بەلەمێک کۆچبەر لە دەریای ئیجە نوقم بوو

بەلەمێک کۆچبەر لە دەریای ئیجە نوقم بوو
لە کەناڵێکی تەلفزێۆنیدا لە گەنجێکیان پرسی نانترسیت لە دەریای ئیجە بخنکێیت وا خۆتت کۆ کردۆتەوە بۆ سەرھەڵگرتن لە ووڵات؟
لە وەڵامدا گووتی: لەوەێ بخنکێم باشترە لەم ووڵاتە، ڕۆڵەکەم تۆ ئەزانیت لە دەریادا نوقم بیت مانای چییە ؟ مانای ترس و ئازارێک کە خۆزگە بە باوەشێکی دایکت دەخوازیت
باشە ئەبێت چاکی ئەوروپا چیبێت و خراپی کوردستان چی بێت وا خنکاندن لە ناو دەریایەکی تاریکی گەورەی سوێردا باشتر بێت لە ژیان؟ ئەگەر ژیانەکە سجنێکیش بێت
من ناڵێم کوردستان بەھەشتی سەر زەوییە وەک زۆر کەس کە ئەم ڕستەیە وەک پەپەگا دەڵێتەوە.
من ناڵێم کوردستان ھی منە و مەسئولەکان نەیان دزیوە، بەڵی من ھەست ئەکەم کرێچیم لەم ووڵاتە، مناڵێک کە دوێنێ سەری ھەڵداوە لاندگروزەرێکی پێیە و دەیشکێنێتەوە سەرم و بۆشم نییە فززە بکەم.
من ناڵێم لێرە پارە ھەڵڕژاوە و نازانین چی لێبکەین، من و مناڵی مەسئوولێک وەک یەکین.
ھەروەھا ناڵێم ھەندەران ھەمیشە سەوز نییە
ناشڵێم تا ڕاددەیەک مافی مرۆڤ نەپارێزراوە و لەلایەنی تەندروستییەوە لە ھیچت کەمە
ناڵێم لە کاتی دادگاییدا لەسەر ھەر بابەتێک پشتی تۆ دەدەن لە ئەرز لەسەر ھاووڵآتییەکی خۆیان .
بەڵآم کەس پرسیاری لە خۆی کردووە کە لە ھەموو دونیادا باش و خراپ ھەیە ؟ خۆش و ناخۆش ھەیە؟ ئەبێت کە کوردستان ئەمەنە خراپ بێت تۆ بڵێی خۆشی تیا نەبێت؟ ئەی ئەگەر ھەندەران ئەمەنە خۆشە تۆ بڵێی ناخۆشی تیا نەبێت؟
ئایا ئەگەر باشییەکانی ووڵاتی خۆمان و خراپییەکانی ھەندەران بخەینە ڕوو چۆنە؟
کەس ئەزانێت ھەتاوەکەی ووڵاتەکەم ھەموو ھەندەران دەھێنێت؟ کە بە دەگمەن ھەتاو دەبینت
ئەزانن کە ئەتوانیت ھەرچی ھەستی خۆت ھەیە بە زمانێک دەربڕیت لە کاتێکدا ئەگەر بەباشیش فێری زمانێکی دی ببێت ھەر کەمترە لەوەی بتەوێت بیڵێیت؟
ئەزانیت ئەو پارەیەی لەوێ لە حکومەتی وەر دەگری زۆر کەمترە لەو پارەیەی لێرە پێتە؟ ئەوەش ھەتا ماوەیەک، دوای ئەوە ئەگەر ئیشێکی باش نەدۆزیتەوە، سەعاتی بە یەک یۆرۆ ئیشت پێدەکەن و باقییەکە ئەوان تەواوی دەکەن.
ھەندێ جار گوێم لێبووە دەڵێن کارت ئەکەن بە دیوارا پارە دێتە دەرەوە، ئایا ئەزانیت ئەودیو ئەو دیوارە ئەو پارە کەمەیە کە حکومەت لە زەریبەی ھاووڵاتانی خۆی دەبڕێت و دەیدا بە تۆ کە بە مەمرەومەژی بە ڕێوەت دەبات؟ یان ئەو پارەیەیە کە لە ئیشێک وەری ئەگریت ئەگەر قورسییەکەیت لە لایەنی ھێزی لەش و مێشکەوە بە خەو ببینیایە دادەچڵەکێت؟
خۆ ئەگەر ئەو ئیشە قورسە لە ووڵاتەکەی خۆتا بکەیت زۆر بە ئیسراحەتتر دەژیت.
ئەزانیت ھەرچەندە کار بکەیت ھەر لە چاوی کەسانی سەر جادە دەیبینی کە پێت دەڵێن من بۆیە زەریبە دەدەم بۆ ئەوەی تۆ بژیت؟ خۆ یەک یەک نایانگریت بڵێی بەخوا منیش زەریبە دەدەم، بۆ ئەتوانیت چاو بخەیتە چاوی حکومەتوە و بە ھەوەسی خۆت قسە بکەیت وەک ئێرە؟ نەخێر ئەگەر چاو بخەیتە چاویان و ھەڵا بکەیت یەکسەر یان ھەزار و یەک کێشەت بۆ درووست دەکەن و دەچێتە دۆسسیەکەتەوە لای پۆلیس یان سوک و باریک ڕەوانەی ووڵاتەکەی خۆتت دەکەنەوە.
ئەزانیت ئەو ھەستی سواڵ کردنە چەند ناخۆشە ؟ چونکە ھەست دەکەیت کە ئەوان تۆ بە نوێنەری ھەموو ووڵاتەکەت دەزانن کە لە ڕاستیدا وایە، ئینجا ئەوسا ھەستی کوردایەت بەرزدەبێتەوە و ھەر بەوەیا دەگەی بەرگری بکەیت.
کە کاتێک ئەم ھەموو فاکتەرە و زۆری تریش کە نانوسرێت بەڵکو ھەستە، ھەتا خۆت نەیبینی ناتوانیت تێی بگەیت بە نووسین، ئەوسا پەنجە گەزینی پەشیمانی دادت نادات، ماڵەکەتت فرۆشتوە و ناتوانیت بگەڕێیتەوە، یان قەرزێکی زۆرت لەسەرە، یان تازە وا ھەست دەکەیت پەشیمان بوونەوە شەرمە.
کۆبونەوەی نان و چایەکی ناو خێزانەکەت، یان پیاسەیەکی ئێواران لەگەڵ برادەرانت، یان باوشی مناڵەکەت کە ئێواران دێیتەوە ماڵەوە ھەموو دنیا دەھێنێت، بۆ ئەڕۆیت بۆ مردن یان ژیانێکی پڕ خەمۆکی.

Top