پیلانێکی مەترسیدار بەڕێوەیە

پیلانێکی مەترسیدار بەڕێوەیە
زانیاری تەواو لەبەردەست هەیە کە شەڕوپێکدادانی ئەم دواییەیی پەرلەمانی عێراق بەفیتی هەندێک وڵاتانی هەرێمی بووە، کە بەسەر پەرشتی "نوری مالیکی"، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئەنجامدرا و چەند پەرلەمانتارێکی کورد کەوتە تەڵەکەوە. پیلانەکە ئەوە بوو کە بڕیار وابوو "نێچیرڤان بارزانی"، بۆ بابەتی پرسی جیابوونەوە و فرۆشتنی نەوتی کوردستان لەگەڵ بەغدا گفتووگۆ بکات، دەوڵەتی یاسا ئەمەی پێی قبوڵ نەکرا هەوڵی دا سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەت وەربگرێت بۆ ئەوەی پرسی گفتووگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو ئاقارێکی مەترسیدارببات، هەرزوو سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەو پیلانە ئاگاداربوو، بۆیە داوایانکرد کورد نەکەوێتە ناو ئەو چوار چێوەیەوە، لەهەمان کاتدا ئاراستەی مەترسیەکە بەشێوەیەک بوو مەترسی کودەتا هەبوو، ئەمەش ترسی بۆسەر لیستی سەدرییەکان و "موقتەدا سەدر"سەرۆکی رەوتی سەدر دروستکرد و هەرزوو ئەوانیش کشانەوە.
ئەو عەقڵیەتەی لەبەغدا بوو دەیەویست کاربکات بۆ ئەوەی کە دووبارە مالیکی و دارودەستەی بگەرێنەوە بۆ سەر دەسەڵات، لە کاتێکدا ئێستا ئەولەویەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکات بۆ ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە و رێگا چارەیەک بۆ دەربازوون لەقەیرانی دارایی بدۆزرێتەوە، گومان دەکرێت بەلاڕێدابردنی پەرلەمان و حکوومەت لەم کاتەدا بۆ ئەوە بووبێت کە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو ئاقارێکی مەترسیداربەرن، بەتایبەتی گرژکردنەوەی پەیوەندی دوولایەنە و دوورکەوتنە لەو لێگەیشتنەی ئێستا هەیە لەنێوان هەردوولا.
ئەو گورزەی هەوڵدرا لە سەرۆکی حکوومەت و هەرێمی کوردستان بدرێت ئەوەیە کە زانیاری تەواو لەبەردەستە کە دەوڵەتی یاسا کەسێک بۆ وەزیری نەوتی عێراق دیاری بکات کە دۆسەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان تێکەڵ بکات و گرفت دروستبکات، چونکە پێشووتر "حوسێن شەهرستانی"، وەزیری نەوتی عێراق بەبەرپرسانی کوردستانی گوتووبو فشارێکی زۆری سەرکردایەتی دەوڵەتی یاسایی لەسەرە لەهەمان کاتدا هەوڵێکی جددی لەلایەن مالیکییەوە هەیە بۆ ئەوەی برینی بودجەی کورستان ببێتە پرۆژە یاسا و وەک یاسا جێگیربکرێت واتە کودەتاکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فرە رەهەند بوو گەورەترین رەهەندی لێدان بوو لە نییەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ گفتووگۆ.
Top