خودا کوردیشی خۆش دەوێت

خودا کوردیشی خۆش دەوێت
خۆ ئێمەی کوردین سەرمان بچێت نوێژمان ناچێت.
ئێمەی کوردین مزگەوتەکانمان بەرناکەوێت لەبەر خوداپەرست.
ھەر ئێمەین ھەموو ڕەمەزان بەڕۆژووین و خەریکی خەتمی قورئانین.
ئەی بۆ ئەنفالیان کردین ؟ خۆ ھەر خوانەناس ئەنفال دەکرێت .
لە قورئانی پیرۆزدا وا نوسراوە کە ھەر خوانەناسەکان ئەنفال بکرێن.
خودا ئێمەشی خۆش دەوێت، ڕازی نابێت ئەنفالمان بکەن ، کەچی ئەنفالیان کردین و ھەموو ئیسلامەکانیش چەپڵەیان لێدەدا.
ئێمە بەعسی گۆڕبەگۆڕ و جاشەکانی خۆمان ئەنفالیان کردین، عەربە شۆڤینیەکان چەپڵەیان لێدەدا.
خودا کوردی خۆش دەوێت ، عەربە شۆڤێنییەکانن ئێمەیان خۆش ناوێت، جاشە کوردەکانن خۆیان فرۆشتووە و خۆیان خۆش ناوێت.
خودا ئێمەی خۆش دەوێت، ئەھا ئیسلامەکان بە قسەی خوایان نەکرد و گوێیان نە دەدایە پاڕانەوەی دایکەکان کە دەیانگووت (بۆ خاتری خوا ئەنفالمان مەکەن).
خودا توڕە نابێت لە ئێمەی کورد، خوا لەوان توڕەیە، ئەوان دەخاتە دۆزەخەوە چونکە ئەوان بوون دۆزەخیان بۆ ئێمە ھێنایە جۆش و جگەلە ئەنفال ماڵیان سوتانین و وێرانیان کرد.
خۆ ھەر ئەوان نین سورەتەکانی قورئانیان لە دژی کورد بەکار ھێناوە، ئەھا داعشیش ھەر وا دەکات.
بۆچی ھەر ئێمەی خواناس لە کوردکوژەکان خۆش بین؟
بۆچی ھەر ئێمەی خواناس داوای پێکەوە ژیان بکەین لەگەڵ شۆڤێنیەکان ؟
ئەی بۆچی تۆڵەی سەد و ھەشتا و سێ ھەزار ئەنفال لە جاشەکان ناسەنین؟
لە میدیاکاندا بۆ ڕۆڵەی ئەنفال کراو شین دەکەین و ئەنفالچییەکانیش لە باشترین ھۆتێلی کوردستاندا گەشتیاری دەکەن.
خودا ئێمەی خۆش دەوێت .
خۆ خودا مێشکی داوە بە ھەموومان و پێمان دەفەرموێت بەکاری بھێنن چونکە ئەو ئێمەی خۆش دەوێت، ئەی ئێمە بۆ بەکاری ناھێنین و تۆڵە بسێنین؟
ئەی بۆ سەدام دادگا کرا و جاشەکان و بەعسییەکان دادگا ناکرێن؟ خۆ ھەردووکیان جێنۆسایدیان کردووین.
با بە قسەی خودا بکەین، چونکە ئێمە خودا خۆشی دەوێین، با نەھێڵێن ھەرچەند بۆیان لوا لەگەڵ تازە جاشەکانی خۆماندا کەڕەتێکی دی سورەتەکانی قورئانی پیرۆزمان بەسەردا بسەپێنن.
Top