عێراق لە زاخۆ هەتا فاو

عێراق لە زاخۆ هەتا فاو
ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان عێراق ووڵاتێک بوبێت لە زاخۆوە دەستی پێکردبێت و لە فاو کۆتایی هاتبێت، ئەوا ئەم ڕووداوەی ئەم دواییەی پەرلەمان لە بەغدا ئەم دەوڵەتەی کردە ئەفسانەیەک.
ئەفسانەیەک هەمووی تاڵی و ناخۆشی جا بۆ هەندێک ناخۆشییەکەی لە پێشەکی ئەفسانەکەدایە و بۆ هەندێکی دی لە کۆتایەکەیدا.
لە عێراقدا ئەمڕۆ داد و یەکسانی هەندێ دز و جەردە سەرپەرشتی دەکەن کە هەر ووڵاتەکەیان نادزن بەڵکو وەک دەریالووشیان لێهاتووە و هەموو شتێک هەر هەڵدەلووشن ووڵاتیان وشک کرد، ئەمەش دواڕۆژێک بە دوای خۆیدا دەهێنێت لە ئەمڕۆ زۆر ڕەشتر.
ئێمە دەبێت لێرەدا بۆستین و جارێک و دوان و سیان بە خۆماندا بچینەوە کە چیدی لەسەر عێراق هەژمار نەکرێین، چونکە عێراق ناوێکی ڕەشە لە لە جیهاندا بە پێچەوانەی کورد و کوردستانەوە.
هەڵسوکەوتی عێراق هەر لە کۆنەوە هەتا ئێستا لەگەڵ کورد زۆر ڕەشە و هەموو حکومەتەکانیش کە ئەم ووڵاتەی بە ڕێوە بردوە یەک لە یەک بۆگەنتر و چەپەڵتر بوون و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ بووە کە لە سەرەتاوە هەر دژە کورد بوون.
ئێمە چیدی نابێت بە زۆرەملێ خۆمان بلکێنین بە بەغداوە خۆ وەک کورد دەڵێت ( خزمایەتی بە زۆر ناگیرێت).
پەرلەمانتارەکانمان لە بەغدا بە شێووەیەکی ترسناک ڕزگاریان بوو بە جۆرێک کار گەیشتبووە ئەوەی لە تاو ئەوەی نەکەونە دەستی عێراقی بکەونە کوشت و بڕی یەکتری، بەڵآم هەر باش بوو ڕزگاریان بوو و نەگەیشتن بەو پەرلەمانتەرە ئۆکرانییەی کە جەماوەر فڕێیاندایە تەنەکەی خۆڵەکەوە.
من لێرەدا لە خەمی پەرلەمانتارەکانی عێراقدا نیم من لە خەمی کەرامەتی پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدام، چونکە ئێمە نەک پەرلەمانتارەکانمان بەڵکو مناڵێکی نەفامیشمان بەرزتر و پیرۆزترە لەوەی بکەوێتە ناو ئەو ڕەوشە.
ئاخر خۆ لەو ڕۆژەی کە لایەنگرانی سەدر دەستیانکرد بە مان گرتن دەبوایە هەموو پەرلەمانتارەکانی بەغدا ئەم ڕۆژە ڕەشەیان لە بەرچاو بوایە، خۆ ئەوان بۆیە بونەتە پەرلەمانتار چونکە زیرەک و دووربینن.
ئێمە نەک تازە هەر عێراقی نین بەڵكو عێراق دوژمانە، کاتێک (حەشدی شەعبی) هەرچەند دەکات دەرەقەتی داعش نایەت و چاوەڕێی دەستی کوردن موسڵیان بۆ ڕزگار بکات، کەچی کە ئەگاتە سەر باسی کورد هیچ دوور نییە لەگەڵ داعش یەک بگرن بۆ لەناو بردنی کورد، ئەوانە بۆ کورد یەکێکیان ڕاوچییە و یەکێکیان گورگ چاوەرێی خواردنمان دەکەن .
ئێمە دۆستمان نییە عێراقی هەر بەتەمایە کورد هەر ژێردەستەی ئەوان بێت، پێیان خۆش نییە ببینە خاوەنی هێچ شتێک، ئەگەر بزانن خەوێکی خۆش دەبینین بۆیان بکرێت ناهێڵن بشنوین.

Top