خەباتى نەتەوەیی کورد لە گشت شوێنێکى خاکى کوردستان، ئەوەى سەلماند کە کوردەکان ناکەونە بن ئیرادەى نەتەوەکانى دیکەوە و ئەمەیشیان بۆ دنیا ڕوون کردەوە کە ئامادەن لەبەرامبەر نیشتمانەکەیان خۆیان بە کوشت بدەن و بەرگرى لە دۆزى ڕەواى کورد بکەن و هەر ئەمەیش واى کرد کە تێهزرینە بنەماییە نیشتمانییەکان لە سەرکردەکانى کورددا ڕەنگ بداتەوە و بیکەنە هەتوانى برینە مێژوویەکانى کورد و ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتن. مەلا مستەفاى خوالێخۆشبوو، زۆر باش لەوە گەیشتوو کە ئەم پرسە مەزنەى کورد تەنیا نابەسترێتەوە بە هەندێک لایەنى مرۆڤی و مافەکانى تاکەوە، بەڵکو وەک پرسێکى بان ناوچەیی سەیرى پرسى نەتەوەکەى خۆى دەکرد و هەر ئەمەیش واى کرد کە سنوورەکان ببڕێت بۆ مانەوەى تینى خەبات هەوڵ بدات و قۆڵ هەڵماڵێت تا لە پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکانیدا ئەم پرسە بکاتە بناغەى خەبات و خواستى خۆى و ئەو نەتەوەییەى کە لەسەر خاکى خۆى بە بێگانە هەژمار دەکرێت و هەر ئەو خەباتە بوو کە سەلماندى بێ ئارامى و ئۆقرەگیرى نیشتمانى و نەتەوەیی کوردان، ئاشتى لەم ناوچەیەدا مەیسەر نابێت. ئەم هۆشیاریی و ئاگادارکردنەوەیشبە پلە و هێواش هێواش ڕەوتە مێژووییەکانى خۆى بڕیوە و سروشتى خۆى نەگۆڕیوە و وەک چۆن هەموو خەبات و گۆڕانەکان ڕەوتە مێژووییەکانى خۆیان دەبڕین ئەوجا مەیسەر دەبن، دەنا لە نیوەدا دەپووکێنەوە و ناگەنە ئامانجى خۆیان. خواستەکانى نەتەوەیی کوردیش لاى سەرکردە ئایینى و سیاسییەکان پلە بە پلە هاتوون و لەبیر نەکراون و یەکڕاست لە سەرەتاوە نەگوازراونەتەوە بۆ سەربەخۆیی، بۆ نمونە هەر لە شێخ (عوبەیدوڵڵاى نەهرى) لە نامەکانییەوە بۆ دوکتۆر (کۆشران)ـى میسیۆنێرى ئەمەریکى لە ورمێ تا شێخ (عەبدولسەلامى دووەمى بارزانى) و دامەزراندنى قۆتابخانەى کوردى لە گوندەکان و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنى (جۆرجى پێنجەم) بۆ تێگەیشتن لە چارەسەرکردنى پرسى کورد تا دەگاتە (قازى محەمەد) و دامەزراندنى حکومەتێکى خۆماڵى نیمچە ئازاد لە ماوەى یانزە مانگ و دواتر شێخ (مەحمودى حەفید) لە و دامەزرادنى دەسەڵاتى کوردى لە ماوەى دوو ساڵ و دواتریش مەلا مستەفاى خوالێخۆشبوو و ئێستایش سەرۆک بارزانى، هەموویان تەواوکەرى ئەو ڕەوتە بوون کە ئێستا ئیتر خواستى بەدەوڵەتبوونى کورد بگاتە چڵەپۆپەى خۆى و هەر ئەم هەنگاوە دوور و درێژە مێژووییە و چەندین جار پووکانەوە خەبات و وێرانکردنى کوردستانى نیشتمان خۆیان دەلالەتن لەوەى کە ئەم ڕەوتە دروست هاتووە و ئیتر بوارى یەک هەنگاو گەڕانەوە نییە و دەبێت بڕواتە پێشەوە و ئامانجى خۆ بپێکێت. ئەم ئامانجە ئێستا دەبێت لە درێژترین حکومەتى مەدەنى کوردى لە مێژوودا واتە حکومەتى هەرێمى کوردستان فۆرموولە و بێتە دى، هەر ئەمەیشە وا دەکەن کە ئەم نەتەوەیە بخەنە چوارچێوە نامومکینەوە لە توانەوەو لەنێوبردنى. وەک چۆن نەتوانرا ئیسرائیل لە هەناوى دەوڵەتە ئیسلامى و عەرەبەکاندا بتوێنرێتەوە، بۆیە هەروایش ناتوانرێت کورد لە هەناوى ئەم چوار دەوڵەتە داگیرکەرەى دەورى کوردستان بتوێنرێتەوە، نەخاسمە ئێستا کە یەکێ لەو دەوڵەتانە ـ عێراق ـ لەنێوچووبێت و یەکێکى دیکەیش ـ سوریا ـ دواهەناسەکانى خۆى بدات و یەکێکى دیکەیش ـ تورکیا ـ ملى دابێت. کەواتە ئەم چوارچێوەدارکردنەى کورد تێکشکاوە و ناشتوانرێت وەک جارانى لێ بکرێتەوە، چونکە سەقامگیریى ئابوورى و کۆمەڵایەتى خواستى گەلانى هەموو جیهانە. ئێستا هەرێمى کوردستان سەرچاوەى ئارامى ئابوورى و خۆشگوزارنییە نەک بۆ کورد لە هەرێمەکە بەڵکو بۆ وڵاتانى دەوروبەریش.
وەک (میشێل فۆکۆ) دەڵێت سەربەخۆیی، حەقیقەتێکە کە لە دەرەوەى میکانیزمى دەسەڵات و هێزەوە نییە*، بۆیە ئێستا ئەم میکانیزمە لە هەرێمى کوردستان وجودى هەیە و دەسەڵاتى ئابوورى واى کردووە کە داگیرکەر ئەو وجودە حەقیقییەى خۆى پشتگوێ بخات و ڕوو لە نان و ئاو بکات، کوردیش بەمە هەلێکى باشى بۆ ڕێکدەکەوێت تا ئاڵوگۆڕى فەرهەنگى و سیاسى بەسەر ئەو وڵاتەدا بهێنێت و ئەمە شیاوترین و حەکیمانەترین سیاسەت و ستراتیژى چەسپاندنى ئیرادەى نەتەوەیی کە لەمەدا سەرۆک بارزانى ڕۆڵى سەرەکى دەگێڕێت.