هەمووی لەلایەک و شەرەفپارێزەکەی ئاڵآ تاڵەبانی و رەنگین لە لایەکیتر

هەمووی لەلایەک و شەرەفپارێزەکەی ئاڵآ تاڵەبانی و رەنگین لە لایەکیتر
عیراق پیاوێکی خوێڕیە و کوردیش ژنێکی بە وەفا ،
لە کۆتاییدا کورد بەسەری کۆت و پێی پەتی دەرکرایە دەرەوە لە بەغدا !
لایەنە باشەکەی ئەم ڕووداوانە ئەوەیە کە ئیتر شەرمە بۆ کورد باسی گەڕانەوە و مەرکەزیەت بکات و فرمێسک بۆ عیراقی موەحەد بڕێژێت و ئەو سەرکردە سیاسیانەی باسی هەیبەت و گەڕانەوەیان بۆ بەغدا دەکرد ئیتر دەبێت شەرم دایانگرێت .
لایەنە خراپەکەش ئەوە بوو کە بەداخەوە دەرکەوت کە ئەو پەرلەمانتارانە کە بە قسە و فەرمانی سەرکردایەتی حیزبەکانیان لە بەغدا بەرگریان لە مەرکەزیەت دەکرد و باسی هەیبەتی عیراقی موەحەدیان دەکرد کاتێک کەوتنە تەنگانەوە کەس بە هانایانەوە نەچوو و چاکەت و لەچک و پێڵاویان کەوتە دەستی ئەو خوێڕی و هەمەجانە.
من مەبەستمە باسی ئاڵا تالەبانی بکەم ،چونکە وەک ژنە پەرلەمانتارێکی کورد یەکێک بوە لەو دەنگە کەمانەی کە کاریگەری خۆی هەبوو و زۆ جار لە هەڵوێستەکانیدا جێگای شانازی بوە.
کاکی پەرلەمانتار هەر بە راستی خۆی لێ بووە بە پێشمەرگە و پاڵەوانێتی خۆی بەوە نمایش دەکات کە بڕیار بوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەست دوژمنانەوە ئاڵا و رەنگین بکوژێت و دواتر خۆی بکوژێت!
جا بۆ عارەق نەڕێژین کاتێک ئاڵا خانیش سەری ڕەزامەندی بۆ وتەکانی دەلەقێنێت!
ئاخر خۆ ئەگەر بڕیار بێت خۆت بکوژی تا نەکەویتە دەست دوژمنان، کامەیان شەرەفمەندانەترە؟
ئەم پرسیارە بۆ ئاڵآ خانە : بۆچی لە و حاڵەتەدا کامیان شکۆمەندانەتر دەبوو ؟
خۆکوشتن بە دەستی خۆت یان خۆدانە دەست ئەو پیاوەی پاڵەوانانە دێت دەبێتە پارێزەری شەرەفی تۆ ،
دەمانجەکە بە دەستی خۆتەوە بێت ؟
یان بەدەستی ئەویترەوە؟
جا ئەوی تر پیاو بێت یان ژن لێرەدا گرنگ نیە ،


بۆچی دەبێت ئەو وێنە ناشرینەمان بە کوردایەتی پێ بفرۆشنەوە کە پیاوەکە بۆ پارێزگاریکردن لە شەرەفی ژنەکان ئەیانکوژێت و دواتریش خۆی دەکوژێت!
مەگەر هەزاران ژنی کورد نەبوونەتە قوربانی بۆ هەمان عەقڵیەت و لەبەر هەمان هۆکار نەکوژراون لەبەر ئەوەی "ژن ناتوانێت شەرەفی بیپارێزێت و دەبێت پیاو پارێزگاری لێ بکات" ؟
جا زۆر بە باوەڕەوە پێداگیری دەکات و دەڵێت ئێمە پێشمەرگەین !
ئێوە پێشمەرگە نین ، ئێوە خاوەن پلەو پایە و پۆستن و ئەوانەی دەنگ و هەڵوێستیان هەبوە لە پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا پەنجەکانی دەستێک تێپەڕ ناکەن و ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە ،
تاقە پاڵەوانێتیەک کە جەنابت خەریک بوو بیکەیت و خوا ڕەحمیکرد لە کلکی گەڕایەوە ئەوە بوو کە تۆش ببیتە بکوژی دوو ژنی کوردی تر و ئەوانیش بچنە ڕیزی ئەو هەزاران ژنەی کە لە بارودۆخی جیاوازدا بەڵام بە پشتبەستن بە هەمان عەقڵیەتی " ئێمەی کورد خاوەنی شەرەف وکەرامەتین " کوژراون!
Top