سه‌ربه‌خۆیی كوردستان حه‌تمییه‌!

سه‌ربه‌خۆیی كوردستان حه‌تمییه‌!
"دابه‌شكردنى موسڵ بۆ سێ پارێزگا مه‌رجى سه‌ركردایه‌تى كورده‌ له‌ شه‌ڕى داعش و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و پارێزگایه‌".


"عێراق پیاوێكى مردوه‌ و به‌ هه‌موو دونیا زیندوو نابێته‌وه‌، واده‌ى دابه‌شكردن و رێككه‌وتنه‌ و ئه‌و حزب و سه‌ركرده‌یه‌ى كورد كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییدا نه‌بێت، له‌گه‌ڵ عێراقدا ده‌خرێته‌ گۆڕه‌وه‌"


ئێستا كه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان و ئیسرائیل و سعودیه‌ و زۆرێك له‌ وڵاتانى دونیا دان به‌ روانینى بارزانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و ناوچه‌كه‌دا ده‌نێن و ته‌نانه‌ت داواشى لێده‌كه‌ن هاوكاریان بكات له‌وه‌ى كه‌ دابه‌شبوونى عێراق به‌ قۆناغێكى ساردو ئاشتیدا تێپه‌ڕێ، دۆخى وڵاته‌كه‌ بۆ هه‌موولایه‌ك له‌ به‌رچاو بگیرێت و نه‌گات به‌وه‌ى خوێن و شه‌ڕ سنووره‌كانى جیاوازى پێكهاته‌كان دیارى بكه‌ن، ئێستا ئه‌مریكا و ئه‌وروپاییه‌كان پێداگیرى له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ عێراق هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌، ته‌نیا مه‌به‌ستیانه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌ى له‌سه‌ر حسابى جیهان نه‌بێت و ئه‌وروپاییه‌كان ترسیان له‌ شه‌پۆلى كۆچڕه‌وى هه‌یه‌ و ئه‌مریكاییه‌كانیش نایانه‌وێ جیهان سه‌رزه‌نشتى ئه‌وه‌یان بكات كه‌ ده‌ستى ئه‌وان له‌و دۆخه‌دا هه‌بووه‌ كه‌ رووده‌دات، به‌شێوه‌ك هه‌مووان ده‌یانه‌وێ به‌ ئاشتى پڕۆسه‌كه‌ بگات به‌ خاڵى كۆتایی و شه‌پۆلى تیرۆریش په‌ره‌ نه‌سێنێ، هاوپه‌یمانان و ئه‌وروپاییه‌كان و ئه‌مریكا ده‌یانه‌وێ ئیداره‌ى ئه‌و لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌ بكه‌ن له‌ نێوان ئه‌و سێ پێكهاته‌یه‌ى كه‌ عێراقى لێ پێكهاتووه‌ كه‌ سونه‌ و شیعه‌ و كورده‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ واده‌ى ئه‌وه‌یه‌ گه‌لى كوردستانیش به‌ هه‌موو ره‌نگ و جیاوازیه‌كانه‌وه‌ پشتیوانى له‌ روانینه‌كانى بارزانى بكات و له‌و خه‌ته‌وه‌ مافه‌كانى به‌ده‌ستبهێنێ كه‌ به‌ سه‌دان ساڵه‌ لێى زه‌وت كراوه‌.



پێش شه‌ڕى داعش و دواى شه‌ڕى داعشیش و ئێستاش سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردسىتان كه‌ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رابه‌رایه‌تى ده‌كا، له‌سه‌ر یه‌ك خه‌ت سیاسه‌تى كردوه‌ كه‌ ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و جیابوونه‌وه‌ بووه‌ له‌ عێراق ئه‌وه‌ش داواى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ عێراق هیچ مانایه‌ك له‌گه‌ڵیدا بۆ شه‌راكه‌ت و هاوبه‌شى نه‌ماوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێش شه‌ڕى داعش ئه‌گه‌ر له‌ بیرتان بێت له‌ شوێنى ئێستاى داعش و حه‌شدى شه‌عبى قواتى دیجله‌ و سوپاى عێراق هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ كورد و ناوچه‌ سنووره‌یه‌كانى باشوورى كوردستان ده‌كرد، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وكات ده‌ستیان بڕۆیشتبوایه‌ و توانایان هه‌بووایه‌ هاوشێوه‌ى داعش ده‌هاتن و قه‌تلوعامى كورد و كوردانى ئێزیدى و توركمان و مه‌سیحیه‌كان و هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و پێكهاتانه‌یان ده‌كرد كه‌ ئاماده‌نه‌بوون ببن به‌ كۆیله‌و ژێر ده‌سته‌یان.


ئه‌وكات و پێش داعش كاتێك بارزانى رووبه‌ڕووى ئه‌و ده‌ستدرێژى و خۆسه‌پاندنه‌ى مالیكى و ئه‌و هێزانه‌ى عێراق وه‌ستایه‌وه‌ زۆربوون ئه‌وانه‌ى وتیان كه‌ كێشه‌كانى بارزانى شه‌خسین، ته‌نانه‌ت ئه‌وكات ئه‌مریكا و وڵاتانى ئه‌وروپا و هه‌موو ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ پشته‌وه‌ى كورده‌وه‌ ده‌بینرێن فشاریان بۆ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان ده‌هێنا كه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا رێكبكه‌ون وه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ كورده‌ ئاماده‌نییه‌ رێكبكه‌وێ، به‌ڵام ئێستا هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كانى هاوپه‌یمانى ئه‌مریكاشه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و خه‌ته‌ى كه‌ بارزانى و گه‌لى كورد به‌دواى چاره‌سه‌ریدا گه‌ڕاون له‌ ناوچه‌كه‌، چونكه‌ یه‌كپارچه‌یی عێراق خۆى له‌ ئه‌سڵدا كه‌ رێككه‌وتنى بۆ كراوه‌ له‌ سایكس بیكۆ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بووه‌، كاتێك كوردى كردوه‌ به‌ ژێر ده‌سته‌یی و وڵاتان و نه‌ته‌وه‌ى دیكه‌ى به‌سه‌ردا فه‌رزكردوه‌.


قۆناغى ئێستا كه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ ئه‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵیدا نه‌بێت دواتر وه‌كو سفرى دواى فاریزه‌ به‌ ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه‌ به‌ حه‌تمى و ئێستا هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ پشتیوانیان له‌ یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كرد، له‌وه‌ گه‌یشتوون ئیتر عێراق پیاوێكى مردوه‌ و نه‌وه‌كو به‌وان به‌ڵكو به‌ هه‌موو دونیا زیندوونابێته‌وه‌.



ئێستا قۆناغه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ رێككه‌وتن بكرێ بۆ دابه‌شكردنى عێراق و له‌و رووه‌وه‌ به‌ ته‌وافق سنووره‌كانى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستان دیارى بكرێ، پێشنیاز هه‌یه‌ عێراق ببێت به‌ سێ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ و پێشنیازى دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌ى كۆنفیدڕاڵى ئه‌و سێ ده‌وڵه‌ته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بمێننه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ى كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ده‌گه‌نه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ پێویستان به‌ مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدا نامێنێ، ئه‌و پێشنیازه‌ له‌ هه‌مووان زیاتر پاڵپشتى هه‌یه‌، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا پرسى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان یه‌كلابووه‌ته‌وه‌ و موناقه‌شه‌ى تیانه‌ماوه‌، ته‌نیا ده‌یانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌ك بێت به‌رژه‌وه‌ندى كوردستان دابین بكات و ئه‌وانى دیكه‌ش نه‌خاته‌ خه‌ته‌ره‌وه‌، بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ش گرتنه‌وه‌ى موسڵ له‌ عێراقدا له‌ پێشه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كانه‌، چونكه‌ به‌بێ موسڵ عێراق ناتوانێ به‌قۆناغێكى سارد و ئاشتیدا لێكهه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ش هه‌موو هاوپه‌یمانان چاویان له‌ تواناى پێشمه‌رگه‌یه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وت سوپاى عێراق ئه‌و توانایه‌ى نییه‌ كه‌ ناحیه‌یه‌ك كۆنتڕۆڵ بكاته‌وه‌، حه‌شدى شه‌عبى و هێزه‌ عێراقییه‌كانى دیكه‌ش ئه‌جێندایه‌كى ئێرانین و سه‌ره‌ڕاى كه‌متواناییان هاوپه‌یمانان نایانه‌وێ پشتیان پێ ببه‌ستن، بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ش پێشنیاز هه‌یه‌ كه‌ دابه‌ش بكرێته‌ سه‌ر سێ پارێزگا، به‌شێوه‌یه‌ك شنگال و ئێزیدیه‌كان خاوه‌نى ئیداره‌ى خۆیان بن له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆی كوردستان، مه‌سحیه‌كان و توركمانه‌كانى ده‌شتى نه‌ینه‌وا خاوه‌نى ئیداره‌ى خۆیان و سه‌نته‌رى موسڵیش بۆ كورد و سونه‌كان بێت و ئیداره‌یه‌كى هاوبه‌ش هه‌بێ، كه‌ ئه‌وه‌ مه‌رجى به‌شدارى پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ گرتنه‌وه‌ى موسڵدا و بارزانى به‌ روونى ئه‌وه‌ى له‌ هاوپه‌یمانان گه‌یاندووه‌.
Top