کولتوری شەڕەنگێزی

کولتوری شەڕەنگێزی
وەک من بیرمبێت لە ھەشتاکانا پاسی مەسلەحە ھەبوو، ھەمیشە کە پیرێک یان ئافرەتێک بھاتایە یەکسەر گەنج و پیاو ھەڵدەستان بۆ ئەوەی جێگا بۆ ئەوان چۆڵ بکەن، ئێستا لە ڕۆژھەڵات ئەو دیاردەیە دەبینم، ئێستا کە لای ئێمە ئەو دیاردەیە نەماوە لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە پاسی مەسلەحەمان نەماوە؟ یان ئەو ڕەوشتە نەماوە، ئەی ئەگەر بابەتەکە پاسەکە بێت بۆ نۆرەبڕی ھەیە لە ڕیزی نان وەگرتن و سوپەرمارکێت و ناو دەزگا و ھەموو جێگەیەک کە دەبێت ڕیز بگیرێت.
بابەتەکە ڕەوشتە.
ڕەوشتێکی دوور لە داب و نەریتی کورد و کوردەواری، رەوشتێکی سەیر کە تا پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ناو کوردا بە شێوەیەکی وا بەرچاو بەدی نەکراوە. کەچی ئێستا ئەو ڕەوشتە نزمە ھاوار دەکات و بووە بە دێوەزمە و ھەموو دەیبینین.
بێ رەوشتیی بە شێوەیەکی دیار تەشەنەی کردووە و بە ڕاست و بە چەپ وەک تۆڕی راوچی ھەڵیدەدەن و زۆربەی ھەرزەکارەکانمانی ڕاو کردوە.
زۆر جار کە ئەم بابەتە دەوروژێنم یان بە ڕەشبین دەمناسێنن ، یان ھەمووی دەخەنەوە سەر شانی حکومەت و ھەڵەی بەڕێوەبردنی یاسا و بارودۆخی ووڵاتەکەمان و ..... ھتد.
بە بۆچوونی من بابەتی ڕەوشت ھیچ پەیوەندییەکی نییە بەسەر بارودۆخی ووڵاتەوە، ھیچ پەیوەندی نییە بەسەر سەپاندنی یاساوە، بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەیە بە ڕەوشتی یەکی کۆمەڵگەوە .
ئەم بەد ڕەوشتییە ھەر لە بابەتی شەڕەنگێزی و نۆرەبڕی و جنێودا گیری نەخواردووە، بەڵکو پیس کردنی ژینگە و گێجەڵی بە ئافرەتان و دزی و زۆری دی کە ناتوانین لێرەدا بە ووردی باسی بکەین.
ئەگەر پرسیارەکەمان ئەوە بێت: ئایا سیاسەت کاریگەری ھەیە لەسەر ئەم دیاردەیە؟ بەڕاستی نازانم وەڵامی ئەم پرسیارە، بەڵام نابێت خۆمان لەوە گێژ بکەین کە زۆربەی ئەو شەڕە جنێووی لە تۆڕە کۆمەڵاییەتەکان دەکرێت و لەسەر جادە دەستەویەخە لە دژی یەک دەوەستن، لەسەر بابەتی سیاسییە.
کەواتە ھیچ نەبێت ئەگەر سیاسییەکان بتوانن نەھێشتنی ئەم دیاردەیە بسەپێنن بەسەر لایەنگرەکانیاندا، ئەوا ھیچ نەبێت ئەوانەی دەنگی پێداوون لە ھەڵبژاردنەکاندا ڕزگار دەکەن لە پێگەیاندنی نەوەیەکی بەد رەوشت و ئەمەش کەم نییە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی لایەنگرانێکی بەپیت و بنیاتدەری باشیان بۆ بەرھەم دێت ، نەوەیەکی ڕەوشت بەرزیش پێشکەشی دواڕۆژی کوردستان دەکەن.
ھەروەھا دەبێت قوتابخانە ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لەم بابەتەدا ، گەر قوتابخانە لەگەڵ دایک وباوک و دراوسێ و خزم ....ھتد نەوەیەک پێک بھێنیێت بزانێت چۆن مامەڵەی جوان خۆیان جوان دەکات ئەوا نەوەی داھاتووی کورد، کوردستان روو سوور دەکات، بەپێچەوانەوە دوارۆژێکی رەش چاوەڕوانی ئەم کوردە دەکات.

Top