جیاوازی نێوان زیرەکی و ژیری

جیاوازی نێوان زیرەکی و ژیری
ئاڤان باراوی
جیاوازیەکی گەورە ھەیە لە نێوان زیرەکی وەرگیراو(المکتسبە) کە لە ڕێگای فێرکردنەوە وەردەگیرێ، لەگەڵ ژیریدا کە ئادەمیزاد لەگەڵ بوونیدا دروست دەبێت.
بە شێوەیەکی پوخت ئەتوانین بڵێین کە ژیری بریتییە لە توانای کەسێک کە دوور لە خوێندنەوە یان فێربوون لە دەوروبەرەکەی بتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات بە جۆرێکی کارامە لە ھەموو بار و دۆخێکی ئاڵۆزدا ھەروەھا توانای پەرەپێدانی ژەرییەکەی ھەیە.
مەرج نییە کەسی زیرەک بتوانێت ژیر بێت وەک پرۆفیسۆر (نیکولاس ھمفری) دەڵێت: زیرەکی بە تەنیا بەس نییە چونکە ئەو منداڵانەی ئاوتیزمیان ھەیە لە زۆر جارا تا بڵێی لە لایەنێکدا زۆر زیرەکترن لە منداڵێکی ئاسایی چونکە ئەوان توانایەکی گەورەیان ھەیە بۆ تێبینی کردن و لەبیر نەکردنی ئەو تێبینیانە بەڵام توانایان نییە کێشە چارەسەر بکەن یان لێزانبن لە کاتی پێویستدا یان تێکەڵاوی کۆمەڵگە بن
لەوانەیە زۆر کەس ھەبن کە ھەندە زیرەک بن بگەنە پلەیەکی ئێجگار بەرز لە خوێندندا بەڵام نەبونی تایبەتمەندی ژیری، کە لە پەڕتوکەوە وەرنەگیراوە بەڵکو بەرەی خوداییە، وایان لێدەکات کە ھەندێ جار سەرکەوتوو نەبن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەڵکو شکستیش بھێنن.
من پزیشکێک دەناسم کە لە شەش ساڵی کۆلیژی پزیشکیدا ھەمیشە بەرزترین نمرەی وەردەگرت و بە پلەی نایاب کۆلیژی تەواو کرد بەڵام لە دانیشتندا نەیدەتوانی بە ھیچ جۆرێک دوو دێڕ بڵێت یان زۆر جار پێی باشتر بوو کە تێکەڵی کەس نەبێت.
ھەروەھا کەسێکی تریش دەناسم (ڕۆحی شاد بێت) کە دەدوا ھەموان گوێڕایەڵی دەبوون و ھەموو ووتەکانی کاریگەر و لۆجیک بوون و توانای ئیقناعکردنێکی بە ھێزی ھەبوو لەکاتێکدا کە وابزانم ھەتا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندبوو یان نا.
لە مامۆستایەکیان پرسی، جیاوازی نێوان زانست و ژیری چییە؟
لە وەڵامدا گووتی"
زانست وەرگیراوە بە فێربوون بەڵام ژیری ھەندێکی فێربوونە و ھەندێکی خۆییە .
ھەموو زیرەکێک ژیر نییە بەڵام ھەموو ژیرێک زیرەکە
ھەروەھا کەسی ژیر کەسایەتییەکی دان بەخۆداگرە و دووربینە و ھەندێ جار نەرم و ھەندێ جار توند بەپێی بارودۆخەکە و خۆ بەگەورە نەزانە لە کاتێکدا مەرج نییە زیرەک ئەم تایبەتمەندیانەی تێدا بێت

Top