ئەوانیش كەمترنین لە ئێمە !

ئەوانیش كەمترنین لە ئێمە !
لە رۆژێكە جیهانی دا كاتێك ئەوانیش دێنەوە بیرمان، هیچ نەبێ دڵیان بەو وەبیر هاتنەوەیە خۆشە . تۆ بڵێی هەستی ئەوان چۆن بێت ؟
لە كاتێكدا ئەم قەدەرە نابووتە سروشتی ئەوانی وەها بنیات ناوە، ئەگەر خۆیان لە ئەزەلەوە پەیكەرسازی جەستەی خۆیان بوونایە بێگومانم جەستەیەكی (پۆرترێت) ناتەواویان بۆ خۆیان دروست نەدەكرد، بەڵكو بێگومانم جوانترین و بێ كێشەترین جەستەیان بۆ خۆیان هەڵدەبژارد.
ئەوانیش خەڵكی بەهرەمەندیان تێدایە، ئەوانیش خەڵكی زانایان تێدا هەڵدەكەوێ . كە خودای مەزن ئەندامێكی لە ئەوان زەوت كرد لە هەمان كاتدا ئەندامێكی تری هێندە بەهێز كردووە كە رەنگە ئێمەی مرۆڤی كامڵ و ئاسایی ئەو هێزەمان نەبێت .
كەمئەندامەكان ئەوانەن دەستی خودا بە ئەندامێكی جەستەیان رانەگەیشتوو و بەمشێوەیەیان لێهات . بێنە بەرچاوی خۆت و بیربكەرەوە، كە ئێستا ئەم دەقە ئەخوێنیتەوە وا بیربكەوە كە تۆش كەمئەندامیت، دەستت نییە، قاچت نییە ... تاد، چۆن هەست ئەكەی مەگەر لەناكاو رانەچڵەكێین و بڵێن سوپاس بۆ تۆ خودای مەزن كە منیش وانەبووم و ساغ بووم !!
كەچی كەمئەندامەكان گەر سەریشیان بە بەرد بشكێنن لەم خەوە ناخۆشە رزگاریان نابێ ! بەمشێوەیە هەر ئەبێ بژین تا ئەمرن و ئەگەرێنەوە لای پەروەرێنەرەكەی خۆیان .
وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی لەم هەرێمە، مانگانە مووچەی 150،000 دیناری عێراقی ئەدا بەم كەمئەندامانە . لە هەمان كاتدا نزیكەی 30،000 مرۆڤە كەمئەندام لەم مەملەكەتە بوونی هەیە .
لە یەكێك لە كەناڵە كوردییەكان بەرنامەیەك تەوەرەكەی لە رۆژی جیهانی كەمئەندامان تایبەت بوو بەم بابەتە . یەكێك لە میوانان كە مرۆڤێكە كەمئەندام بوو وتی : حكومەت تۆ مانگی 150،000 دینار ئەدەی بە من تا خۆمی پێ بژیەنم، تۆ وەرە من 250،000 دینارت ئەدەمێ تۆ من بژیەنە .
ئەم وتەیەی ئەو تاساندمی خۆمم هاتەوە یاد و خۆمم وەك ئەو هاتە بەرچاو . ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێت زۆر بە كورتی ویستم پەیامی ئەوان (كەمئەندامەكان) بگەیەنم . بڵێم كە ئەوانیش هەمان پەروەردگار دروستی كردوون كە ئێمەشی وەها ساغ و بێ كێشە دروستكردووە . لەوانەیە لە رووی جەستەییەوە تواناكانیا وەكو ئێمە نەبن بەڵام دڵنیام تواناكانیان بە كەڵكی كاری زۆر باشتر دێن، كەواتە با بێین كارەكانمانیان لەگەڵدا بەشكەین، ئەوانیش كەمترنین لە ئێمە !
Top