ئازادی ڕۆژئاوا چۆن بپارێزین؟؟

ئازادی ڕۆژئاوا چۆن بپارێزین؟؟
له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕینی ڕۆژئاوای کوردستان باسێکم نوسی سه‌باره‌ت به‌ ڕاپه‌ڕینی ڕۆژئاوا که‌ ده‌کریت وه‌ک پێناسه‌یه‌کی ئه‌م پارچه‌ ئازیزه‌ی کوردستانمان مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت بۆیه‌ لێره‌دا نامه‌وێت دوباره‌ ئه‌و زانیاریانه‌ بنوسمه‌وه‌ به‌لکو مه‌به‌ست له‌ نوسینێکی وا هه‌ر تاکه‌و له‌جێگای خۆیه‌وه ‌ئه‌وه‌ی پێده‌کرێت بیکات و درێخی نه‌کات له‌ پشتگیریکردنی ئه‌و خوشکو برایانه‌مان که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ له‌ ژێر زوڵمو زۆرداری کۆلۆنیالێکی یه‌کجار دواکه‌وتو ده‌ناڵێنێت، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ هه‌رچی دروشمه‌ که‌پارچه‌ جیاجیاکان ده‌یخه‌نه‌ڕوو جگه‌ له‌خۆڵکردنه‌ چاو هیچی ترنیه‌. من پێم سه‌یره‌ چۆن کوردێك له‌ ماڵه‌وه دائه‌نیشێتو به‌دوو چاوی سه‌یری تاوانی به‌عسی سوری ده‌کات که‌ ده‌رهه‌ق به‌ ڕۆله‌کانی کورد ده‌کرێت و له‌به‌رامبه‌ردا خه‌باتی شێرانه‌ی کور‌د به‌ره‌و چنگهێنانی ئازادی به‌رده‌وامه‌ و به‌لای برا یان خوشکی بینه‌ره‌وه‌ هیچ ناگه‌یه‌نیێتو هیچ هه‌ستێکی ناکه‌وێته‌ جوڵه‌ یان وه‌ک هه‌ر هه‌واڵێکی سیاسی که ڕۆژانه‌ ‌له‌ کونجو که‌له‌به‌ره‌کانی ئه‌م جیهانه‌دا ڕووده‌دات مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌کات، که‌چی بۆ ڕوخاندنی پارچه‌ نیوچه‌ ڕزگارکراوه‌که‌ی خۆی سه‌ری بۆخۆی نیه‌و ته‌نانه‌ت ڕوحی خۆشی بۆ ده‌کات به‌قوربانی، هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ بێته‌ پڕۆژه‌‌یه‌کی ڕووخاندنی ووڵاتی خۆی، که‌چی زمانی حاڵیشی باس له‌ دوروشماکانی ئازادی و ڕزگاری و هیتر ده‌کات ئائه‌مه‌یه‌ سیاسه‌تێکی بانێکه‌و دوو هه‌وا‼. ئه‌مڕۆ هاوکات له‌گه‌ڵ گه‌لانی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاستو باشوری ئه‌فریقا کوردی خۆمانیش له‌ کوردستانی سوریا مه‌چه‌کی ڕاپه‌رینیان لێهماڵیوه‌و هه‌روه‌کو له‌ وتاری پێشوودا باسم لێوه‌کرد ته‌نها جوته‌ هه‌نگاوێکیان ماوه‌ بگه‌نه‌ ئامانجو ڕژێمیش له‌ سوریا وه‌کو حکومه‌تێکی شۆفێنی به‌ره‌نگاری ئازادی خوازانی کورد ده‌بێته‌وه ‌ هه‌ر بۆ نمونه ناوی ‌ له‌دواترین ‌(هه‌ینی ئازادی) یان له‌ گردبونه‌وه‌که‌ی خۆیاندا نا، ئه‌مه‌ش بێگومان هه‌نگاوێکی ڕاسته‌ به‌ره‌و مه‌به‌ستێکی ڕاستو سروشتی چونکه‌ کێشه‌ی کورد له‌ سوریا و له‌ هه‌مو پارچه‌کانی کوردستانیش جیاوازیه‌کی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌ به‌راوورد له‌گه‌ل کێشه‌ی گه‌لانی تر،کێشه‌ی عه‌ره‌بی سوری ته‌نها کێشه‌ی ڕژێمێکی دکتاتۆری تاکڕه‌وه‌ به‌ڵام کێشه‌ی کورد کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێناسنامه‌و بێکیانو کێشه‌ی ژیانه‌ له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی دواکه‌وتوترین کۆلۆنیایه‌، ئه‌وان باشترین کورد به‌به‌شێک له‌نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ده‌زانن، ئه‌گه‌ر باسی جیابونه‌وه‌ بکات ئه‌وا کفرێکی سیاسی گه‌وره‌یه‌ به‌ (ئینفیساڵی) ناوزه‌دی ده‌که‌نو به‌و پێیه‌‌ش سزای ئاماده‌یان هه‌یه‌ ده‌رهه‌ق هه‌رکه‌سێک به‌ ئاشکرا باس له‌ جیابونه‌وه‌ بکات که‌به‌رامبه‌ر به‌ سزای خیانه‌تکردن له‌نیشتیمان که‌ بێگومان سزای ئه‌ویش ئیعدامه‌، به‌لام بێگومان تاکی عه‌ره‌بی نه‌ک باس له‌ جیابونه‌وه‌ ناکات به‌ڵکو هه‌رچه‌نده‌ دژ به‌ڕژێمیش بێت له‌مه‌سه‌له‌ی جیابونه‌وه‌دا ده‌بێته‌وه‌ شه‌ریکی ڕژێمو هه‌ردووک یه‌ک وتاری یه‌کسانو هاوزمان مه‌ترح ده‌که‌ن.ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر تاکی کورد باسمان کرد ڕوو به‌ ڕووی ده‌سه‌ڵاتی کوردیش ده‌بێته‌وه له‌ کوردستانو هه‌روه‌ها ئه‌و پارتانه‌ی که‌ ناوی خۆیان ناوه‌ ئۆپۆزسیۆن ، هێشتا خۆ ئۆپۆزسیۆن پانتای ئازادیه‌که‌ی فراوانتره‌ له‌ ده‌سه‌ڵات که‌ بتوانێت به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک له‌ خزمه‌تی ڕاپه‌رینی خه‌ڵکی ڕۆژئاوادا بێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌کردویه‌تیو نه‌ ئه‌شیکات، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر لای کۆمه‌ڵێک که‌س سه‌یر بێت لای من هیچ سه‌یرو سه‌مه‌ره نیه‌، چونکه‌ مارامو ئامانجو ویسته‌کانی ئه‌م پارتانه‌ به‌کاغه‌زی دیماگۆگی پێچراونه‌ته‌وه‌و لای من ئاشکرایه‌، ئامانجی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی له‌لای ئه‌وان شوێنی نابێته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ڵوێستی حکومه‌تیش له‌م باره‌یه‌وه‌ پره‌ له‌ هه‌ڵه‌ی تاکتیکی و دوبلۆماسیو سیاسی بۆنمونه‌، ده‌بوو ئێستا ئامڕازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمو هه‌روه‌ها نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌رێمو چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی تری له‌ خزمه‌تی سه‌رخستنی ڕاپه‌رینی کوردانی قامیشلۆ و ئاموداو کوبانیو هه‌سه‌که‌و شوێنه‌کانی تربونایه‌، به‌تایبه‌تی که‌ ڕژێمی سوریا زۆر قه‌ڵسه‌ به‌ تاقیکردنه‌وه‌ی نوێی باشوره‌ تائێستاش هه‌وڵی دروستکردنی پردی په‌یوه‌ندی نه‌کردوه‌ له‌گه‌ل هه‌رێمی کوردستان هه‌رچه‌نده‌ هه‌مو ووڵاتانی ده‌وروپشت ئه‌وه‌یان کردوه‌ به‌لکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ داڵده‌ی دوژمنانی کوردی داوه‌‌ ووڵاته‌که‌یان بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی تیرۆر دژبه‌ که‌رکوکی کوردستان هه‌ر که‌ به‌رپرسێکیان زاری ده‌کاته‌وه‌ بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر عێراق باس له‌ (وه‌حده‌ی ئه‌رازی عێراق) ده‌کات دیاریشه‌ کاتێک که باس له‌‌ به‌عس ده‌کات ده‌یه‌وێت چی بڵێت، هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستیان گه‌ڕانه‌وه‌ی کوردی باشوره‌ بۆ زه‌بری حوکمی عه‌ره‌بی، ئه‌مانه‌ هه‌مو وامان لێ ئه‌کات بڵێن که‌ ئایه‌ بۆ ئه‌بێت ووڵاتێکی وه‌کو تورکیا به‌ئاسایی باس له‌ مه‌ترسی داپلۆسینی خه‌ڵکی ڕاپه‌رینی سوریا بکات له‌لایه‌ن دارو ده‌سته‌ی به‌شار ئه‌سه‌دو سه‌رۆکی حکومه‌تی تورکیو عبدلله‌ گیول چه‌ندین جار له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌ی کردوه‌. که‌چی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕووبه‌روبونه‌وه‌یه‌کی که‌ناڵیکی عه‌ره‌بیدا دڵخۆشی خۆیو حکومه‌ته‌که‌ی ده‌رده‌بریت به‌ به‌خشینی ناسنامه‌ی سوری به‌هه‌ندێک هاوڵاتی کوردو به‌هه‌نگاوێکی ئه‌رێتی گرنگ له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات، نا به‌رێز دکتۆر به‌رهه‌م ئه‌مه‌ی جه‌نابت ده‌فه‌رموێت هه‌رگیز نا‌بێته‌ وتاری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌به‌تایبه‌تیش له‌ ڕۆژگارێکی وه‌کو ئه‌مڕۆدا که‌فرسه‌تێک بۆ رۆژئاوا لواوه‌ ڕه‌نگه‌جارێکی تر دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌، ئاخر بۆ ئه‌بێت ئیمه‌ دبلۆماسیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ووڵاتێکی وه‌کو سوریا بکه‌ین؟؟ که‌چی له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و ڕژێمه‌ی به‌ره‌وگۆرستانی ئه‌به‌دیو واخه‌ریکه‌ مل ده‌نێت (تعامل بلمثل) ‼ ناکات ده‌با هه‌مو باوه‌ش بۆهه‌لگرانی مه‌شخه‌لی ئازادی بکه‌ینه‌وه‌ له‌ پێناوی ڕزگارکردنی به‌شێکی دیکه‌ی ووڵاته‌ دابه‌شکراوه‌که‌مان.‌‌‌
Top