مشکێک لە پشت درەوچی بێت هەر چاکە
April 23, 2016
وتار و بیروڕا
هەتا کەی چاوەڕوانی چاکسازی بین ئەگەر ئەمڕۆ یەکەم هەنگاو نەنێین
با چاوەڕێی نە حکومەت و نە یاسا بین بە زۆر چاکمان بکەن، با خۆمان دەست پێبکەین درەنگە .. زۆر درەنگە.
ئەگەر هەمومان هەر کاربەدەست و یاسا بەرپرس بکەین لە هەموو خراپەیەک، ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە گەمژە و نەفامین، کوێراییمان داهاتووە و پێویستمان بە یەکێکە دەستمان بگرێت یان بە زەبری یاسا بمانبات بە ڕێوە.
دەی خۆت بیر بکەرەوە و لە خۆتەوە دەست پێبکە، تۆ چاو لە خراپەی خەڵک مەکە با خەڵک چاو لە چاکەکانی تۆ بکات.
کورد بۆ بەخۆی نازانێت کە رقی لە خۆیەتی؟ ئەگەر ڕقی لە خۆی نەبێت چۆن ڕقی لە ووڵاتەکەیەتی؟ زۆر زیاتر لە نیوەی ئەم گەلە ڕقی لە ووڵاتەکەیەتی، ئەگینا ئەگەر ڕقی لە ووڵاتەکەی نییە بۆ ناشرینی ئەکات بە هەموو جۆرێک؟
بۆ ئەبێت یاسا بەسەرمانا بسەپێنێت ژینگە بپارێزین و دەوروبەرەکەمان پیس نەکەین، ئەی خوا بۆ مێشکی داوە پێمان ؟
ئەی کە یاسا و حکومەت مۆڵەتی شۆفێریان پێداین خۆ هەموو یاساکانی هاتوچۆیان فێرکردین ئەی کەواتە بۆ هەتا پارەی سەرپێچیمان لێنەسێنن پابەند نابین بە یاساکانەوە؟ هەڵبەت ئێمە بیر ناکەینەوە .
نەخێر بیر ناکەینەوە هەموو هەر دەڵێن (خوا کەریمە)، بەڵێ خوا کەریمە بەڵام کە زانی ئەو مێشکەی داویەتی پێمان بەکاری ناهێنین سەرەونوگممان دەکات.
نە خێر ئێمە ووڵاتەکەی خۆمانمان خۆش ناوێت
بۆ نازانین کە دەبێت مناڵەکانمان لە پەنجەرەی ئۆتۆمۆبیلەکەوە سەر نەهێنێتە دەرێ چونکە لەوانیە لە وەستانێکی بە پەلەیا بپەڕێت ؟ بۆ چاوەڕێین پۆلیسی هاتووچۆ سەرپێچی بنوسێت ئەوسا مناڵەکە لەسەر کورسی دابنێین و لەسەر خەتی ڕێکی جادەکە بڕۆین و هۆڕن نەژەنێنین .
لە خۆتەوە دەست پێبکە نەخێر جار جار ئامۆژگارییەکی ئەوەی تەنیشتیشت بکە پێی بڵی شەرمە دەست مەکە بە لوتدا ، پێی بڵی خۆشتن و پاک و خاوێنی لە ئیمانەوەیە ، بیری بخەرەوە خەڵکی دی گوناهی چییە ئەم هەموو شێوە سەیر و ناشرینانە ببینێت و ئەم هەموو بۆن و بەرامەیە بکرێت بەسەریانا.
لە خۆتەوە دەست پێبکە و چاوەڕێی یاسا مەبە بە زەبر پێت بکات، ئاخر یاسا مافی ئەوەی نییە بە تۆ بڵێت ئەوەندە تەماشای کچی خەڵکی مەکە ئەمە پێی دەڵێن بەد رەوشتی، ئەوە دەبێت خۆت بزانیت ئەوە ناشرینە، توخوا جار جار فێری دەور و پشتەکەشتی بکە بە هەر شێوەیەک بێت تێیان بگەیەنە کە ئەم هەموو تێڕوانینە پێش هەموو کەس سوکایەتیی کردنە بە خۆت .
دەی خێرا دەست پێبکە
فێری مناڵەکەت یان باوکت بکە جنێودان شەرمە، هاوار کردن و دەنگی بەرز ناشرینە، لە ناوەڕاستی جادە ڕۆشتن نابێت ئەی کەواتە شۆستە بۆ کراوە؟
با تۆزێک خۆمان هیلاک بکەین و لەو کلتورەی چەندها ساڵانی شەڕی عێراق و ئێران و کوەیت و شەڕی ناوخۆ فێری کردوین بێینە دەرێ.
با خۆمان یارمەتی خۆمان بدەین، با چاوەڕێی دەستی یاسا و حکومەت و حیزب نەبین، ووڵات ووڵاتی خۆمانە ،خاک خاکی باو و باپیرانمانە ، هەر ئەو خاکەیە نێرگز و گوڵاڵە سورەمان پێدەباخشێت، ئاخر چۆن دڵت دێت ناپاکی بەرانبەر بکەیت و هۆکەی بخەیتە سەر شانی کەسانی دی.
ووڵات ووڵاتی خۆمانە هی تاک نییە، با ئێمە لە خۆمانەوە دەست پێبکەین و چاکسازی بۆ بکەین، ئەگەر چاکسازییەکانیش زۆر نەبن بەڵام وەک پەندی پێشینان دەڵێت ( مشکێک لە پشت درەوچی بێت هەر چاکە).