نهێنی پشت ڕووداوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران؟؟

نهێنی پشت ڕووداوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران؟؟
ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوویدا پەیامێک بوو. ئەوەندە بۆ ناوماڵی شیعە بوو بۆ کورد نەبوو، چونکە لەو رێگایەوە "موقتەدا سەدر"، دووپەیامی ئاراستەی ڕکابەرەکانی کرد، پەیامی یەکەم بۆ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیران پێشووی عێراق بوو، کە هەوڵی جددی دەدات، بگەرێتەوە بۆ سەر دەسەڵات چونکە حزبەکەی یەکەم دەنگی هێناوە لە عێراقدا، بۆیە دەبینین مالیکی بەڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق دڵخۆش نییە!! چونکە باش دەزانێت شەڕی موقتەدا سەدر، بۆ بەهێزبوونی پێگەی سیاسی خۆیەتی لە عێراق، هەرلەم رێگایەوە سەدر پەیامێکی گەیاندە مالیکی بەوە ناتوانێت جارێکی دیکە بەئارەزووی خۆی بگەرێتەوە سەر دەسەڵات، هەرئەم هۆکارەش بوو پەرلەمانتارانی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگرتن کشانەوە، چونکە پێیان وایە دواجار ئەجێندای مانگرتوان لەبەرژەوەندی مالیکی دەشکێننەوە، پەیامی دووەمی سەدر بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق بوو، بەوەی فەرمانی دا بە خۆپیشاندەران بچنە ناوچەی سەوز و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیامەکە ڕوونە سەدر ویستی بڵێت ئەگەر هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت بچێتە ناو گەورەترین دەسەڵاتی یاسایی و جێبەجێکردنەوە، و دەتوانێت کاریگەری لەسەر دروست بکات.بۆیە پەیامی سەدر بەدیاری کراوی بۆ ناوماڵی شیعەبوو.
رەهەندی دووەمی ڕووداوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە بوو کە لایەنێکی سیاسی بەشێوەیەکی تاکرەوانە دەیەوێت عێراق بەرەو هەڵدێرببات لەهەمان کاتدا هەرئەو لایەنە پەیامێکی ڕوونی دایە سەرجەم لایەنەکان، بەوەی عێراقی شەراکەت نەماوە، چونکە بەبێ رەچاوکردنی ئیرادەی گەلی کوردستان هەوڵ دەدەن خۆیان بکەنە نوێنەری خەڵکی کوردستان و لە جیاتی خەڵکی کوردستانیش بڕیار بدەن، ئەم عەقڵیەتە بەهەمان شێوە لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی دیکە دەستاو دەست دەکات کە پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەو لایەنە کوردستانیانەی کە دەیان گووت (گرفتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا پەیوەندی بە ناکۆکی کەسەکانەوە)، هەیە وەک ئاماژەیەک بەوەی ناکۆکی نێوان "مەسعود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان و "نوری مالیکی"، سەرۆکی حزبی دەعوەوە گرفتەکەی دروست کردووە نەیان دەپرسی بودجەی کوردستان بۆ بڕدرا؟ پشکی پێشمەرگە بۆ نەدرا؟ رێگری لە هەناردەی نەوت دەکرا؟.
بینیمان لەسەر دەمی دەوڵەتی یاسا، چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد کرا دەشبینین ئێستا سیاسەتی عێراق چۆنە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، کەواتە هەموو هاوکێشەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە عێراقی تازە ناتوانێت پێکهاتەکانی لەخۆی کۆبکاتەوە و دەرکەوت سیاسییەکانی عێراق لەبەڕێوەبدرنی حوکم فاشلن، چونکە لەماوەی ١٤ ساڵی رابردوو تۆ نەتوانی عێراقی بونیاد بنێیت کەواتە گەرەنتی ناکرێت بەیان ساڵی دیکەش ئامانجی عێراقییەکان بێنیتەدی.
دواخاڵ ئەوەیە کە ئێستا پرۆژەیەکی هەمەلایەنە هەیە بەوەی دووبارە هێزی هاوپەیمانان بگەرێتەوە بۆ عێراق و سوننە گەیشتوەتە ئەو باوەڕەی جیابوونەوەیان وەک هەرێمێکی سەربەخۆ لەعێراقدا قازانجی ئەوانە، چونکە دواجار هەر بەرپرسیاریەتێک هەبێت خۆیان هەڵی دەگرن، بۆ ئەوانەیش ئاسانترە چونکە نزیکن لە هەرێمی کوردستان بە نزیک بوونەوەشیان لە کوردستان دەتوانن سود لە پێشکەوتنەکان وەربگرن، ئێستاش هەندێک سەرکردەی سوننەی عێراق بەنیازن پێشنیاری ئەوە بکەن کە دوای نەمانی داعش چی بکەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان تا بتوانن ئەو بیرۆکە سەرکەوتووی کوردستان دووبارە بکەنەوە بۆ ئەمەش بەشێوەی جۆراو جۆر چەندین پێشنیار و پرۆژە ئاراستەی بارزانی کراوە کە باشترین بژاردە کە بارزانیش پشگیری لێدەکات ئەوەیە کە گەرەنتی بدرێتە پێکهاتەکانی ناوشاری موسڵ و ناوچە سوننە نشینەکان بەجۆرێک دەبێت بەشێوەی هەرێم یان پارێزگای جیاواز ئەو ناوچانە بەش بەش بکرێت و خۆیان بریار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن بەم شێوەیە دەسەڵاتی تاکڕەوی لە عێراقدا ناتوانێت تەحەکم بەسەر هەموو پێکهاتەکانەوە بکات ناشزانرێت دوای نەمانی داعش ئایندەی عێراق لەبەرداشی شەڕی شیعە و شیعە سوننە و سوننە بەرەو کوێوە دەڕوات.
Top