كورد ناگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا

كورد ناگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا
"كاتى ده‌ست خستنه‌ ناو ده‌ستى یه‌كتریه‌ به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ى كه‌ چیتر تیایدا پله‌ دوو بێگانه‌ نین".
هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان كه‌وته‌ ملمڵانێى نورى مالیكى له‌سه‌ر پێنه‌دانى حه‌قه‌ به‌شى كوردستان له‌ رووى دارایی و سیاسى، دۆخه‌كه‌ش به‌ره‌و ئاڵۆزى زیاتر رۆیشت به‌وه‌ى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى شیعه‌كان درێژكراوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى رژێمى به‌عسى روخاوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان، بارزانى رایگه‌یاند "هیچ شتێكمان له‌گه‌ڵ عێراقدا نه‌ماوه‌"
به‌ڵام هه‌ندێ سه‌ركرده‌ى حزبه‌كان و حزبه‌كان بڕوایان وابوو كه‌ دۆخى عێراق به‌و شێوه‌یه‌ نامێنێته‌وه‌ و گۆڕانكارى به‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تى حوكمڕانى ده‌وڵه‌تى عێراقدا دێت، له‌وه‌یاندا حه‌قى خۆیانبوو چونكه‌ بۆ كورد تازه‌بوو له‌ وڵاتێكدا به‌ناوى عێراق په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستى هه‌بێ، ، به‌ڵام هه‌ر له‌دواى ئه‌وه‌ شیعه‌كان نه‌ك ئاماده‌نه‌بوون پۆسته‌كانى كورد و حه‌قه‌به‌شه‌كه‌ى به‌پێى قورسایی خۆى له‌ په‌رله‌مانى عێراق بده‌ن، به‌ڵكو بڕیارى بڕانى بودجه‌ى كوردستانیشیاندا، به‌و شێوه‌یه‌شیان هیچ مانایه‌كى كوردستان له‌گه‌ڵ عێراقدا نه‌مایه‌وه‌، كه‌ ته‌نیا به‌ بودجه‌ به‌سترابووه‌وه‌ و له‌ رووى سیاسیه‌وه‌ كوردستان خاوه‌نى پێشمه‌رگه‌بوو عێراقیش ئاماده‌نه‌بوو بودجه‌ و حه‌قه‌ به‌شى پێشمه‌رگه‌ش بدا.
بارزانى له‌مه‌شیاندا زۆر هه‌وڵیدا لایه‌نه‌كان بگه‌ن به‌و راستیه‌ كه‌ "هیچ شتێكمان له‌گه‌ڵ عێراقدا نه‌ماوه‌" به‌ڵام هه‌م دیسان هه‌ندێ سه‌ركرده‌و لایه‌ن هاتنه‌وه‌ سه‌ر خه‌ت و پێشنیازى مانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ عێراق كرد، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و لایه‌نانه‌ بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌مانه‌وه‌یان له‌ عێراق ده‌هاتن سه‌ركۆنه‌ى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستانیان ده‌كرد له‌وه‌ى كه‌ پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كانى له‌ گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ركات ئاماده‌ى رێككه‌وتن بێت ئه‌وه‌ به‌غدا ئاماده‌یه‌ حه‌قه‌ به‌شى كوردستان بدات، بارزانى له‌وه‌شیاندا پشوو درێز بوو به‌رده‌وامى به‌و دۆخه‌ ترازان و نه‌ترازانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق دا.
ئه‌وه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو له‌ عێراق روویدا ئیتر هیچ مانا و به‌هانه‌یه‌كى بۆ مانه‌وه‌ى كورد یان گه‌ڕانه‌وه‌ى كورد له‌ به‌غدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌، ئیتر ئه‌مجاره‌یان حه‌قى سه‌ركردایه‌تى كورده‌ كه‌ هه‌رلایه‌نێك بیه‌وێ بۆ به‌غدا بگه‌ڕێته‌وه‌ وه‌كو خائین و نۆكه‌ر وه‌سفى بكات، به‌ڵام به‌ بڕواى من ئه‌مجاره‌یان هیچ حزب و گروپێك نابێته‌وه‌ به‌ عێراقى و هه‌مووان له‌و په‌نده‌ كوردیه‌ گه‌یشتن "ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵ بكه‌ى بێگانه‌ په‌رستى، دوایی هه‌ر دێنیت نشوستى"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتى ده‌ست خستنه‌ ناو ده‌ستى یه‌كتریه‌ به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ى كه‌ چیتر تیایدا پله‌ دوو و بێگانه‌نین.
Top