لە پەراوێزی بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی و چاكسازییە بنەڕەتییەكان دەوڵەت لە سەر سیستەم و بنەمایەكی گەندەڵ و تاڵانكەر دانامەزرێ .
February 15, 2016
وتار و بیروڕا
ئەم نووسینە بەو ئامانجەیە، مافیاكان و تاڵانكەرانی سامانی گشتی كە لە سەر حیسابی گەل خۆیان دەوڵەمەند كردووە، یان گوێڕایەڵی بڕیاری سەرۆك بارزانی بن بۆ گەڕانەوەی ماف و سامانە دزراوەكانی گەل، یان خۆیان بۆ سزادان ئامادە بكەن و گەل دوابڕیاریان لە سەر بدات. ئەوانە دەشێ تێبگەیەندرێن كە كورد لە مێژووی ڕابردوویدا باجێكی گەورەی لە پێناوی ئازادی و رزگاری لە بندەستی داوە، ئەو خەبات و قوربانیدانەش پتر لە نیوملیۆن شەهیدی لێكەوتووەتەوە، بە بێ ئەوەی ئەم نەتەوە كەونارایە كە پێشینەیەكی هەزاران ساڵەی هەیە، كیانێكی سەربەخۆی هەبێ، لە ئێستاشدا سەربەخۆیی و رزگاری لە بندەستی باجی دەوێ و خەڵكی نیشتمانپەروەریش لە بەر فانۆس دانیشتن، لەوە بە باشتر دەزانن كە نامووسی نەتەوەییان بدۆڕێنن! هاوكات هەموو كورد پێویستە خۆی بە ناخی ئەو ڕاستییەدا شۆڕ بكاتەوە و ئاوڕێك لەو رووداوە كارەساتبارانە بداتەوە، كە بە هۆی بێدەوڵەتی تووشمان بووە. هەمووان دەزانن سەرەڕای ئەوەی خاكی كوردان بە پێی چەند پەیماننامەیەكی زلهێزانی جیهان دابەش كراوە، لەلایەن داگیركەرانی كوردستانیشەوە سەدان ساڵە كوردان بە بێتاوان ڕەشەكوژ دەكرێن و خوێن لە بەریان دەچۆڕێ، ئەو مێژووە خوێناوییەش حاشاهەڵنەگرە و جگە لە نەیارانی كورد، هیچ كەس و لایەن و دەوڵەتێك نكۆڵی لێ ناكەن. لە ئێستادا لە سایەی قارەمانەتی و حیماسە و نەبەردی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا، هەڵێكی مێژوویی بۆ كورد ڕەخساوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هەستكردن بەو دەرفەتە زێڕینە ناوچەیی و جیهانییە، بە بڕیاری بوێرانە و قەیران تێپەڕێنەر، دەخوازێ بەشێ لە نەتەوەی كورد لە باشووری وڵاتەكەی لە كۆیلەیەتی و چاولەدستبوونی داگیركەری قووتبڕ ڕزگار بكات كە لە ژێر ناوی -حكوومەتی ناوەند- مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە و سەدان هەزار ئاوارەی ژێر دەسەڵاتی خۆیشی، بە هۆی شەڕی مەزهەبی و تائیفی و پەلامارەكانی داعش -ـەوە بە لێشاو ڕەوانەی شارەكانی باشووری كوردستان كردووە، وەكو هاریكاری و یارمەتیدانیش هیچ ئاوڕێكیان لێ ناداتەوە، لە بەر ئەوەی داڵدەدانی ئەو هەموو ئاوارەیە قەیرانی ئابووری لە باشووری كوردستان پتر قورس و گران بكات. سەرەڕای ئەوەش لەسەر حیسابی برسیكردنی خەڵك بەشێكی زەبەلاحی بودجەی عێراقی بۆ هێزە میلیشیا و داپڵۆسێنەر و توندڕەوەكانی وەك –حەشدی شەعبی- تەرخان كردووە. زۆربەی پیاوانی كاربەدەستی شیعە لە حكوومەتی بەغدا، ڕاستەوخۆ بوونەتە بەشێك لە -شەڕی بەوەكالەت - و لە هیلالی شیعە بە ڕێبەرایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران، خۆیان بۆ شەڕێكی زۆر بەرفراوانی مەزهەبی و خوێناوی تەیار كردووە! كورد لە باشووری وڵات لە ژێر سێبەری سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانى و لایەنە سیاسییە هاوپەیمانەكانی تا ئێستا خۆی لە قەرەی شەڕی مەزهەبی و تائیفی نەداوە، نەچوونە ناو هیلالی شیعەش وایكردووە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران هەموو پیلانێك خۆیان گوتەنی بەرانبەر بە –شمال عراق- بگێڕن، هەوڵی سەرەكیشیان ئەوەیە كەركووك و سلێمانی لە پارێزگەكانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داببڕن! نموونەی بەرچاوی ئەو هەوڵانە ئەوەیە كە لەم رۆژانەدا لە كەركووك -سەنتەری خومەینی-یان دامەزراند و لە سلێمانی یادی ساڵیادی -انقلاب اسلامی ایران-یان كردەوە! لە لایەكی دیكەوە دڕندەترین هێزی تیرۆریستی لە ژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی –داعش – بە درێژایی سنوورێكی پتر لە هەزار كیلۆمەتر شەڕێكی خوێناوی و بەربڵاوی بە سەر كوردا سەپاندووە، ئەوەش گەلێك ئاستەنگی لێكەوتووەتەوە كە تەنیا یەكڕێزی و ورەی پۆڵایینی پێشمەرگە و نەقەشەكێشی بەرگری و ڕاماڵینی ئەو هێزە دڕندەیە، بوونەتە فاكتی سەركەوتنەكان، ئەو سەركەوتنانەش دوای ڕاگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری و هەڵگرتنی دروشمی -شەڕی مان و نەمان- لە گەڵ داعش و ئامادەبوونی سەرۆك لە بەرەكانی شەڕ و كەڵكوەرگرتن لە پەیوەندییە دیپلۆماسییە جیهانییەكانی دەستەبەر كرا، كە پاڵپشتیی ئاسمانی و هاوكاری لوجستیكی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە مسۆگەر كرد. لەو دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا، بڕیاردان و درووستكردنی بڕیار بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هاوكێشەیەكی سادە و ساكار نییە، هەتا بە ئاسانی نەخشەڕێگەی بۆ دابنێ. سەرۆك بارزانی بە وردی دەركی بەوە كردووە كە دەوڵەت لە سەر سیستەم و بنەمایەكی گەندەڵ و تاڵانكەر دانامەزرێ، بۆیە پێش گەڕانەوەی بۆ ئیرادەی گەل و وەرگرتنی دەرەنجامی ریفراندۆم، فەرمانی چاكسازییەكی هەمەلایەنەی و گشتگیری دەركرد، كە چەندین بڕیاری بونیادنەری تێدایە و لە پارتە سیاسییەكەی خۆیەوە دەستیپێكردووە. بێ شك بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە، گەل متمانەی خۆی بە حكوومەتە خۆماڵییەكەی دەداتەوە، ئەوكات نەك تەنیا بە چوونە بەردەم سندوقەكانی دەنگ بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و خەونی لەمێژینەیان، بگرە بۆ دەستەبەری ئەو خەونە مەزنە ئامادە دەبن، هەموو باجێك بدەن. گەلی كورد بۆ گەیشتن بە سەربەستی نموونەی خۆڕاگری و قوربانیدان بووە، لە ئێستاشدا كە ژمارەیەكی زۆری –مافیاسیفەت-ی دز و تاڵانكەر لە سەر حیسابی گەل خۆیان دەوڵەمەند كردووە، دەبێ یان گوێڕایەڵی بڕیاری سەرۆك بارزانی بن بۆ گەڕانەوەی مافی گشتیی گەل، یان خۆیان بۆ سزادان ئامادە بكەن و گەل دوابڕیاریان لە سەر بدات. بێگومان ئەگەر ئەو بڕیارانەی سەرۆك بارزانی جێبەجێ بكرێن و حزب و لایەنكانی دیكەی سیاسی لە باشووری كوردستان كاری هاوشێوە بكەن، ئەوا لە باشووری وڵات خەونی حاجی و پیران و نەهری و قازی و بارزانی بەدی دێت و سەربەخۆیی كورد مسۆگەر دەبێ و بێ مووچەیی و بێ پارەیی و بێدەرەتانی خەڵكیش بە خۆڕاگری و وڵاتپارێزی تێپەڕ دەبێ. لە كۆتاییدا دەمەوێ باسی ئەو ئیرادە و خۆڕاگرییەی خەڵك بكەم كە ژمارەیەكی زۆری مووچەخۆر بە هۆی نەبوونی و نەدانی پارەی مولیدەی ئەهلی داوایان كردووە، كارەباكەیان ببڕن. ئەو خەڵكە نیشتمانپەروەرە لە بەر فانۆس دانیشتن، لەوە بە باشتر دەزانن كە نامووسی نەتەوەییان بدۆڕێنن و دەخوازن بە وڵاتی سەربەخۆی خۆیان و مافە دزراوەكانیان شاد ببنەوە. ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی تاراوگەش ئامادەن بۆ زێدی خۆیان بگەڕنەوە هەتا لە نووسینەوەی مێژوویەكی دەروشاوەدا بەشدار بن. بۆیە هەر چی زووتر ئەو بڕیارانەی سەرۆك بارزانی جێبەجێ بكرێن، هێشتا درەنگە، ئەوەش نەقشەڕێگەیەكی هەر سەرۆكێكی كارامەیە كە لە كاتی قەیران دەتوانێ بە بڕیاری بوێرانە گەلەكەی لە تەنگ و چەڵەمەكان رزگار بكا. دەقی بڕیارەكانی بەڕێز مەسعود بارزانی لە چەند خاڵدا كە ڕۆژی ١٠ـی ٢ـی ٢٠١٦ بڵاو كراوەتەوە: ا. ئەنجامدانی چاكسازیی ڕیشەیی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەم خاڵانەی خوارەوە: 1. پێداچوونەوە بە موڵك و ماڵی بەرپرسان و كەسانی سەر بە پارتی یان ئەوانەی لەژێر سێبەری پارتیدا كاریان كردووە و هەروەها هەر ئۆرگان و دەزگەیەكی پارتی كە بە شێوەیەكی ناشەرعی و لەڕێگەی بەكارهێنانی پۆستی حزبی موڵك و سامانیان بەدەست هێناوە و گێڕانەوەی ئەو موڵكانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان. 2. پێداچوونەوە بە گشت كۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییەكانی سەر بە ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان یان سەر بە بەرپرسانی حزبی یان كەسانێك كە لەژێر سێیەری پارتیدا كاریان كردووە، ئەویش لەپێناو دیاریكردنی سەرمایەی كۆمپانیاكان و داهاتەكەیان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنیان و گێڕانەوەی گشت داهاتی ئەو كۆمپانیانە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان. 3. پێداچوونەوە بە گشت زەویوزار و موڵكی حكوومەت كە بە شێوەی (گرێبەستی كشتوكاڵی) یان (گرێبەستی موساتەحە) یان بە (وەبەرهێنان) یان (موڵك) یان بە هەر شێوەیەكی تر وەرگیرابێت لە لایەن هەر بەرپرسێك یان كەسانێك كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، ئەویش بۆ وەرگرتنی ڕێژەیەك لە سوودی ئەو كەسانە و گێڕانەوەیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان. 4. بەشێك لەو موڵك و داراییەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە، بەپێی میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەرژەوەندیی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە بەكار دێت. 5. پێداچوونەوە بە دەزگەی وەبەرهێنانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی دەزگاكە و داهات و سەرمایەكەی بەشێوەیەكی گونجاو ئەویش بە مەبەستی بەڕێوەبردنی سەرمایەی پارتی لەسەر بنەمایەكی شەفاف و گونجاو بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان. 6. پێویستە ڕێژەیەك لە سوودی ئەو كۆمپانیا و كەسانەیش كە لەژێر سێبەر و دەستەڵاتی پارتیدا بەشێوەیەكی یاسایی كاریان كردووە و سەركەوتوو بوونە، بۆ حزب تەرخان بكرێت و بۆ زیادكردنی داهاتی حزب میكانیزمێكیش بۆ دەستنیشان بكرێت كە بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە و پڕۆفیشناڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن. 7. پێكهێنانی دامەزراوەیەكی دارایی بۆ وەرگرتن و بەڕێوەبردنی ئەو موڵك و داراییانەی لەسەر بنەمای خاڵەكانی ئەو بڕیارە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە. ب. لەپێناو جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەم بڕیارە لیژنەیەكی تایبەت لەلایەن سەرۆكی پارتی پێكدەهێندرێت و لیژنەكە میكانیزمی كاركردنی دەبێت و ڕاپۆرت و ئەنجامی كارەكانی بۆ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرز دەكاتەوە.