پیشبینی ئابوری بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌مانه‌

پیشبینی ئابوری بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌مانه‌
نه‌ك ته‌نها له‌ كوردستان به‌ڵكو له‌سه‌رانسه‌ری جیهان مه‌ترسی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئابورییه‌وه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ خاوه‌نی داهاتی نه‌وتن له‌ ژێر فشاری دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ن، ئه‌و وڵاتانه‌ی مامه‌ڵه‌یان به‌ بانكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ ترسیان له‌ كێشه‌ی به‌رزبوون و دابه‌زینی به‌های دراوه‌كانه‌، وهه‌ندی وڵاتیش له‌ ژێر كونترۆڵی بازاڕی پشكه‌كانن و داهاتووی ئابورییان لكینراوه‌ به‌ داهاتووی ئابوری كۆمپانیا پشكداره‌كان، له‌ماوه‌ی 50 ساڵی رابوردوودا گه‌شه‌ی ئابوری به‌ روونی دیاربوو جگه‌ له‌ ساڵی 2009 كه‌ قه‌یرانێكی گشتی باڵی به‌سه‌ر زۆر وڵاتدا كیشا له‌وانه‌ ئه‌مه‌ریكا، سه‌باره‌ت به‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت زۆرجار جۆره‌ها شیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت له‌وانه‌ سندوقی نه‌قدی نێو ده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رهه‌می سه‌رجه‌می تاكی جیهانی بۆ ساڵی 2015 نزیكه‌ی %3.5 و بۆ ساڵی 2016 نزیكه‌ی %3.6 زیادده‌كات و ئه‌م رێژه‌یه‌ زیاتره‌ له‌وه‌ی كه‌ بیشبینی بۆ ده‌كرا له‌ ساڵی 2014 هه‌رچه‌نده‌ به‌ بڕی 0.3 مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت به‌ڵام ئه‌توانین له‌ قاڵبی به‌رزبوونه‌وه‌ بیخه‌مڵینین به‌ پێ پیشبینیه‌كانی سندوقی نه‌قدی نێو ده‌وڵه‌تی و رێكخراوی ئوپیك كه‌ له‌ نێوان 3.5 بۆ 4 له‌ قه‌ڵه‌میان دا . له‌ عێراقیش وه‌ك هه‌موو وڵاتانی تر كۆمه‌ڵیك پیشبینی ئه‌كرێت له‌ رووی ئابورییه‌وه‌ به‌ نمونه‌ بۆ ساڵی 2016 بودجه‌ مه‌زه‌نده‌ كراوه‌ به‌ 60 ملێار دۆلار، به‌ڵام لێره‌دا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتیان به‌ 4 ملیون به‌رمیل نه‌وت داناوه‌ له‌ رۆژێكدا كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنیت كه‌ حكومه‌تی عێراق بۆ جارێكی تر هه‌وڵی گریبه‌سته‌كه‌ی نێوان هه‌رێم و خۆی ئه‌كات چونكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك عێراق توانای هه‌نارده‌ی ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ی نییه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ ته‌نها خۆی، كه‌واته‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا جۆره‌ سیاسه‌تێك به‌دی ده‌كرێت بۆ ساڵی داهاتوو یه‌كه‌میان شكستی ئابوری عێراق به‌و پییه‌ی كه‌ براوه‌ نه‌بوو له‌ ده‌ست كه‌وتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ بۆ ساڵی داهاتوو پلانه‌كانی له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌وه‌ داریژاوه‌ كه‌ ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌رێمیش بكه‌وێته‌وه‌ ژێر ركیفیان به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ ژێر چ جۆره‌ گریبه‌ستیك یاخود به‌ چ به‌ندێك بتوانێ جارێكی تر متمانه‌ی هه‌رێم به‌ ده‌ست بهینێت؟! خاڵی دووه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كورتهێنانه‌ی ساڵی 2015 و 2014 و ساڵه‌كانی پێشوو ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ی بودجه‌ له‌ واقعه‌وه‌ نزیك نییه‌ چونكه‌ توانای هه‌نارده‌ی ئه‌و نه‌وته‌ی نییه‌ و دواتریش نه‌وت به‌ 50 دۆلار مه‌زه‌نده‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌واو نییه‌، هه‌ر به‌ پی زۆربه‌ی تویژینه‌وه‌ ئابورییه‌كان نرخی نه‌وت زۆر كه‌متر ده‌خه‌مڵینن بۆ ساڵی 2016 . سندوقی نه‌قدی نێو ده‌وڵه‌تی واده‌رده‌خات كه‌ سه‌رجه‌می به‌رهه‌می خۆماڵی له‌ جیهاندا بۆ ساڵی 2016 زیادده‌كات به‌ڵام هه‌ژاری و نه‌خۆشی له‌ هه‌مان كاتیشدا زیادی كردووه‌ ! هه‌رچه‌نده‌ به‌ پێ بیروراكان ده‌وترێت كه‌ گه‌شه‌ی ئابوری به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام هوشیاری ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌ت و شه‌ڕه‌كان فاكته‌ریكن بۆ گۆرێنی ئه‌و رێچكانه‌ و گۆرێنی نرخی دراو، كه‌واته‌ له‌ جیهاندا ئه‌وه‌ی باسه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی یۆرو و ئابوری یونان و یابانیش، ئه‌گه‌ر بێنه‌ سه‌ر باسی كوردستان ئه‌وا له‌ داهاتوودا مه‌ترسیه‌كان له‌ چه‌ند خاڵیكدا ده‌بێنریت له‌وانه‌ تا چه‌ند له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا ده‌گه‌نه‌ ریكه‌وتنی ئابوری گه‌ر سه‌ربه‌خۆ وه‌كو ئێستا نه‌وتی خۆی هه‌نارده‌ بكات تا چه‌ند وڵاتی توركیا متمانه‌ی ته‌واوه‌تی پێ ده‌كرێت كه‌ رێگری هه‌نارده‌ی نه‌وت نه‌كات له‌ داهاتوودا ؟ پلانی ئابوری كوردستان له‌ كاتی دژایه‌تی به‌غدا و توركیا چییه‌ ؟ نرخی نه‌وت بۆ ساڵی 2016 له‌وانه‌یه‌ بۆ 36 دۆلار دابه‌زێت و كوردستان پیویستی به‌ داهاتی سه‌رو 800 ملیۆن دۆلاره‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا پێویستی به‌ هه‌نارده‌كردنی به‌ لایه‌نی كه‌م 650000 به‌رمیل نه‌وت هه‌یه‌ له‌ رۆژێكدا كه‌ ئه‌م بڕه‌ش زۆر زۆره‌ و نابێت و ناكرێت به‌م رێژه‌یه‌ نه‌وت ده‌ربهێنرێت، كه‌واته‌ كوردستان له‌ ژێر فشاری گه‌وره‌ترین قه‌یرانی ئابورییه‌ به‌ڵام گه‌شبینی له‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خاوه‌ن داهاتی نه‌وته‌ گه‌ر نرخه‌كه‌ی به‌رز یا نزم بێت، بۆیه‌ پیویسته‌ زۆرترین گرنگی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیاتی وڵات بدرێت و مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ و ژماره‌ی مووچه‌خوران پێداچوونه‌وه‌ی جدی بۆ بكرێت، ئه‌مه‌ واقعێكه‌ كه‌ ئابوری وڵات زۆر لاوازه‌ و گه‌ڕان به‌ دوای چاره‌سه‌ر شتیكی حه‌تمه‌نه‌، ئێتر كاتێ ئه‌وه‌هات خاڵ له‌سه‌ر هه‌موو ژماره‌كان دابنرێت لێپیچینه‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر دینارێك بكرێت و هاوسه‌نگی رابگیرێت له‌ نێوان تیچوو و داهاتی وڵات . ماسته‌ر له‌ كارگیری كاردا
Top