نه‌وت، شه‌ر، گه‌نده‌ڵی، قه‌رزاری

نه‌وت، شه‌ر، گه‌نده‌ڵی، قه‌رزاری
له‌م كاته‌دا له‌ حكومه‌تی عێراق مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ و په‌سه‌ندكردنی گه‌رمترین هه‌واڵی ئابورییه‌ كه‌ باڵی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مرۆی عێراقدا كێشاوه‌، سه‌یر له‌وه‌یه‌ گه‌شبینی و هیوا به‌م بودجه‌یه‌ ئه‌كرێت، له‌بیریان چووه‌ كه‌ بودجه‌ی ساڵی 2015 زۆر به‌ كه‌موكورتیه‌وه‌ بوو و ته‌نانه‌ت نیوه‌ی به‌نده‌كانیشی جێبه‌جی نه‌كرا، به‌رچاوترین نمونه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ریمی كوردستاندا كرا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێبه‌جێ نه‌كرا و بودجه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ داریژرا كه‌ نه‌وتی كوردستان هه‌نارده‌ بكرێت و بڕی پاره‌ی بودجه‌كه‌ به‌و پێوانه‌یه‌وه‌ دانرابوو گه‌رچی هه‌مووی بی بنه‌ما ده‌رچوو، چونكه‌ نه‌وتی كوردستان زۆر به‌ كه‌می له‌ رێگای به‌غداوه‌ هه‌نارده‌ كرا كه‌واته‌ هیچ مانایه‌ك بۆ راست و دروستی ئه‌و بودجه‌یه‌ دانه‌نرا، ئیستاش به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ زۆر له‌ شاره‌زایانی بواری ئابوری ده‌ڕواننه‌ بودجه‌ی 2016 كه‌ جگه‌ له‌ نادروستی بودجه‌كه‌ی به‌ڵكو هه‌ڵه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی بودجه‌ی 2015 پێوه‌ دیاره‌، له‌م بودجه‌یه‌دا به‌ نزیكه‌ی 106 تریلیون دینار مه‌زه‌نده‌كراوه‌ و به‌رامبه‌ر 143ملیار و 100 ملیون به‌رمیل نه‌وت، ئه‌وه‌ی شایانی باسكردنه‌ داهاتی نه‌وت %90 له‌م بودجه‌یه‌ داگیرده‌كات سه‌یر له‌وه‌یه‌ هه‌موو شیكاره‌ ئابوری و لێكدانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ كرا كه‌ داهاتی وڵات ته‌نها له‌ نه‌وت سنوردار نه‌كرێت به‌ڵام بۆ ساڵی داهاتوو ئه‌م رێژه‌ به‌رزه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ عێراق جارێكی تر و به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵه‌ی ئابوری روو له‌ لوتكه‌ ده‌كاته‌وه‌، له‌ لایه‌كێ تره‌وه‌ 24 تریلیون دینار كورتهینانی بودجه‌یه‌ كه‌ پلانیان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ قه‌رزی ناوخۆیی و نێو ده‌وڵه‌تی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كورتهێنانه‌ كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌كان دوو روو له‌ خۆ ده‌گرێت كێشه‌ی كورتهێنان بنه‌بڕبكریت و مه‌سه‌له‌ی قه‌رز دێته‌ كایه‌وه‌ واته‌ هه‌ڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ ! جگه‌ له‌وه‌ش نرخی هه‌ر به‌رمیلیك نه‌وت 45 دۆلاره‌ ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا هیچ كات نرخه‌كه‌ی له‌ 36 دۆلار تینه‌په‌ڕی !! ئه‌مانه‌ جیگه‌ی پرسیارن و گومانه‌كان زیاد ده‌كات له‌م بودجه‌یه‌ . هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ 3.3 ملیون به‌رمیل له‌ رۆژێكدا هه‌نارده‌بكرێت به‌و پییه‌ی كه‌ 550 هه‌زار به‌رمیلی له‌ كوردستانه‌وه‌ بێت، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ 9 ملیار دۆلار داهاتی عێراق كه‌مده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر كوردستان به‌شدار نه‌بێت له‌ هه‌نارده‌كردنی بڕی دیاریكراوی نه‌وتی خۆی، ئه‌مه‌ باشترین ده‌رفه‌ته‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بتوانێت سودمه‌ند بێت لێ . عێراق باسی له‌ هه‌نارده‌ و فرۆشتنی قه‌واڵه‌كانی كردوه‌ كه‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلار، جگه‌ له‌وه‌ش 1.7 ملیار دۆلار قه‌رزی بانكی نێو ده‌وڵه‌تی و 833 ملیون دۆلار له‌ سندوقی نه‌قدی نێو ده‌وڵه‌تی بۆیه‌ ئه‌توانین ریزبه‌ندی عێراق له‌و وڵاتانه‌ دابنیت كه‌ قه‌رزارترین وڵاتی دونیایه‌ . هه‌وڵه‌كان له‌و وڵاته‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ ساڵی 2017 سفره‌كانی سه‌ر دیناری عێراقی لاببه‌ن سه‌یر له‌وه‌یه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ جگه‌ له‌ تیچوو هیچ چاره‌سه‌رێكی خراپی ئابوری ئه‌و وڵاته‌ ناكات، به‌هه‌مان شێوه‌ش بۆ ساڵی 2016 دراوی جۆری 50 هه‌زاری و 100 هه‌زاری زیاتر بكرێت له‌ بازاڕه‌كان ئه‌مانه‌ ته‌نها ژماردنی دراوی دیناری عێراق ئاسانتر ده‌كات و هیچ قازانجێكی ئابوری نییه‌ . جگه‌ له‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌رده‌م دوو كێشه‌ی گه‌وره‌یه‌ یه‌كه‌میان شه‌ڕی داعش و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی زۆر له‌ بوری نه‌وت و شاری عێراق و ته‌رخانكردنی بڕیكی زۆر له‌ پاره‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌و جه‌نگه‌دا كه‌ ئه‌مساڵ زۆر كه‌مكرایه‌وه‌ به‌ رێژه‌ی %20 دانرا له‌ بودجه‌ بۆ كه‌رتی به‌رگری و باس له‌وه‌ كراوه‌ دوای پێداچونه‌وه‌و و كه‌مكردنه‌وه‌ی تیچووی جه‌نگ به‌ به‌راوورد له‌گه‌ڵ ساڵی پیشوو، ته‌نانه‌ت جۆری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیش ده‌ست نیشانكرا كه‌ جۆری قورس و گرانبه‌ها ناكردرێت بۆ ساڵی 2016، ئه‌مانه‌ جۆرێكن له‌ نیشاندانی بێ هیزی و راگه‌یاندنی ئیفلاسی ئه‌و وڵاته‌ .كه‌واته‌ ئه‌توانێن بڵین داعش گه‌وره‌ترین هۆكاره‌ بۆ خراپكردنی ئابوری عێراق چونكه‌ تیچوویه‌كی زۆری كرد له‌و جه‌نگه‌دا، به‌ڵام لێره‌دا خاڵیكی دی كه‌ جگه‌ له‌ نرخی نه‌وت و شه‌ری داعش ئه‌و گرفته‌ ئابورییه‌ی عێراق كه‌ پێ ده‌ناڵینی مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵیه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ریزبه‌ندی وڵاتانی دونیا پله‌یه‌كی باشی به‌ده‌ست هێناوه‌، له‌ ئێستادا به‌رده‌وام هه‌وڵه‌كان له‌ كه‌مكردنی گه‌نده‌ڵیه‌ به‌ڵام رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و زیادبوون ده‌روات، ئاخۆ گۆرینی ساڵ له‌م وڵاتانه‌ هیچ كام له‌و گرفتانه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ده‌بات چونكه‌ ره‌گی كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندوه‌ لق و پوپی به‌ هه‌موو لایه‌كدا بڵاوبۆته‌وه‌ . ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ بوترێت هه‌رێمی كوردستان به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆر له‌م كێشانه‌ پشكی شیری به‌ركه‌وتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت و شه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و تیچووه‌كانی و بگره‌ زۆر زیاتر له‌و وڵاته‌ چونكه‌ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بووته‌ سه‌ردیڕی كێشه‌ ئابورییه‌كانی 2015 و له‌وانه‌یه‌ په‌ره‌بسینی بۆ 2016 چونكه‌ جیاوازییه‌كان ته‌نها رۆژن و هیچی تر . ماسته‌ر له‌ كارگیرَی كار
Top