قسەیەك لەمەڕ قسەكانی كاك عەدنان و عامری
May 2, 2016
وتار و بیروڕا
لێرەدا هەوڵدەدەم بە كورتی رای خۆم لە بارەی ئەو ئاگربەست و پێوەندییە هاوبەشە دەرببڕم. سەرەتا كاك عەدنان بە جۆرێك لە جۆرەكان گلەیی لە راگەیاندنی كوردستان كرد و دەیویست بڵێ: ڕێی گونجاویان نەگرتۆتەبەر و دەبوایە راگەیاندن و میدیاكاران رێنیشاندەر بن، نەك بەو جۆرەی رەوشەكەیان روماڵ كرد.
ئەم دەربڕینە جێی هەڵوەستەیە، چونكە ئەگەر میدیا ڕێنیشاندەر بێ، ئاخۆ سیاسییەكان ئیشیان چییە؟ راگەیاندن كاری گواستنەوەی زانیارییە بۆ هاووڵاتیان نەك رێپیشاندان، رەنگە هەڵە و كەموكورتی لێرەو لەوێ هەبێ، بەڵام مانای ئەوە نییە ئەركی قورسی هەڵەی سیاسی بەرامبەر ئەو شارە قارەمانە بخرێتە سەرشانی جۆرناڵیستان!
هادی عامری زۆر لەوە زیاتر ڕۆیشت و كاری گەیاندە دەرچوون لە هەموو عورف و عادەتێك و وەك داعش و حەشدێكی چەكداری مەیدانی شەڕ بە دەق گوتی: «هەندێك لەو ڕاگەیاندنە پیسانە» مەبەستی میدیای كوردی بوو. من نازانم كاك عەدنان بۆ وەڵامی نەدایەوە، چونكە ئەوە ڕاگەیاندنی كورد نییە پیس بێ، بەڵكو ئەوانەن كە لە جیاتی شەڕی داعش دێن سەر و ماڵی كورد حەڵاڵ دەكەن و دەیسووتێنن و گەنج و خەڵكی ئێمە شەهید دەكەن.
لایەنی دووەمی بابەتەكە پێوەندی بەوە هەیە ئاخۆ پێویستی دەكرد وەفدی كوردی پێی باش بێ قونسوڵی ئێران لە كێشەی شارێك میانگێڕی بكات؟! ئەمە لە كاتێكدا ئێران پشتیوانی حەشدی شەعبییە و تەنانەت لەو شارە كوژراویان هەیە!
دەربارەی هادی عامری كە لوتفی هەبووە و لە بەغداوە تەشریفی هێنابوو، قسەیەكم نییە. بەڵام دەپرسم: دوای رووخانی ڕژێمی بەعس و هاتنە سەركاری شیعە وەك دەسەڵات لە عێراق كەی لەگەڵ كورد بەڵێنەكانیان بردۆتەسەر؟ هەر كاتێك لاواز بووبن، هانایان بۆ هیناوین و ئەو ساتانەی بەهێز بووبن دژمان وەستاونەتەوە، تەنانەت ئەگەر گوشاری سەرۆك بارزانی نەبووایە، مالیكی دەیگوت: دێم بۆ هەولێر. پاشان كێ مووچەی بڕیوین؟ كێ نانی پێشمەرگەی قەتع كردووە؟ كێ لە كەركووك و دەوروبەری هەڕەشەیە؟ ئاخۆ بۆچی یەك بارەگای حزبی كوردی لە سەعدییە نییە؟ داخۆ تاڵانكەرانی كورد و سەروماڵیان لە جەلەولا (گوڵاڵە) كێ بوون؟ هێزی لەم جۆرە جێی ئەمان و متمانە نییە. من ناڵیم دانوستان نەكرێ، وەلێ بڕیاربوو حەشد لەو شارە نەمێنێ، نەك پێشمەرگە بچێتە دەرەوەی شارەكە.
هیوادارم بۆچوونەكانم هەڵە بن و كۆبوونەوە (یەكلاكەرەوەكە) نەبێتە دانیشتنی سەدلاكەرەوەی بێ دەرەنجام.