هه‌وڵی تیرۆرکردنی بارزانی نه‌مر.. که‌ره‌سته‌و که‌سه‌کان

هه‌وڵی تیرۆرکردنی بارزانی نه‌مر.. که‌ره‌سته‌و که‌سه‌کان
دوای تێپه‌ربوونی ماوه‌یه‌ک به‌ سه‌ر مۆرکردنی به‌یاننامه‌ی 11 مارتی 1970 ده‌سه‌ڵاتی به‌عس که‌وتنه‌ پاشه‌کشێ له‌ جێبه‌جێکردنی به‌ڵێنه‌کانیان و زه‌قترین کاریان پیلانی کوشتنی بارزانی بوو له‌ رێگه‌ی کۆمه‌ڵێک له‌ پیاوانی ئاینه‌وه‌ که‌ داوای چاوپێکه‌وتنیان کردبوو له‌ گه‌ڵ بارزانی .
کاک مه‌سعود بارزانی له‌ کتێبه‌که‌ی ( بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد ) دا ده‌ڵێ :
له‌ 15ی ئه‌یلولی ساڵی 1970 دوو زانای ئاینی هاتنه‌ باره‌گاکه‌مان و داوای چاوپێکه‌وتنیان کرد له‌ گه‌ڵ بارزانی به‌ مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ لابردنی گرژیه‌کانی‌ نێوانی شۆرش وده‌سه‌ڵاتی به‌عس ، یه‌که‌میان ناوی عه‌بدولجه‌ببار ئه‌لئه‌عزه‌می سوننی بوو و ئه‌ویتریان ناوی عه‌بدولحوسه‌ین ئه‌لده‌خیل که‌ شیعه‌ بوو .



شۆڤێره‌که‌ که‌سێکی سه‌ر به‌ ئه‌من بوو بۆیه‌ له‌و کاته‌ی له‌وێدا بوو به‌ دیققه‌ت نه‌خشه‌ی ناوچه‌که‌ وشوێنی دانیشتنی بارزانیان ده‌ستنیشان کرد .
بارزانی به‌خێرهاتنی کردن و رێگه‌ی دا که‌ وه‌فدێک له‌ زانایانی ئاینی بێنه‌ لای ، ئه‌وه‌ بوو له‌ 29ی ئه‌یلولی 1970 وه‌فده‌که‌ به‌رێکه‌وتن و گه‌یشتنی ناوچه‌که‌مان ، یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌گه‌کانی بازگه‌که‌ ده‌یه‌وێ پشکنین بکا به‌ڵام ئه‌لئه‌عزه‌می به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ داده‌به‌زێ و به‌ پێشمه‌رگه‌که ‌ده‌ڵێ ئێمه‌ میوانی بارزانین ، ئه‌گه‌ر رێگه‌مان نه‌ده‌ین به‌ جه‌نابی بارزانی ده‌ڵێێن بێرێزیمان پێکراوه‌ ، بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌که‌ رێگه‌یان ده‌دا به‌ره‌و باره‌گای بارزانی بکه‌ونه‌ رێ ، سه‌رجه‌می وه‌فده‌که‌ به‌ دوو سه‌یاره‌ هاتبوون ، یه‌کێکیان جۆری تویۆتا ئیسته‌یشن بوو و ئه‌وێ تریان شؤڤه‌رلێتی مۆدێل 1965 بوو .
ئه‌و رۆژه‌ من دکتۆر مه‌حمود عوسمان لای بارزانی بووین چونکه‌ ده‌بوو له‌و کاته‌ ده‌رزی لێبدرێت .
له‌و ده‌مه‌دا به‌رپرسی باره‌گای بارزانی هات و وتی مه‌لاکان گه‌یشتوون و چاوه‌روانی بارزانی ده‌که‌ن ، بارزانی وتی باشه‌ من ده‌رۆم نوێژی عه‌سر ده‌که‌م و له‌ ده‌مژمێر پێنج و نیو دێمه‌ لایان ، منیش به‌ دکتۆر مه‌حمودم وت ده‌رۆم ریشم ده‌تاشم و له‌ پێنج ده‌گه‌رێمه‌وه‌ .



خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی رۆیشتبوو بۆ سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ چیای حه‌سه‌ن به‌گ و زۆزه‌گ ده‌ڵێ ، له‌ چوار و نیو گوێم له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کی به‌هێز بوو، بۆ یه‌که‌م چرکه‌ وامزانی ته‌قینه‌وه‌ی دینامیتی تایبه‌ت به‌ شکاندنی به‌ردی چیاکانه‌ به‌ڵام دوای چه‌ند چرکه‌یه‌ک بوو به‌ ده‌سترێژی فیشه‌گ بۆیه‌ به‌ شپرزه‌یی رامکرد به‌ره‌و ماڵی بارزانی بینیم له‌ ماڵه‌وه‌ نیه‌ ، چه‌کێکم کرده‌شان و به‌ره‌و دیوه‌خان رۆیشتم له‌وێ نیهادم بینی و لێمپرسی کوا بابه‌ ؟ وتی ، کوژرا !! هێز له‌ ئه‌ژنۆکانم بچرا و که‌وتمه‌ سه‌ر عه‌رز ، زۆرم له‌ خۆم کرد و هه‌ڵسامه‌وه‌ و رۆیشتم به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی ته‌قینه‌وه‌که‌ی تێدا کرا ، له‌وێ ڕه‌سول خدرم بینی که‌ پاسه‌وانی بارزانی بوو، لێم پرسی چی روویداوه‌ ؟ ئه‌ویش دڵنیای کردمه‌وه‌ وتی هیچ نیه‌ پرشێکی بچوکی نارنجۆکی به‌رکه‌وتووه‌ .
دواتر بۆم ده‌رکه‌وت که‌ بارزانی دوای نوێژی عه‌سر به‌ ماوه‌یه‌ک پێش کاتی دیاریکراو رۆیشتووه‌ بۆ لای مه‌لاکان و له‌ کاتی دانیشتنه‌که‌دا ئه‌و پێشمه‌رگه‌ ی چای داده‌نێت ده‌که‌وێته‌ نێوان بارزانی و ئیبراهیم خوزاعی که‌ بۆمبه‌که‌ی له‌ ژێر جوببه‌که‌ی حه‌شار داوه‌ بۆیه‌ روح و گیانی خۆی ده‌کاته‌ قوربانی ( درود له‌ یادی پیرۆزی ) و بارزانیش هه‌ر وه‌کو موعجیزه‌ به‌ سه‌لامه‌تی رزگاری ده‌بێت .
چوار که‌س له‌ مه‌لاکان له‌ ناو ژوره‌که‌دا له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌که‌دا کوژران و ئه‌وانی تریش له‌ ژوره‌که‌ هه‌ڵاتن و بارزانیش له‌ پاشیانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و هاوار ده‌کات له‌ پێشمه‌رگه‌ که‌سیان نه‌کوژن .به‌ڵام دوو شؤڤێره‌که‌ دوای ئه‌وه‌ی نه‌یاتوانی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ شۆفرلێته‌که‌ که‌ لایته‌کانی دواوه‌وه‌ی بۆمبرێژ کرابوو بو هه‌ڵاتن ده‌ستیان کرد به‌ هاویشتنی نارنجۆکی ده‌ستی ، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ که‌ دوو شؤڤێره‌که‌ سه‌ر به‌ ده‌زگای ئه‌منن و مه‌لاکان ئاگایان له‌ پیلانه‌ نیه‌ به‌ڵکو به‌ کارهێنراون بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌ .
لێره‌دا پێشمه‌رگه‌ که‌وتنه‌ حاڵه‌تی به‌رگری و چیتر نه‌توانرا به‌ریان لێبگیرێت تا توانییان ئه‌و دوو که‌سه‌ش بکوژن که‌ چووبوونه‌ خانووه‌که‌ی ته‌نیشت و به‌ده‌وام به‌ چه‌پ و راست نارنجۆکیان ده‌هاویشت ، بارزانی و دکتۆر مه‌حمود و کۆمه‌ڵێکی تریش به‌ سه‌لامه‌تی ده‌رچوون .
له‌ گه‌رمه‌ی ده‌سترێژه‌کان بارزانی و دکتۆر مه‌حمود ده‌وه‌ستن و له‌ په‌سا بارزانی هاوار ده‌کات ته‌قه‌ له‌ مه‌لاکان نه‌کرێت و له‌و ده‌مه‌دا جگه‌ره‌یه‌ک پێ ده‌کات بۆیه‌ دکتۆر مه‌حمود به‌ بارزانی ده‌ڵێ ( بێ قه‌زا بیت ئێستا وه‌ختی جگه‌ره‌ کێشانه‌ ، بیکه‌ خاتری خوا‌ بکشێره‌وه‌ شوێنێکی ئاسایش .
جلو به‌رگی بارزانی پڕ بووبوو له‌ خوێن و مێشکی کوژراوان و له‌ ده‌مژمێری پێنج و بیست و پێنج هه‌مو پیلانگێران کوژران و دوای چه‌ن ساتێک تویۆتاکه‌ش له‌ شوێنی خۆیدا ته‌قییه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌و شوێنه‌دا کۆببنه‌وه‌ .
نۆ که‌س له‌ پیلانگێره‌کان کوژران که‌ ئه‌مه‌ ناوه‌کانیانه‌ :


- عه‌بدولجه‌با ئه‌لئه‌عزه‌می .
- عه‌بدولوه‌هاب ئه‌لئه‌عزه‌می
- عه‌بدولحوسه‌ین ئه‌لده‌خیل
- باقر ئه‌لموزه‌ففه‌ر
- ئیبراهیم ئه‌لخوزاعی
- غازی ئه‌لدلێمی
- ئه‌حمه‌د عه‌بوڵا یاسین ئه‌لهیتی
- نوری ئه‌لحوسه‌ینی
- ئه‌حمه‌د مه‌حه‌مه‌د ئه‌لقاسم
- سلێمان کوخی ( شۆڤێر )
- محه‌مه‌د کامیل ئیسماعیل ( شۆڤێر )

دوو پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون ( سه‌لیم زوبێر بارزانی و مه‌حمود شه‌ریف نه‌زاری ) و چوار پێشمه‌رگه‌ش بریندار بوون .
کاک مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێ :
دوای ماوه‌یه‌کی که‌م خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌ پیلانه‌که‌یان زانی و هاتنه‌ پێش باره‌گای بارزانی و داوای ئه‌وه‌یان کرد که‌ بڵاوه‌ی لێناکه‌ن تا به‌ چاوی خۆیان بارزانی نه‌بینن ، ئێمه‌ش به‌ په‌له‌ بروسکه‌یه‌کمان لێدا بۆ هه‌مو هێز و لقه‌کانمان ، داوامان لێکردن دان به‌خۆیان بگرن هیچ جۆره‌ کاردانه‌وه‌یه‌کیان لێ روو نه‌دا .
شه‌وێ سه‌رکردایه‌تی هه‌رێمی پارتی به‌عس بروسکه‌یه‌کیان بۆ لێدان و دڵخۆشی خۆیان ڕاگه‌یاند به‌ سه‌لامه‌تی بارزانی و ئاماده‌باشی خۆیان نیشاندا بۆ یارمه‌تیدان له‌ په‌رده‌هه‌ڵدان به‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌و تاوانه‌ ، ئێمه‌ش له‌ وه‌ڵامدا وتمان ، تاوانباران له‌ به‌غداوه‌ هاتوون !!
سه‌رۆک کۆمار د. عه‌بدولسه‌تتار جه‌واری که‌ یه‌کێک بوو له‌ وه‌زیره‌کانی نارده‌ لامان و بێئاگایی خۆی نیشان دا له‌ پیلانه‌که‌ و دواتر لێژیه‌کی لێپێچینه‌وه‌ پێکهات له‌ ئه‌ندامانی هه‌ردوولا ، بێ گومان هیچ ئه‌نجامێکی لێسه‌وز نه‌بووه‌وه‌ چونکه‌ رژێم خۆی پیلانه‌که‌ی چنیبوو .
دوابه‌دوای ئه‌و پیلانه‌ سه‌رکردایه‌تی شۆڕش و پارتی کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا ، هه‌ندێ له‌ ئاماده‌بووان داوای دیسانه‌وه‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕیان کرد به‌ڵام بارزانی له‌ وه‌ڵامدا وتی :
ئه‌گه‌ر بریار بێت شه‌ڕهه‌ڵگیرسێته‌وه‌ با له‌ پێناوی من نه‌بێت به‌ڵکو بۆ که‌رکوک و خانه‌قین و شه‌نگار بێت .
به‌ڵام دوای ئه‌و پیلانه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ متمانه‌ لاواز و لاوازتر ده‌بووه‌ له‌ نێوانی رژێم و شۆڕشی کورد .
Top