(عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم) سه‌رده‌می قسه‌ی بریقه‌دار باوی نه‌ماوه !

(عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم) سه‌رده‌می قسه‌ی بریقه‌دار باوی نه‌ماوه !
به‌درێژایی مێژوو میلله‌تی کورد له‌لایه‌ن ڕژێمه‌ داگیرکه‌رانی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك ،زوڵم و زۆرداری لێکراوه‌ و هه‌ر چییه‌کیان به‌سه‌رمان هێنا درێغێێان نه‌کردووه‌ و تائه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت زوڵم و زۆرداری به‌رده‌وامه‌و هه‌ر کاتێكیش ده‌ستییان ڕۆشتبێت ئه‌وه‌ قه‌تل و عامیان کردووین و هه‌ر کاتێکیش بزانن به‌هێزین به‌قسه‌ی بریقه‌دار ده‌یانه‌وێت هه‌ڵمان خه‌ڵه‌تێنن ، ئه‌وه‌یه‌ پیشه‌ی داگیرکه‌ر ئه‌گه‌ر زانی کات و ده‌رفه‌ت بۆی له‌بار نییه‌ ئه‌وه‌ ده‌ست به‌پاڕانه‌وه‌ ده‌کات !! .. وه‌ك ده‌زانین ئێستا گه‌رمه‌ی باسکردنی ده‌وڵه‌تی کوردیه‌ و کورد زۆر به‌ ئاینده‌ی خۆی گه‌شبینه‌ و به‌تایبه‌تی زیاتر گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌رده‌م موژده‌ی خۆشی ده‌داته‌ گه‌له‌که‌ی و ئه‌مه‌ش جێگای دڵخۆشی و ئومێدی تاك و کۆمه‌ڵی کورده .. چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌و به‌ر عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم سه‌ردانی کوردستانی کرد و له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و زۆر چین و توێژ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا و گه‌لی کورد به‌م سه‌ردانه‌ی ناوبراو دڵخۆشبوو ،چونکه‌ پێیوابوو ئه‌لحه‌کیم پاڵپشته‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی کوردستان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باسی کرد و ئاماژه‌ی پێدا له‌ناو جه‌رگه‌ی کوردستان دژایه‌تی خۆی بۆ خواست و ئاواته‌کانی گه‌لی کورد ده‌ربری ، به‌ڵام دژایتیکردنه‌که‌ی خۆی به‌شێوازێکی دیبلۆماسیانه نیشانیدا وگه‌لی کوردی به‌ دڵی ئێڕاقی ناوزه‌ند کرد ،ئه‌وه‌ی ئه‌لحه‌کیم باسی کرد و ئێمه‌ی به‌دڵی ئه‌و ئێڕاقه‌ وه‌سفکرد ، ئه‌وه‌ کاتی ئه‌و ئاخافتن و قسانه به‌سه‌رچوو و ئێستا گه‌لی کورد زۆر هۆشیاره‌ و قسه‌ی بریقه‌دار باوی نه‌ماوه‌و کورد خۆی بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی یه‌کجاره‌کی ئاماده‌ کردووه‌ و کورد ته‌نها دڵی کورده‌ و نامانه‌وێ ببینه‌ دڵی هیچ که‌س و ده‌وڵه‌تیك و ده‌ستی ئاشتی بۆ هه‌موو که‌س درێژ ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی سه‌قامگیربێت ،به‌ڵام دڵداری له‌گه‌ڵ که‌س ناکه‌ین و هیچیتر ناتووانین ببینه‌ ژێر ده‌ست و له‌کاتی به‌هێزبوونتان ئه‌نفال و کیمیابارانمان بکه‌ن و له‌کاتی به‌هێزیشمان ببینه‌ دڵتان .. مێژوو زوڵم و غه‌دری لێکردین و ئێستاش کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ مافی خۆمان وه‌ربگرین و وه‌ك جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی پێکرد له‌کاتی په‌خشینی خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی ( ئه‌تلانتیك وده‌ریای ناوه‌ڕاست) زوڵم له‌بیر ناکه‌ین ، به‌ڵام تۆڵه‌ ناکه‌ینه‌وه‌ ، تۆڵه‌ به‌ هیمه‌تی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌نفال و کیمیاباران به‌جینۆساید ده‌ناسێنن ، به‌ڵێ ئه‌وه‌یه په‌یڤی کورد و هیوادارم هه‌ر چی زووه‌ ئاڵای کوردستان له‌سه‌ر خاکی کوردستان به‌رز بکرێته‌وه‌و سه‌رۆك بارزانی موژده‌ی سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌ێنێت .
Top