كه‌رتى تایبه‌ت له‌ نێوان گرفت و چاره‌سه‌ردا

كه‌رتى تایبه‌ت له‌ نێوان گرفت و چاره‌سه‌ردا
پاش ئه‌و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌یه‌ى به‌سه‌ر كوردستان هاتووه‌ و به‌ده‌ر له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق سه‌باره‌ت به‌ پێنه‌دانى مووچه‌ و بودجه‌ ،هه‌ڵبه‌ته‌ گرفتێكى ئابورى زه‌ق باڵى به‌سه‌ر ئه‌م ولاَته‌ كێشاوه‌ ئه‌وێش كێشه‌ى نه‌بوونى یا لاوازى پلانێكى ئابورى بۆ ئه‌م دۆخه‌ ، كوردستان جگه‌ له‌ دابه‌زینى نرخى نه‌وت ، كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه‌ى ئابورى به‌ كه‌ڵه‌كه‌بوویى له‌ هه‌موو سیكته‌ره‌كانى به‌ روونى ده‌رده‌كه‌وێت ،كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ له‌سه‌ر لایه‌نێكى دانێن كێشه‌ى دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌ و له‌به‌رامبه‌ریشدا زیادبوونى رێژه‌ى بێكاریشه‌، له‌ دونیادا هه‌موو هاولاَتیه‌ك كه‌ڵك و سودى بۆ حكومه‌تى خۆى هه‌یه‌ به‌نمونه‌ رێژه‌یه‌ك له‌ مووچه‌كه‌ى گه‌ر له‌ كه‌رتى حكومى یا تایبه‌ت كاربكات بۆ حكومه‌ت ده‌ڕوات جگه‌ له‌وه‌ش زۆربه‌ى خزمه‌تگوزراییه‌كان هه‌موو هاولاَتیه‌ك پشكى به‌رده‌كه‌وىَ ، ئه‌مانه‌ وه‌كو دارێكه‌ كه‌چه‌نده‌ها لق و پوپىَ لىَ ده‌بێته‌وه‌ بۆیه‌ ته‌نها یه‌ك لق وه‌رده‌گرێن و شرۆڤه‌ى بۆ ده‌كه‌ین ، ئێستا له‌ كوردستان قه‌یران بووه‌ و بووته‌ شتێكى واقع ئه‌وه‌ى پێویسته‌ بوترێت چىَ بكرێت بۆ چاره‌سه‌ر ، سه‌باره‌ت به‌ گه‌وره‌ترین بارگرانى له‌سه‌ر ئابورى ئێستاى حكومه‌تى هه‌رێم مه‌سه‌له‌ى مووچه‌یه‌ كه‌ خۆى له‌ 800 ملێون دۆلار ده‌دات بۆ مانگیك واته‌ ئه‌گه‌ر به‌ بڕى 600 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا هه‌نارده‌بكرێت و بێگومان ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت بۆ هه‌ریه‌ك به‌رمیلیك نرخه‌كه‌ى له‌ 45 دۆلار كه‌متر نه‌بێت ئینجا به‌شى ئه‌و مووچه‌ زه‌به‌لاحه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ رووى ئابورییه‌وه‌ وه‌ك گه‌مه‌یه‌كى ئابورییه‌ و یاریكردنه‌ به‌ چاره‌نوسى داهاتووى ئابورى ولاَت ، كه‌وایه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت بۆ رێگایه‌ك بگه‌رێت جێگره‌وه‌و رێكخه‌رى ئه‌م كێشانه‌ى پێشوو بێت ئه‌ویش ته‌نها گرنگیدانه‌ به‌ كه‌رتى تایبه‌ت ، ئه‌م كه‌رته‌ رۆڵى هه‌یه‌ له‌ په‌ره‌پێدانى ئابورى له‌ رێگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى كالاَ و ده‌سته‌به‌ركردنى خزمه‌تگوزارى ، كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان هاوكارن له‌ باشتركردنى بژێوى هاولاَتیان ئه‌وێش به‌ دابینكردنى هه‌لى كاركردن ، و پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لوژیا له‌ رووى دروستكردنى كالاَى ناوخۆیى و له‌ هه‌مووشیان گرنگتر پێك هێنانى كه‌ش و هه‌واى پیشبركىَ بازاڕ ئه‌مه‌ش كارێگه‌ى ئه‌رینى هه‌یه‌ له‌ دابه‌زینى نرخى كالاَ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ قازانج ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ هاولاَتیان ، جگه‌ له‌و خالاَنه‌ش حكومه‌ت سودمه‌نده‌بێت له‌ وه‌رگرتن و یا زیادكردنى باجى سه‌ر كۆمپانیاكان و ئه‌بێته‌ داهاتێك بۆ دوارۆژى ئه‌و ولاَته‌ و به‌هێزبوونى ژێرخانى ئابورى . به‌لاَم كێشه‌ى ئه‌م ولاَته‌ و زۆربه‌ى ولاَته‌كانى رۆژهه‌لاَتى ناوه‌راست نه‌بوونى ئابورییه‌كى جێگیره‌ له‌ رووى به‌ده‌ست كه‌وتنى سه‌رمایه‌ یا قه‌رز له‌ بانكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ،له‌ لایه‌كىَ تره‌وه‌ ته‌نانه‌ت زۆرجار ئه‌م حاڵه‌ته‌ وایكردوه‌ كه‌ زۆربه‌ى سه‌رمایه‌كانى ئه‌م ولاَته‌ له‌ ولاَتێكى تر جگه‌ له‌ كوردستان ده‌خرێته‌ كاره‌وه‌ و هه‌ندىَ كۆمپانیاى ناوخۆیى پشت به‌ ده‌ستى كارى بێگانه‌ ده‌به‌ستن و یا به‌ پشكدارى كۆمپانیاى ده‌ره‌كى كاریان به‌رێوه‌ده‌به‌ن كه‌ زۆربه‌ى قازانج بۆ ده‌ره‌وه‌ یاخود بانكێكى تایبه‌تى ئه‌نته‌رناشناڵى ده‌ره‌كى كه‌ڵك له‌پاره‌كانیان وه‌رده‌گرێت ، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ى گرنگه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ كه‌ بكرێت پاڵپشتى كه‌رتى تایبه‌ت بكرێت له‌ زۆر روانگه‌وه‌ له‌وانه‌ فه‌راهه‌مكردنى كه‌شێكى زۆر ئارام له‌ رووى ئابورى له‌ به‌رده‌میان جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ندى داهاتى ولاَت با له‌ بانكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان وه‌كو قه‌رز بدرێته‌ كه‌رتى تایبه‌ت و ئالوگۆركى پىَ بكرێت و ئه‌مه‌ واده‌كات ئه‌و بانكانه‌ش ببنه‌ جێگه‌ى متمانه‌ بۆ داهاتوو ، له‌ هه‌مان كاتێشدا حكومه‌ت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات ده‌ستى كارى خۆماڵى به‌كاربخات له‌ و كه‌رتانه‌ به‌ جورێك مافه‌كانیان پاریزراوبن له‌ رووى خانه‌نشین و به‌رده‌وامى كاركردن ، چونكه‌ كێشه‌ى هه‌ره‌ گه‌وره‌ى هاولاَتیان ترس و گومانه‌ له‌ كاتى كاركردنیان له‌ كه‌رتى تایبه‌ت و به‌ چاره‌نوسێكى نادیار له‌ قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ن ، هه‌روه‌ها حكومه‌ت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ ده‌ستى كار به‌ رێژه‌ى %98 بۆ هاولاَتى ئه‌م هه‌رێمه‌ بێت ، و یاساكانى كاركردنى جیهانى لێره‌دا په‌ێره‌وبكرێت به‌تایبه‌ت له‌ بوارى پشكى كۆمپانیاكان و مه‌رجه‌كانى قازانجى ولاَت له‌به‌رچاوبگێرێت ، هه‌ندێك له‌ بڕیاره‌كانى پێشوو پێداچوونه‌وه‌ى جدى له‌به‌رده‌م بكرێت و كه‌مێك قورستر بڕیار له‌سه‌ر باجى كۆمپانیا بیانیه‌كان ده‌ربكرێت ، با چێدى سیسته‌مى ئه‌م ولاَته‌ش بگۆرێت بۆ سیسته‌مى به‌رژه‌وه‌ندى كه‌ حاڵى حازر هه‌موو جیهان له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ ده‌ڕۆن ، چونكه‌ تاكه‌ چه‌كى جیهان ئیستا ته‌نها ئابورییه‌كى به‌هێزه‌ و كوردستانیش خاوه‌نى گه‌وره‌ترین داهاتى نه‌وته‌ و ئه‌وه‌ى كه‌ لاواز و سسته‌ ته‌نها پلان و چونێه‌تى به‌رێوه‌بردنیه‌تى ، ئه‌وه‌ى شایانى باسكردنیشه‌ رێچكه‌كانى كاركردن ده‌بێت گورانكارى به‌سه‌ر بێت ئێتر كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان ببنه‌ ژێرخان و سه‌رخانى ئابورى ئه‌م ولاَته‌ . ماسته‌ر له‌ كارگێرى كاردا
Top