ڕۆژی ژینگەی کوردستان و کیمیا بارانی دۆڵی بالیسانی خۆشناوەتی

ڕۆژی ژینگەی کوردستان و کیمیا بارانی دۆڵی بالیسانی خۆشناوەتی
ھەڵدانەوەی ڵاپەرەکانی مێژووی گەلی کورد پڕ بووە لە نەھامەتی دەردە سەری و ساتە مەرگی ژیان بە تایبەتی دانیشتوانی لادێ نیشینەکان، ڕژێمی پێشوو زۆر جۆرە ڕێ و شوێنی گرتۆتە بەر بەرامبەر بە کورد بۆ ئەوەی بە ئازادی ڕای خۆیان دەرنەبڕن، ھەموو جۆرە ئەشکەنجەداانێکی بەرامبەر بە دانیشتوانی ئەم ناوچانە بەکارھێناوە، ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەیی،وەکو دوورکەوتنەوەی زۆر لە خێزانەکان بۆ شوێنێکی نادیارو دەرەوەی ھەرێم، دوور کەوتنەوەیان لە کەس و کاریانسەڕەڕای تێکچوونی ماڵیان ، ڕاگواستنیان لە زێدی باوک و باپیریانیان،لە دەرھاویشتەدا تووشی نەخۆشیەکی دەروونی بەردەوام دەبوون،گەورەترین لەو تاوانانەی بەرامبەر بە لادآ نیشینەکان کرابێت کیمیا بارانی دۆلی بالیسانی خۆشناوەتی بوو، کە بۆ یەکەمین جار ئەم چەکە کوشندەیە بەرامبەر ئەو ناوچەیە بەکار ھێناوە، ئێوارەی ١٦/٤/١٩٨٧ ڕژێمی ڕوخاوی بەعس شێخ وەسان و بالیسانی کیمیا باران کرد، واتە دۆڵی بالیسانی خۆشناوەتی یەکەمین قوربانی چەکی کیمیاویە، ئەو کیمیا بارانکردنە ٢٦٤ ھاوڵاتی شەھید و زیاتر لە ٤٠٠ ھاوڵاتی بریندار بوون، لە یادی ئەو ڕۆژە ویژدان ھەژێندا، ھەرچەندە حوکمەتی ھەرێم کەمتەر خەم بووە بەرامبەر بە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە،دەبوایە شوێنێکی یۆتۆپیایی بوایە واتە وەکو مەملەکەتێکی خەیاڵی بوایە لە خۆشی وێنەی نەبوایە، چونکە گوند نیشینەکان و دۆلی بالیسان بە تایبەتی لانەی شۆرشگێران بووە، زۆربەی زۆری بەرپرسەکانی کوردستان لەو ناوچانە ژیانیان بە سەربردووە، لە سەر خەڵکی ئەو دەڤەرە ژیاون، بەڵام گەورەترین دیاری حوکمەتی ھەرێم کە پێشکەشی ئەو ناوچەی کرد بێت دیاری کردنی ڕۆژی کیمیا بارانی دۆلی بالیسان بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، ئەوەش جێگەی دڵخۆشی بووبۆ دانیشتوانانی ئەم ناوچەیە، بەو واتایەی کەڕۆژی ١٦/٤/١٩٨٧ ئەو ناوچەیە بە چەکی کیمیاوی تاقیکراوەو خەڵکێکی زۆری شەھید کرد، ئاو ھەوا و زەویەکەی بەو چەکە پیس کرد، لە ھەمان کاتدا لە مێژووی گەلی کورد بۆ یەکەمین جار ئەو چەکە لەو ناوچەیە تاقیکراوە، ھەربۆیە ئەو ڕۆژە دیاری کرا بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئێمەی کورد تەنھا لەو ڕۆژەدا باس لە ژینگەی کوردستان دەکەین و ڕۆژەکانی تر وەکو پێویست گرنگی پێ نادەین، ھەر ھەمووشمانبە بێ جیاوازی بەرپرسین لە گرنگی پێنەدانی ژینگە، بەڵام ھەندێک لایەن پشکی زیاتریان بەردەکەوێت لەم بەر پرسیارێتیە، ھەموو کەناڵەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی ڕۆلی سەرەکی دەبینن لە بەرەو پێش بردنی ژینگەیەکی پاک و خاوێن، بە گشتیانەوە دەتوانن نەوەیەکی ژینگە پارێز بونیاد بنین، پێگەیاندنێکی کۆمەڵایەتی تەندروست دەستە بەر بکەن، واتا ئامادەکردنی تاک لە گەڵ کۆمەڵگەکەی کارلێک بکات و توانایی ژیان و لێ ڕاھاتنی ھەبێت، تاک ھەست بە ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی بکات لە ناو کۆمەڵگەدا، گرنترین کەنالەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی کە ڕۆلی سەرەکی دەبینن لە پاکژ ڕاگرتنی ژینگە لەوانە:-
١- خێزان بە تایبەتی دایک و باوک ڕۆلی سەرەکی دەبینن لە پاک ڕاگرتنی ژینگە بە ئامۆژگاری کردنی مناڵەکانیان، چونکە منداڵَ بونەوەرێکە لاسایی دەکاتەوە وەکو لاپەرەیەکی سپی یە چۆنت بوێت دەتوانیت لە سەر بنووسی.
٢- خانەکانی خواپەرستی، بەو واتایەی مامۆستایانی ئاینی دەتوانن لە ووتارەکانیان ئاماژە بە پاک و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە بکەن خەڵک ھۆشیار بکەنەوە، بە تایبەتی ئەگەر لە مانگی جارێک یان دوو جار لە ووتاری دووەمیان باس لە گرنگی چۆنیەتی پاگژ ڕاگرتنی ژینگە بکەن، نەوەکو ژینگە پارێزی بابەتێک بێت ساڵی یەکجار باس بکرێ لە لایەن ھەندێک مامۆستایانی ئاینی.
٣- قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەیەکان، وەزارەتی پەروەردە دەتوانێت لە پڕۆگرامەکانی خوێندن دا گرنگی زیاتر بدات تاوەکو نەوەیەکی پاک و ژینگە پارێز بونیاد بنرێ، ساڵانە گەشت کردنی قوتابیان بابەتێکی تەوزیمی بێت لە لایەن وەزارەتی پەروەردەو لە ژێر چاودێری خۆی، ئامانجیان لە گەشتەکەدا ھۆشیارکردنی قوتابیان بێت لە پاک ڕاگرتنی ژینگەدا.
٤- کەنالەکانی ڕاگەیاندن،بە بینراو بیستراو خوێنراو بۆنموونە تەلەفزیۆن دەتوانێت خزمەتێکی زۆر بکات بۆ ئەوەی ژینگە پاک ڕابگیرێ، ئەویش بە کردنی کورتە فلیم یاخود ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و بەستنەوەی بە ژینگەیەکی پاک، کەچی تەلەفزیۆنەکان ئەوەندەی بە فلیمی دۆبلاژکراوی بێ ماناو قیزەوەر خەریکن، تەنھا تێکدانی کۆمەڵگەی کوردی لێ رەچاو دەکرێت و ھیچ بەرھەمێکی لێ نابینرێ، ئەگەر ھەموو تەلەفزیۆنەکان ھەریەکەیان لە ٢٤ کاتژمێر تەنھا ٢ خولەک تەرخان بکەن بە کورتە فلیمێک ئامۆژگاری خەڵک بکەن، چۆنیەتی پاراستنی ژینگە بە تێپەڕینی کات بەرھەمەکەمان دەبینین و خەڵک ھۆشیار دەبووە و خەڵک وای لێدەھات پیس بوونی ژینگە بە تاوانیان وێنە دەکرد.
٥- حزب و سەندیکاو ڕێخراوە پیشەیەکان، لە ھەمان کاتدا ڕۆژێک لە ڕۆژان بەر پرسێکی گەورەیی حکومیمان نەبینی لە گەڵ فەرمانبەرەکانی کاتێک دیاری بکەن شەقام پاکژ بکەنەوە، ئەگەر بە بەردەوامی ئەو ھەڵویستەی بەرپرسەکان ببینرێ خەڵک گۆڕانکاری بەسەر دادێ و خەڵک ھۆشیار دەبێتەوە لە دوا ڕۆژدا ژینگە پاکژی بە کولتور دەکرا، کەچی ئێمە ڕۆلەکانمان وا فێرکراوە ڕقمان لە ووشەی پاکژ کەرەوە دەبێتەوە کە لە لای ئێمە بە (کەناس) ناو دەبدرێ، کەچی فەلسەفەی دەڕبڕینی ووشەش ڕۆل دەبینی لە ڕق لێبوونەوەی ئەم پیشەیە، بۆ نموونە لە یابان بە پاکژکەرەوە دەڵین ئەندازیاری شەقام، لە ھەمان کاتدا دەبێت خولیش ببینن ئینجا دادەمەزرێن و ئەم ئەرکەیان پێ دەسپێدرێ،
لە کۆتایدا دەتوانم بڵێم لە سەرەتدا خۆشەویستی خاک و نیشتمان لە ناخی تاکەکانی کۆمەڵگەدا بڕوێنرێ، بە تایبەتی منداڵ ئینجا لەم ڕێگەیەوە دەتوانین کەناڵەکانی پێگەیاندی کۆمەڵایەتی بە کاری خۆیان ھەڵبستن، دەرھاویشتەیەکی ئەرێنی لە دوا ڕۆژدا بەرھەم دێت.

Top