازاد كرا، هێشتا نه‌وشیروان له‌ زه‌ڵێوه‌ نه‌گه‌یشتبووه‌ قه‌ڵادزێ، هیچ ڕۆڵێكیشی له‌ ڕزگاریی سلێمانیدا نه‌بووه‌. كه‌ وتیشیان جه‌نابیان حه‌زی له‌ قه‌ره‌باڵغی و پێشوازیی خه‌ڵك نییه‌، هه‌قی خۆیه‌تی.!! كه‌سێك به‌م پاشخانه‌كاره‌ساتبار و ته‌ڵخه‌وه‌ ناوی له‌ مێژوودا تۆمار كرابێت، چۆن ڕووی دێ بڵێ، كه‌ڕنه‌ڤاڵی پێشوازی و ته‌داره‌كی جه‌ماوه‌ریم بۆ ڕێكبخه‌ن.
Top