مووچە بەنرختر بووە لە رۆحی پێشمەرگە !
January 25, 2015
وتار و بیروڕا
پاش ئەو قەیرانە ئابورییەی بەسەر کوردستاندا هاتووە دوابەدوای نەمانی بودجە و بڕانی مووچە هەڵبەتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان قوربانی یەکەم بوون، بە تایبەت پیشمەرگەکان کە لە سەنگەرەکانی پێشەوە سنگیان کردۆتە قەلغانێک بۆ پارێزگاری کردنی گەل و نیشتمانیان، بەڵام لەبەرامبەردا ناڕەزایی ئەوان بۆ پێنەدانی مووچە و دواکەوتنی گەورەترین گرفتی لێکەوتووتەوە، ئەوان ناترسن لە دوژمن بەڵکو دەترسن لەوەی کە خانەوادەکانیان دووچاری مردنی برسیتی ببنەوە، دەترسن لەوەی خوێنەکانیان کانی هەژاری و مەینەتی و بێدەرامەتی لە ناو ماڵەکانیاندا بتەقینیتەوە، راستە ئێستاکە لەبەردەم چاوەڕوانی هاتنی پارەن لە عێراقەوە بەڵام هەندێک شت لە ژیان ناتوانرێـت چاوەڕی بکات، منداڵە پیشمەرگە لە چاوەڕوانی داهاتی باوکێـتی تاوەکو بچێتە قوتابخانە و ساواکانیان لەچاوەروانی باوکیانن تاوەکو نەمرن لە برسا، خێزانی پێشمەرگە دەست لەسەر دڵیانە و لە دڵەڕاوکی ئەوەدان هەواڵی شەهیدبونیان پێ بگات، ئەمانە پێناسەیەکن لە ژیانی رۆژانەی ئەوان، بۆیە پێشمەرگە ئێستا ئەوەندەی هاتنی مووچەی بەلاوە گرنگە روحی خۆی ئەوەندە بەلاوە گرنگ نییە!!
هەر بۆیە پلان دانان و رێکخستن و دابینکردنی مووچەی پێشمەرگە لە سەردێری هەموو راپورتە ئابوری و مەسەلەکانی تر گرنگترن، با مووچەکان ئەوەندە دوانەکەویت و لەبری پێدانی مووچە تایبەت و باڵادەستەکان با پیشمەرگە هەژارەکان دلخۆش بکرێن، بەداخەوە پیشمەرگە هەیە لەکاتی شەهید بوونی تەنانەت مەراسیمی بە خاک سپاردن و تازییەکەی بە قەرز کراوە، وێرای دەست خۆشی بۆ کەناڵ و راگەیاندن و ستران بیژ و میوزیک ژەنەکان کە پیشمەرگە بە مانشیتی کارەکانیان لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئێستاکە لە واقعی ئەمرۆدا پیداویستی پێشمەرگە مووچەیە نەک ستران و میوزیک و پێاهەڵدان.
با هەرچی دەزگا خیرخوازی و مرۆڤایەتی هەیە ئاور لە خانەوادەی پیشمەرگە شەهیدەکان بدەنەوە، ئاور لە کریچی و بێ داهات و برینداری پێشمەرگەکان بدەنەوە، راستە ئەرکی کوردستان زۆر قورس بووە و بارگرانی زۆر کەوتۆتە سەر حکومەتی هەرێم بەڵام ئەوەیان لە بیر نەچێت کە بەرژەوەندی سیاسەتی ئێستا پابەندە بە بەرژەوەندی ئابوری هەر تاکێک کە رۆڵی هەبێت لە سیاسەتی کوردستان، پیشمەرگەش نمونەی ئەو رۆڵەن و پیشڕەوی هەموو لایەکن .
ماستەر لە کارگیری کاردا