رێكەوتنەكەی ئێران قازانجی ئابووریییە بۆ خۆیان و ماڵوێرانییە بۆ كوردستان

رێكەوتنەكەی ئێران قازانجی ئابووریییە بۆ خۆیان و ماڵوێرانییە بۆ كوردستان
‌ لەو ماوەیەدا پلانێكی هاوبەش لەسەر JPA كراو بەرەو رێكەوتنیك رۆیشت كە لە ئەمەریكا و فەرەنساو روسیا و چین و ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتی ئێران روێدا بە ناوی P5+1، خۆی سەبارەت بەو رێكەوتنە بۆ كەمكردنەوەی بڕی پیتاندنی یورانیومە كە مەترسی لە دوارۆژدا هەیە لە سەر ئەمن و ئاسایشی جیهان، سەبارەت بە هەڵبژرادنی ئەمكاتە ئەوەیە كە ئێران لە بارودۆخێكی ئابووریی سست و لاوازدایە، هەربۆیە باشترین دەرفەت بوو بۆ ئەمەریكا،
ئەمانە لە كاتێكدایە كە لە ئێراندا بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت توشی كورتهینانی بودجە و خراپی ئابووریی وڵات بوو، ئەوەبوو لە سەرەتای ئەم كێشەیە باس لەوەكرا كە ئەگەر هەر بەرمیلێك لە هەناردەی نەوتی ئێران بە 110 دۆلار بفرۆشریت ئەوجا ئەتوانێت قەرەبووی ئەو زەرەرانەی ئەو دواییەی بكاتەوە، ئەمانە جگە لەوەی كە ئابڵوقەی ئابووریی لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكاوە كرابووە سەر وڵاتی ئێران بە هۆی مەترسییەكانی نەوەوی، بۆیە تاكە خاڵی لاوازی ئێران ئابووریی بوو ئەمەش وایكرد كە بە هەموو مەرج و خاڵەكانی رێكەوتنەكە ڕازی بێت،
لەبەرامبەردا ئێران توانی گەڕانەوەی 700 ملیون دۆلار لە دراوی بیانی لە هەناردەی بەرهەمی نەوت بە دەستبهێنیت، هەروەها بەدەست گەیشتنی 65 ملیون دۆلار لە دراوی بیانی بە مەبەستی خوێندنی قوتابیە ئێرانیەكان كە پێشتر تەگەرە خرابووە بەردەم ئەمكارە، ئەمانە جگە لەوەی كە ئەمەریكا رێگەخۆشكەرە بۆ بەشداریكردنی ئێران لە بازرگانی پیترۆكیمیا و زێر و خشڵە بە نرخەكان بەمەش 2.5 ملیار دۆلار لە داهاتی گشتی وڵاتی ئێران بەرزدەبێتەوە، تەنانەت لە بڕی هەناردەكردنی نەوتیش بێگومان بەرزبوونەوە بە خۆە دەبێنی، كە بۆ ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێكدا و هەروەها رێگایەكە بۆ ئەوەی وەكو جاران بتوانێت بڕی هەناردەی زیادبكاتەوە چونكە لە ساڵی 2011 بڕەكەی 2.5 ملیون بەرمیل بوو لە رۆژێكدا و بۆ ئەمساڵیش 2015 بڕەكەی نزمبوەوە بۆ تەنها یەك ملیون بەرمیل لە رۆژێكدا، لە لایەكی ترەوە بە فەرمی دەرگای هاتنە ژورەوە و چوونە دەرەوەی كۆمپانیای بیانی و ئێرانی كرایەوە بە تایبەت لە دروستكردنی ئوتومبێل، كە پێشبینی ئەوە دەكرێت داهاتەكەی بۆ مانگیك بگاتە 250 ملیۆن دۆلار ! .
هەر لەم رێكەوتنەدا ئەمەریكا ئاسانكاری و رێگەپێدانی مامەڵەی بانكەكان و كۆمپانیای فرۆكەوانی كردەوەو بەڵینی موڵەت و كاركردنی هاوبەشی پێداون، ئاشكراشە هەموو وڵاتیك %50 ئابووریییەكەی پابەندە بە كار و بەهێزی بانكەكانی، سەبارەت بە لایەنی وەبەرهینانیش كە رێكەوتنی تەواوەتی لەم لایەنە بكرێت و واتە گەشەیەكی ئابووریی گشتی باڵ بەسەر ئێراندا دەكێشێت، لەبەرامبەریشدا هەموو جۆرە پێداویستیەكی مرۆیی لە دەرمان و كاڵای تر دراوە .
ئێران هەر لەسەرەتای ئەم بریارەوە كە بەرهەمی خۆماڵی سەرجەم بە بڕی %1 بەرزبووەوە كە پێشتر بە رێژەی %5 دابەزیبوو، جگە لەوەش %80 لە 100 ملیار دۆلار گەیشتە دەست لە نەقدی بیانی كە پێشتر ئەو پارەیە شتێكی مەحاڵ بوو، كەواتە لە روانگەی ئابووریییەوە قازانجێكی زۆر گەورەی كرد ئەو وڵاتە، بەڵام كاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر ئابووریی عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی هەیە، چونكە لەم جیگایانەدا گەورەترین هاوردەی كەلوپەلی ئێرانی دەكەن، ئالەم كاتەدا بەرزبونەوەی ئاستی ئابووریی وایكردوە دراوی ئێرانیش بەرزبێتەوە بەمەش نرخی كاڵاكانیان روو لە بەرزبوونەوە دەكات بۆیە گرانی دەكەوێـتە نێو بازاڕەكانی كوردستانەوە،
بەداخەوە بەهۆی نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی بەتەواوەتی كۆنترۆڵی بازاڕەكانمان لە ژێركیفی وڵاتە هاوسێەكانمانە وەكو توركیا و ئێران، بۆیە هەر گۆرانكارییەكی ئابووریی ئەوا كاردانەوەی بەسەر ئابووریی عێراقدا دەبێت،جا بۆیە دەتوانین لێكدانەوەیەكی خراپی ئابووریی بۆ بكەین لە روانگەی كاروباری كوردستان،تەنها لەوانەیە لە یەك لایەنی سیاسیەوە سودمەند بین ئەویش ئەوەیە بە هۆی ئەو رێكەوتنەی ئەمەریكا و ئێران وەزعی گروپی تیرۆرستی داعش روو لە خراپی بكات چ لە لایەنی ئابووریی و چ لە لایەنی پشتگیرییەوە، بەمەش تەنها لایەنی سیاسی سودمەندین وەكو كوردستان و لە هەمانكاتیشدا زەرەرمەندی یەكەمی ئابووریین .
ماستەر لە كارگیریی كاردا
Top