گڵۆڵەی عێراق کەوتۆتە لێژی

گڵۆڵەی عێراق کەوتۆتە لێژی
گێرەشێوێنیەکانی ئەم دواییەی پاریس و برۆکسل بووە ھۆی ئەوەی کە ئەمەریکا و ئەوروپا بە جدی قۆڵی لێ ھەڵکەن بۆ لەناوبردنی داعش و گۆڕینی بۆچونی ڕامیاریان لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لەبەر ئەوەی ناوی پێشمەرگەش بەستراوە بە ئازایەتی لە بەرەنگاربونەوەی داعش، جارێکی دی ناوی پێشمەرگە و کورد زۆر بە ھێز دێتەوە ناوناوانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا.
ئەوانیش دەزانن ئەمڕۆ کوردەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینن لە ناوچەکەدا کە لە مێژودا نەبینراوە و ئێستا کورد زۆر بەھێز دەستی گرتووە بە سەر ھاوسەنگی ناوچەکەدا وئەگەر ھاوپەیمانییەتیان لەگەڵ کورد لەدەست بدەن ئەوا ھێزێکی نامۆ لە دەست دەدەن.
بەشبوونی عێراقیش بۆ سێ پارچە بۆتە بابەتێکی سەپێنراو، کە تەنھا چارەیە بۆ تێپەڕبونی لەم بارودۆخە، لە کاتێکدا سوننە بە دەست شیعەوە دەناڵێنێت و شیعە نایەوێت کەڕەتێکی دی بچێتەوە ژێر دەستی سوننە بە چەشنی کورد کە نایەوێت بە ھیچ جۆرێک بکەوێتەوە ژێر دەستی عەرەب.
ھەروەھا ئوباما دەیەوێت کە سەرکەوتن بەسەر داعشدا و سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی ئەو بێت پێش جێھێشتنی کۆشکی سپی.
بۆ سەرکەوتنی ئەم ویستەی ئۆباما و ئەو ھەموو دەرفەتەی لەبەردەمی کوردا ھەیە، کورد پێویستی بەوەیە کە بە زوترین کات یەکەم ھەنگاو بنێیت بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ، لە کاتێکدا عێراق گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی.
کورد ئەوە باش دەزانێت کە ناکۆکی ناو پارتە شیعەکان لە بەغدا و حکومەتی تەکنۆکرات تەنھا گۆڕینی کەسەکانە و ئەم ناکۆکییەی ناویان کۆتایی ھێنانی پرۆسەیەکی ڕامیارییە و دروستبوونی پرۆسەیەکی تازەیە کە ھەمیشە لە دژی کورد بووە و ھەر واش دەمێنێتەوە.

لە ئێستادا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی ھەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ڕوسیا جۆن کیری و سێرگی لاڤروڤ کە نوێنەرایەتی دوو ھێزی گەورە دەکەن و ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە ناوچەکە، ئەوان دەرفەتێکی ناوازەیان لەبەردەمدایە بۆ گۆڕینی بنەڕەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دەتوانن ڕێکەوتنێنامەیەکی نوێ واژوو بکەن بە ناوی ( کیری لاڤرۆڤ) لە جێگای ڕێکەوتننامەی (سایکس بیکۆ) لە مێژوی کاری رامیاریاندا بۆ ھەتاھەتایە بمێنێتەوە.
Top