ڕۆڵى بارزانى لە گۆڕینى هزرى دەمارگیرى

ڕۆڵى بارزانى لە گۆڕینى هزرى دەمارگیرى
سەرۆک، هەوڵى ئەوەى داوە لە دراوسێکان و وڵاتانى بیانى تێبگەیەنێت کە ژیانێکى ئارام و سەرزەوینێکى گەشەسەندوو مافى ئاسایی و ئینسانى نەتەوەى کوردە و بۆیەیشە لەم ڕاستەیەدا وا کارى کردووە کە باشوورى کوردستان نمونەى جوانى سەرزەوینێکى گەشەسەندووى نێو جەرگەى جیهانى سێیەم و پاشکەوتوو و دژە دیمۆکراسییەتى دنیا بێت و هەولێریش لە نێو ئەم سیاستە حەکیمیانەیەدا خۆى بکاتە دەستەخوشکى شارە مەزن و پێشکەوتووەکانى دنیا و کۆمپانیا زەبەلاحە گڵۆباڵەکان هەڵپەى بەشداریکردنیان بێت لە بنیاتنانى شارێکى مۆدێڕنى نمونەیی لە نێو وێرانییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناڤین. ئەم بڕوا بەهێزەى وڵاتانى پێشکەوتوو و دیمۆکراس هەر لەو کاتەوە چەکەرەى کردووە کە (دانیەڵ میتران) دەیگوت:"کوردەکان بە هۆى باوەڕى بەهێزیان بە دیمۆکراسى ڕاستەقینە، لە ئێمەوە زۆر نێزیکن." *
هەر ئەم هەوڵانەى سەرۆک بارزانى بوون کە کێشەى کوردیان وەک ئەو برینە سەرئاوەڵەیە نەهێشتووەتەوە کە هەمان ئەو خانمە فەڕەنسى و دۆستەى کوردە باسى لێوە دەکرد کە خەمى کورد جار جارە لە تەلەفزیۆنە ئەوروپی و ڕۆژئاواییەکانەوە نیشان بدرێت، بەڵکو ئێستا بە فەرمى قسە لەسەر وڵاتانى کوردان دەکرێت.
ئەوە هەر سەرۆک بارزانییە کە ویست و ئیرادەى بەهێزى تاکى کورد و نەتەوەویستى ئەم گەلەى لە نێو گەندەڵیەت و لەقوڕداچەقیوى عێراق و ناوچەکەدا بەرز کردووەتەوە و بەو جارجارە بەگوڵداهەڵخستنەى ویستى سەربەخۆیی و جیابوونەوە، ئەو ئامادەییە ستراتیژییەى کردووە کە ئێستا ئیتر کەس هەناوى لە ڕاگەیاندنى دەوڵەتى کوردى نەلەرزێت و بکەوێتە دژایەتیکردنى.
بۆیە لە سایەى ئەم سیاسەتە حەکیمانەیەى سەرۆک بارزانى، ئیتر ئێستا تاکى کوردستانى هەرێمى کوردستان، لە نێوان هاوپەیوەندى میللى و هاوپەیوەندى نەتەوەیی، هى دووەمى هەڵبژاردووە، چونکە کورد نایهەوێت هەمان سیاسەتى وڵاتانى دراوسێ دووبارە بکاتەوە و عەرەب و تورکمان و کریستیان و ئەرمەنییەکان لەبیر بکات، بەڵکو تەنانەت ئیش لەسەر ئەوەیش کراوە کە ئەم نەتەوانە تەنیا لە نێو کورددا توانیویانە بگەنە خواستە کەمەنەتەوایەتییەکانى خۆیان و بە بوونى کورسى کۆتا و تایبەت لە پەرلەمانە کوردییەکەى ئەم هەرێمە و بە ئازادى ڕەها لە خوێندن و مامەڵەى نەتەوەیی دەتوانن خۆیان بسەلمێنن و بمێننەوە، بۆیە ئەوانیش ئێستا بە قەدرا کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتى کوردیدا هەن و ئەم یەکدەنییە کوردستانییە یەکێکى دیکەیە لەو کۆڵەگە بەهێوانەى گوزەر بەرەو دامەزراندى دەوڵەتى کوردى.
بۆیە لەبەر ڕۆشنایی گشت ئەو هۆکار و بنەما بەهێزانە لە دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى، تەنیا شت کە ماوەتەوە (بڕیاردان)ـە. زۆر جاران هەندێک لایەنى نەتەوەیی دەمارگیر و یا بەرژەوەندیخواز گلەیی لە سەرۆک دەکەن کە بۆچى "بڕیارى سەربەخۆیی" نادات، بێئاگا لەوەى کە بڕیاردان زانستێکى سیاسییە و لە پشت هەر ڕووداو و یا وەرچەرخانێکى سیاسییەوە کۆمەڵێک بڕیاردان خۆیان حەشار داوە. بڕیاردان بە واتاى هەڵبژاردنە لە نێوتان چەندین ئەگەردا، بۆیە سەرۆک بارزانى ئەوە دەزانێت کە پێویستە تاکى کوردى هێندە پەلە نەکات لەو بڕیاردانە تا گشت ئەگەرەکان تاوتوێ بکرێن، چونکە خەباتى سەرۆک و پارتیش هەر لەم پێناوەدا بووە و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەى کە هەر چوار فاکتەرە (سیاسى)، (تەکنیکى)، (ئابوورى) و (فەرهەنگی)ـیەکەى هەرێمى کوردستان ئامادەن، بەڵام بڕیاردانى کۆتایی کە نێزیکە، پێویستى بە هەندێک وردەکارى زیاترە کە دەبێت لەوە دڵنیا بین کە پارتى لەمەدا غافڵ نییە.


* بزووتنەوەى نەتەوەى کورد و ویستى سەربەخۆیی ـ کریس کۆچێرا ، لاپەڕە 2
Top