هەڵوەستەیەك لەسەر بەحزبی كردنی فەتوا- نوێژەكەی بەردەركی سەرا بە نموونە- بەشی حەوتەم

هەڵوەستەیەك لەسەر بەحزبی كردنی فەتوا- نوێژەكەی بەردەركی سەرا بە نموونە- بەشی حەوتەم
بە دڵنیاییەەوە دەڵێم: ئەو كاریگەریە خراپەی كە لەو ماوەیەدا هەندێ كادیری مێزەر بەسەر كردویانەتە سەر پێگەو مەكانەتی ئیسلام و زانایانی ئایینی لە كوردستان، تا ئێستا عەلمانیەكان نەیانتوانیوە ئەو كاریگەریە خراپەی لەسەر دابنێن، چونكە دابەزاندنی خواو پێغەمبەرو ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ شەقامێكی سنووردارو، سەنگەر گرتن بەو ناوەوە لە هەندێكی تر، هەروەها بەكارخستنی بۆ بەرژەوەندی هەندێ دەستەو لایەنی دیاریكراو، گەورەترین سووكایەتیە بەو پیرۆزیانە، چونكە خوای گەورە هەروەكو چۆن خوای موسوڵمانە، بەهەمان شێوە خوای جولەكەو مەسیحی و یەزیدیێكیشە، پاوان كردنی ئەو خودایە بەو هەموو گەورەییەوە بۆ هەندێ تاقم و دەستەو ئەندامی حزبێك، كەم كردنەوەیەوە لە گەورەیی و شان و شكۆی خودای تاك و تەنیا، لەم نێوەدا زەرمەندی یەكەم و كۆتایی ئایینی ئیسلامەو. هەر ڕەد فیعلێكیش بەرامبەر بەو پیرۆزیانە پێشان درا، یانیش سووكایەتییان پێكرا، ئەوا ئەو لایەنە لێى بەرپرسە كە یەكەم جار ئەوانی بۆ بەگژداچوونەوەی لایەنی بەرامبەر بەكارهێناوە، هەروەكو خوای گەورە دەفەرموێت:[ ؤلَا تَسُبُّوا الَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ فَيَسُبُّوا اللَّهَ عَدْوًا بِغَيْرِ عِلْمٍ كَذَلِكَ زَيَّنَّا لِكُلِّ أُمَّةٍ عَمَلَهُمْ ثُمَّ إِلَي رَبِّهِمْ مَرْجِعُهُمْ فَيُنَبِّئُهُمْ بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ ] الَانعام 108.

واتە: (ئەی ئیمانداران) نەكەن جنێو بەو بت و شتانە بدەن كە(نەفامان) هاواری لێدەكەن و بێجگە لەخوا دەیپەرستن، نەوەكو ئەوانیش بەناحەق‏ و بەنەفامی جنێو بە خوا بدەن، (چونكە ئەوانە) نایناسن‏ و قەدری نازانن...).
نوێژەكانی بەردەركی سەراو شوێنەكانی تریش كە بە ئیمامەتی هەندێ كادیری حزبی ئەنجام دەدرا، دەچێتە ئەو خانەیەو، بەشێكە لە بەحزبی كردنی عیبادەت و خوا پەرستی و, هیچ شەرعیەتێكی خوداییان تێدا نەبووەو نییە، چونكە كۆڵەگەی هەموو خێرو خواپەرستیێك دڵسۆزی و نییەت پاكیە بۆ خوای باڵادەست، هەروەكو خوای گەورە دەفەرموێت: ( وَمَا أُمِرُوا إِلَّا لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ حُنَفَا‌ء ؤيُقِيمُوا الصَّلَاةَ ؤيُؤْتُوا الزَّكَاةَ ؤذَلِكَ دِينُ الْقَيِّمَةِ ) البينة 5.
واتە: (فەرمانیشیان پێنەدرا بوو جگە بەوەی كە خواپەرستی بكەن و بەپاكی و دڵسۆزی و ملكەچی فەرمانبەرداری ئاین و بەرنامەكە بن ‏و لابدەن لە هەموو ئایینێك و تەنها پابەندی ئایینی ئیسلام بن، نوێژیش بەرێك و پێكی ئەنجام بدەن، زەكاتیش لە ماڵ ‏و سامانیان دەربكەن، ئەوەیە ئاینی نامە راست‏ و بەنرخەكانی خوا.)
پێغەمبەری گەورەشمان دەفەرموێت( انما الاعمال بالنیّات- متفق علیە).
دەتوانین نا شەرعی بوونی ئەو نوێژانە لەچەند خاڵێكدا كورت بكەینەوە:
1- بۆیە خوای گەورە مزگەوتی(ضِرَار)ی بەو ناوە وەسف كرد چونكە مەبەست و نییەتەكەیان بۆ ڕەزامەندی خوا نەبوو، بەڵكو بەكار هێنانی مزگەوت بوو بۆ خراپەكاری و تێكدانی نێوانی موسوڵمانان و پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەو لێكترازاندنی ڕێزی موسوڵمانان، هەروەكو خوای گەورە لەبارەیا دەفەرموێت: [ ؤالَّذِينَ اتَّخَذُوا مَسْجِدًا ضِرَارًا ؤكُفْرًا ؤتَفْرِيقًا بَيْنَ الْمُؤْمِنِينَ ؤإِرْصَادًا لِمَنْ حَارَبَ اللَّهَ ؤرَسُولَهُ مِنْ قَبْلُ ؤلَيَحْلِفُنَّ إِنْ أَرَدْنَا إِلَّا الْحُسْنَي ؤاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّهُمْ لَكَاذِبُونَ ] التوبة107.
واتە:( ئەو (دووڕووانەی) كە مزگەوتێكیان دروستكرد بۆ زیان گەیاندن ‏و بڵاوكردنەوەی بێ باوەڕی ‏و دروست كردنی دووبەرەكی لەنێوان ئیمانداراندا و، بۆ چاوەڕوان كردنی هاتنی ئەو كەسانەی كە پێشتر دوژمنایەتی و جەنگیان لەدژی خوا‏و پێغەمبەرەكەی دەكرد، بێگومان سوێند دەخۆن كە: ئێمە تەنها مەبەستمان چاكە بووە، (لە كاتێكدا) خودا شایەتی دەدات كە بەڕاستی ئەوانە درۆزنن.).
جا ئەگەر مزگەوت بەو هەموو گەورەیی و پیرۆزیەوە ئەمە حاڵی بێت، ئەی ئەو نوێژەی كە هەزاران كەس لە چوونیان بۆ مزگەوت بێ بەش بكات و هۆكارێك بێت بۆ تێكدانی نێوانی موسوڵمانان و ئاژاوەنانەوەو لێكترازاندنی ڕێزی موسوڵمانان، دەبێت چ پیرۆزیێكی تێدابێت و خوای گەورە چ ناوێكی لێ بنێت؟!
كەچی زۆر نا بەرپرسانە دەڵێن: لەمەزهەبی حەنەفی و شافعی و حەنبەلی دروستە نوێژ لەدەرەوەی مزگەوت بكرێت، وەك ئەوەی ئەو هەموو مامۆستاو زانا ئایینیە لە كوردستان تەنیا خەریكی خەوو خواردن بووبن و ئەمەیان نەدیبێ، بێگومان ئەمە تۆمەتێكی گەورەیە بەو زاناو پێشەوا پایە بەرزانە دەكرێت، چونكە نەك لەو مەزهەبانەدا بەڵكو لە هیچ مەزهەبێكی ئیسلامیدا نوێژێك نییە بەناوی (نوێژی توڕەیی)، ئەوەی كرا نوێژی تێكدانی نێوانی موسوڵمانان بوو، نوێژی سووكایەتی كردن بوو بە ئیسلام و زانایانی ئایینی، نوێژی ئاژاوە نانەوەو هەڵگیرساندنی ئاگری فیتنە بوو، نوێژی بە كوشتدانی ڕۆڵەكانی میللەتی كوردبوو، نوێژی تێكدانی ئەمن و ئاساییشی كوردستان بوو، نوێژی بەگژدا چوونەوەی شەرعیەت و گەیشتن بوو بە دەسەڵات و كورسی، نوێژی سووكایەتی كردن بوو بە مزگەوت و خواپەرستی، نوێژی تەقلید بوو لە ئیخوانەكانی میسرو تونس. ئەوەی لەم نێوەدا بوونی نەبوو تەنیا خواو پێغەمبەر بوون، بەمەش سەلماندیان كە ئامادەن هەموو شتێك لە پێناو بەرژەوەندی حزبی و دەسكەوتی سیاسی بكەنە قوربانی، ئەگینا چۆن لایەنێك كە خۆی بە تاكە خەمخۆری ئایینی ئیسلام و ڕەوشتی میللەتی كورد دەزانێت، نوێژی هەینی كە یەكێكە لە شەعیرە هەرە گەورەكانی ئیسلام و شوێنی شایانی تەنیا نێو مزگەوتە، بەبێ هۆكار دەگوازێتەوە بۆ نێوبازارو پێشی وابێت ئەم نوێژە لەم گۆڕەپانە، خێری زۆر زۆر گەورەترە لەو نوێژەی كە موسوڵمانان لەسەرانسەری جیهاندا لە نێو مزگەوتدا ئەنجامی دەدەن، لەكاتێكدا خوای گەورە دەفەرموێت: [( ۆأَنَّ الْمَسَاجِدَ لِلَّهِ فَڵا تَدْعُوا مَعَ اللَّهِ أَحَدًا ) الجن 18.
واتە: دڵنیابن كە: مزگەوتەكان تایبەتی خوای گەورەن، دەبێت هەر ئەوی تێدا بپەرسترێت‏ و ناوی كەسی تر نەكرێتە شەریك و هاوتای ناوی ئەو زاتە.
كەواتە: ئەو شوێنەی كە خوای گەورە تایبەتی كردووە بە زاتی خۆیەوە، تەنیا مزگەوتە. لەسەر چ بنەمایێك ئەبێت شان و شكۆی لە بازارو شەقام كەمتر بێت و، نوێژ تیاكردنی بەبێ ناوەرۆك وەسف بكرێت؟
دیسان دەفەرموێت: [ؤمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنْ مَنَعَ مَسَاجِدَ اللَّهِ أَنْ يُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ ؤسَعَي فِي خَرَابِهَا أُولَئِكَ مَا كَانَ لَهُمْ أَنْ يَدْخُلُوهَا إِلَّا خَائِفِينَ لَهُمْ فِي الدُّنْيَا خِزْيٌ ؤلَهُمْ فِي الْيَ‌َخِرَةِ عَذَابٌ عَظِيمٌ ] البقرة 114.
واتە: كەسێك لەو كەسە ستەمكارتر نییە كە خوا پەرستی لەنێو مزگەوتەكاندا قەدەغە دەكات و، هەوڵی ڕوخاندنیان دەدات، جا چ بە ڕێگری بێت لە موسوڵمانان لە چوونیان بۆ مزگەوت، یانیش بەداخستن و پشتگوێ خستنیان...هتد.
هەموو ڕاڤەكارانی قورئان كۆكن لەسەر ئەوەی كە پشتگوێ خستنی مزگەوتەكان و ئەنجام نەدانی خواپەرستی تیایاندا، بەشێكە لە ڕووخاندنیان، هەروەكو چۆن ئەنجامدانی خواپەرستی تیایاندا بەشێكە لە ئاوەندان كردنەوەیان، هەروەكو خوای گەورە دەفەرموێت: [إِنَّمَا يَعْمُرُ مَسَاجِدَ اللَّهِ مَنْ آمَنَ بِاللَّهِ ؤالْيَوْمِ الْآخِرِ ؤأَقَامَ الصَّلَاةَ ؤآ‌َتَي الزَّكَاةَ ؤلَمْ يَخْشَ إِلَّا اللَّهَ فَعَسَي أُولَئِكَ أَنْ يَكُونُوا مِنَ الْمُهْتَدِينَ] التوبة 18.
واتە: ( بەڕاستی تەنها ئەو كەسە (بەدڵ ‏و بەگیان) مزگەوتەكانی خوا ئاوەدان دەكاتەوە (بە خواپەرستی و نوێكردنەوەی) كە باوەڕی پتەوی بەخوا‏و بەرۆژی دوایی هێناوە و نوێژەكانی بەچاكی ئەنجام داوەو زەكاتیشی (لە ماڵ‏ وسامانی) دەركردووە و لە كەسیش نەترساوە جگە لە خوای باڵادەست، جا ئومێدە ئەو جۆرە كەسانە لە ریزی رێنموویی كراواندا بن.)
پێغەمبەری سەروەرمان (د.خ) دەفەرموێت: [أحب البلاد إلي الله مساجدها ، وأبغض البلاد إلي الله أسواقها] رواه مسلم.
واتە: خۆشەویستترین شوێن لەلای خودا مزگەوتەكانن، شوێنێكیش كە خوای گەورە زۆرترین ڕقی لێیە بازاڕەكانن)، بەڵام لای كادیرانی مێزەربەسەر، مەسەلەكە پێچەوانەیەو بازار لە مزگەوت پیرۆزترەو نوێژی نێو بازار لە حەج و عومرەو هەمووئەو نوێژانە خێرترە كە موسوڵمانان لە نێو مزگەوتدا ئەنجامی ئەدەن. ئەمەش سووكایەتیێكە بە مزگەوت و خواپەرستی، تا ئێستا جگە لە كەسانی ناحەز بە خواو بە پێغەمبەر، لە كەسێكی ترمان نەبیستووە كە تۆزقاڵێك بڕوای بە خواو بە پێغەمبەرو بنەما نەگۆڕەكانی ئیسلام هەبێت. چ جای كەسانێك كە خۆیان بە تاكە نوێنەری خواو پێغەمبەر بزانن. خۆ ئەگەر كەسێكی غەیرە خۆیان ئەم قسەی كردبایە، ئەوا ئەرزو ئاسمانیان لێكدەداو هێرش و پەلاماریان دەگەیشتە عەرشی خودا، بەڵام چونكە لە خۆیانە، بەلای ئەوانەوە ئەو دەسەڵاتەی هەیە ئەگەر بە هەڵەش بێت بە زمانی خواوپێغەمبەرەوە قسە بكات و، كەسیش بۆی نییە پێی بڵێ: پشتی چاوت دوو برۆیە، ئەگینا پیاوی دەسەڵاتە.
2- بێگومان بەگواستنەوەی نوێژی هەینی لە مزگەوتەوە بۆ نێو بازار، گەورەترین سووكایەتیان بە نوێژو خواپەرستی كرد، چونكە لە فیكە كێشاندا دروست وەكو ئەو نوێژە بوو كە خوای گەورە لەبارەیا دەفەرموێت: [ؤمَا كَانَ صَلَاتُهُمْ عِندَ الْبَيْتِ إِلاَّ مُكَا‌ءً ؤتَصْدِيَةً ...الَاية] الَانفال35
واتە: ( ئەوانە نزا‏ و پاڕانەوەشیان لەلای ماڵی خوادا (كەعبەی پیرۆز) جگە لە فیكەكێشان ‏و چەپڵە لێدان شتێكی تر نەبووە...هتد.)
3- دیارە وتاربێژەكانی بەردەركی سەرا هەمیشە جەختیان لەوە دەكردەوە كە خۆپێشاندانەكە تەنیا بە مەبەستی بنبڕكردنی گەندەڵی بووە، بەڵام خۆشیان گەندەڵیان لە ئەركی خۆیاندا دەكرد، چونكە زۆربەیان كارمەندی وەزارەتی ئەوقاف بوون و مانگانە مووچەیان وەردەگرت، هەروەها پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتیش بوون، بەبێ بڕیاری ئەو وەزارەتە نەدەبوو مزگەوتەكانیان بەجێ بهێڵین و لە شوێنێێكی تر خوتبە بدەن، كەچی بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی خۆیان مزگەوتیان بەجێ دەهێشت و لە شەقام و بازار پێش نوێژیان بۆ خەڵك دەكرد.جا كەسێك بەخۆی گەندەڵ بێت چۆن دەتوانێ گەندەڵی بنبڕ بكات.
4- زیاد كردنی هەر خوتبەیەیێك پێویستە بڕیاری وەلی ئەمری لەسەر بێت، چونكە زانایانی ئایینی كۆكن لەسەر ئەوەی كە دروست نییە هیچ خوتبەیێك زیاد بكرێت مەگەر بە بڕیاری وەلی ئەمر، كەچی وتاربێژانی بەردەركی سەرا ئەم فەرمانەشیان پێشل كردو كەمترین حیسابیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بە مەسەلەكەوە نەكرد، ئەمەشیان بێگومان كارێكی ناشەرعیە.
5- خوای گەورە دەفەرموێت: [يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آ‌مَنُوا إِذَا نُودِي لِلصَّلَاةِ مِن يَوْمِ الْجُمُعَةِ فَاسْعَوْا إِلَي ذِكْرِ اللَّهِ وَذََرُوا الْبَيْعَ ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ] الجمعة9
واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە كاتێ‌ كە بانگ درا بۆ نوێژ لە رۆژی هەینیدا، ئێوە بە پەلە بچن بەدەم یادی خواوەو واز لە كڕین‏ و فرۆشتن بهێنن، چونكە ئەو كارەتان بۆ خۆتان چاكترە ئەگەر بزانن‏ و تێبگەن).
هەموومان دەزانین كە بازرگانی حەڵالەو پێغەمبەری خوا(د.خ) زۆرخەڵكی بۆ هانداوە، بەڵام لەكاتی بانگدان بۆ نوێژی هەینی هەموو كارو كردەوەیێك حەرامە، بەكڕین و فرۆشتنیشەوە ، كەچی كادیرانی حزب، لەسەرووی هەمووشیانەوە هەندێ لە مامۆستاكانیان لەو كات و ساتەدا كۆبوونەوەی حزبیان بە جەماوەر دەكردو بەسیاسەت وحزبابەتی كردنەوە خەریك دەبوون و، حەرامترین بازرگانیان دەكرد كە بازرگانی كردنە بە ئیسلام و ئایینی كۆمەڵگا، هەمووشمان ئەوە دەزانین كە مەرجی بنەڕەتی لە هەموو خواپەرستیێكدا، نیەت و نیاز پاكی و ڕازی كردنی خوای گەورەیە، نەك كۆبوونەوەی جەماوەری و سیاسەت و حزبایەتی كردن بەناوی خواو پێغەمبەرەوە.
6- سەری قسەو بنی قسەی هەموو ئەو كادیرو مەلاو سیاسیانەی كە باسیان لە گەندەڵی دەكرد، بریتی بوو لە بەكارنەهێنانی سامانی گشتی بۆ خزمەتی لایەنێكی حزبی، یان پێشمەرگەو ئاساییش ئەبێت بۆ خزمەتی وڵات و بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بن، كە بێگومان هەموومان ئاواتەخوازی ئەوەین بەڵام من لەو بەڕێزانە دەپرسم: ئایا بەكارهێنانی خواو پێغەمبەرو ئایینی كۆمەڵگا بۆ مەرام و دەسكەوتی سیاسی و بەدەست هێنانی چەند كورسیێك، ناچێتە خانەی بەكارهێنانی مولك و سامانی گشتی بۆ خزمەت هەندێ لایەنی حزبی؟ یانیش لای ئێوە بەدەست هێنانی سامان و كورسی، گەورەترە لە خواو لە پێغەمبەرو ئایینی كۆمەڵگا؟ ئەگەر بەكارهێنانی مولكی گشتی لە خزمەتی چەند حزب و لایەنێك گەندەڵی بێت، ئەی بەكارهێنانی خوداو پێغەمبەرو ئایینی كۆمەڵگا بۆ كورسی و چەند دەسكەوتێكی سیاسی، ئەبێت چەند تاوان و گەندەڵی بێت؟ تاوانی كامیان گەورەترە، ئەوەی سامان و ماڵی گشتی بۆ خۆی و حزب و كەس و كاری بەكار دەهێنێ؟ یانیش ئەوەی ئایینی دوو ملیار مرۆڤ بۆ بەدەست هێنانی چەند كورسیێك یان چەند وەزیرێك بەكار دەهێنێ؟
7- ئەوەی كە لەهەمووی زیاتر جێگەی گومان بوو، پێویستیشە دۆست و لایەنگرانی پارتە ئیسلامیەكان ئەو پرسیارە لە خۆیان و سەرانی حزبەكانیان بكەن، ئەو نوێژە مل بەملی كەسانێك دەكرا كە نە لە دوورو نە لە نزیك بڕوایان بە بوونی خودا نییە، بەڵكو یەكێك لەوان بوونی بەرماڵی نوێژ لەهەر ماڵێكی كورددا بە هۆكاری پاشكەوتن دەزانێ، ئەویتریان بانگی نوێژ بە كارەسات وەسف دەكات، چ نهێنیێك لەوەدایە شان بەشانی ئێوە نوێژ بكەن و پڕ بە قورگیان (الله أكبر) بڵێنەوە؟
ئەی هەر ئەوانە نەبوون پرۆژەیان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان دەكرد بۆ بەرتەسك كردنەوەی وتاری هەینی و دەمكوت كردنی مامۆستایانی ئایینی؟ خێرە ئێستا شان بەشانی ئێوە نوێژ دەكەن و لەیەك سەنگەردا دەبینرێنەوە؟ بۆچی ئەوكات كافرو مولحیدو دووژمنی خوا بوون، بەڵام ئێستا رۆشنبیرو چاكسازو پیاوی خودان و، یەك دێر لە نووسینەكانیان بەرامبەرە بە هەموو چەك و تۆپ و دەبابەی دووژمن؟
8- ڕەنگە ئەو مامۆستا بەرێزانە زۆر شانازی بەوەوە بكەن كە پێیان دەگوترێ مەلای سیاسی، بەڵام بێ ئاگان لەوەی كە بوونەتە قوربانی سیاسەت و حزبایەتی، چونكە مامۆستای ئایینی مادەم میراتگری پێغەمبەرانە پێویستە وەكو پێغەمبەران خەمخۆری خەڵك بێت، نەك لەلایەن كەسانێكەوە بەكاربهێنرێت كە هەموو هیواو ئاواتیان تەنیا گەیشتنە بەكورسی دەسەڵات و ئامادەن لەو پێناوەدا قوربانی بەهەموو شتێك بدەن، مامۆستای ئایینی مولكی هەموو كەسێكەو جێ‌ متمانەی كۆمەڵگایە، هەموو چین و توێژێكی كۆمەڵگا بۆ چارەسەری كێشەو گیروگرفتەكانیان ڕوویان تێدەكەن، لە پلەو پایەی خۆی كەم دەكاتەوە ئەگەر ببێتە دەسكەلاو ئامرازی دەستی حزب و دەسەڵات و بە ئارەزووی خۆیان بەكاری بێنن، ئەوكاتە خەڵك بەچاوی كادیرێكی حزبی سەیری دەكات، نەك بەچاوی مامۆستاو پێشەواو ئەوكەسەی كە لەكاتی نەهامەتی و كارەساتدا خەڵك هانای بۆ دەبات، لەهەمان كاتدا خەیانەتێكی زۆر گەورەیە لەو پەیامەی كە مامۆستای ئایینی هەڵیگرتووە، كە پەیامی پێغەمبەران و چاكسازانە.
بەشێك لە پەیامی پێغەمبەران بریتی بووە لە هاندان بۆ یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی كۆمەڵگا، جا كە مامۆستایێكی ئایینی لە ژێر جل و بەرگی مەلایەتیدا پەیامی شەڕ هەڵدەگرێ و دەبێتە ئامرازی هەڵگیرساندنی فیتنەو بەكوشتدانی خەڵك و لێكترازاندنی كۆمەڵگا، ئەوا خەڵكیش حەقی خۆیەتی چ گومانێكی لێ دەبات و بەكام چاو سەیری دەكات. هەڵسوكەوتی ئەم بەرێزانە وایكرد هەمیشە دەسەڵات بە گومان بێت لە هەڵسوكەوت و جموجوڵی مامۆستایان و بە وردی چاودێری وتاربێژان بكات، لە داهاتووشدا ئەمەیان دەبێتە پاساوێك بۆ گومان كردن لە مامۆستایانی ئایینی و، هەنگاویێكشە بۆ ڕێگە گرتن لەو هەوڵە چاكسازیانەی كە بە درێژایی مێژوو، وتاری هەینی و مامۆستایانی ئایینی داویانەو ئەدەن.
9- لێردا چەند پرسیارێك دێتە پێش و من ئاراستەی ئەو بەڕێزانەیان دەكەم: ئەگەر دەسەڵات ئەوەندە قێزەونەو شایانی ئەوەیە بەم شێوەیە ڕووبەڕووی ببینەوە، ئەی بۆچی ئێوە لەدوورەوە هەڵپەی بۆ دەكەن و كون و كەلەبەرێك ناهێڵنەوە دەستی بۆ نەبەن تاوەكو پێی بگەن؟
بۆچی بۆ ئێوە ڕەوا بێت كادیری حزبی بن و بۆ بەرژەوەندی حزبەكانتان فەتوا بدەن و بەناوی مامۆستایانی ئایینی بەیاننامە دەربكەن، لەكاتێكدا هەندێ مامۆستای ئایینی نە ئاگای لێ بووەو نە پێشی ڕازی بووە؟ ئایا ئەمە ناچێتە خانەی غەش و درۆ؟ ئەگەر حزبایەتی بۆ ئێوە ڕەوایە بۆچی بۆ خەڵكێكی تر حەرامە؟
نوێژەكەی بەردەركی سەرا لە زمانی خۆیانەوە:
هەندێ لەوانەى كە بەشداریان لەو نوێژانەدا كردووە، پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن،هەروەك لە گۆڤاری (چركە) ژمارە (47) لە 3/5/2011 یەكێك لەوانە بەناوی (تارا بایز) كه كچێكی تەمەن (28)ساڵانە سەبارەت بەو نوێژە دەدوێت و دەڵێت:(من وامزانی ئەو نوێژانە بەسیاسی ناكرێن، هەرچەندە ماڵەوەمان پێیان ناخۆش بوو بێینە سەرا نوێژ بكەین، بەڵام لەگەل خوشكەكەم هەموو جار دەهاتین بۆ نوێژكردن، ئێمە وا تێنەگەیشتبووین، بەڵام بۆمان دەركەوت ئەو حزبانە تا نزیك پەتەكە لەگەڵن و لەهەر شوێنێك تینیان بۆبێت دەكشێنەوە. هەرگیز جارێكی تر هەڵەی وا ناكەمەوەو نایەمەوە سەرشەقام نوێژ بكەم، دەبێت سەرجەم ئەو نوێژانەش بەقەڵا بگێڕمەوە، چونكە گومانم لێیان هەیەو هەردوو ڕەگەز لەیەك ڕیزدا نوێژمان دەكرد).
هەروەها گەنجێكی تر بەناوی (هیوا محمد) تەمەن (24) ساڵ كە بەشداری سەرجەم نوێژەكانی بەردەركی سەرای سليَمانى كردووە، سەبارەت بەو نوێژە دەڵێت: (لەسەرجەم نوێژەكاندا بەشداریم كرد، بەڵام ئەوەی ئێستا دەزانم خۆزگە پێشتر بمزانیایە، چونكە بۆم دەركەوت ئەو نوێژانە بۆ مەرامی تایبەتی هێزە ئیسلامیەكان بوو، نەوەك ئیسلام).
لە كۆتاییدا دەڵێم: ئێمە چاوەڕوان بووین پارتە ئیسلامیەكان بەدیلێكی باشتر بن لە حزبە دەسەڵاتدارەكان، چاوەڕوان بووین سیمایێكی جوانتر لە ئیسلام و زانایانی ئایینی لە كۆمەڵگادا پێشان بدەن، چاوەڕوان بووین خەمخۆرانەتر لە حزبە دەسەڵاتدارەكان یەكڕیزی و یەكدەنگی مامۆستایانی ئایینی بپارێزن، چاوەڕوان بووین زیاتر لە حزبە دەسەڵاتدارەكان خەمی دوواڕۆژی نەتەوەكەیان خواردبایە، چاوەڕوان بووین لەكاتی ڕووداوو نەهامەتیەكاندا ئەوان پەیامی ئاشتی و برایەتی و ئومێدو پێكەوە ژیان بڵاو بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو چاوەڕوانیانە بوونە بڵقی سەر ئاوو، سەلماندیان كە جگە لە بەدەستهێنانی دەسەڵات، هیچ خەمێكی تریان نییە. دڵنیام باجی ئەو پاشكۆیەتیەی خۆیان دەدەن و دۆست و لایەنگرانیان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا بڕیاری خۆیان دەدەن، دەبا چاوەڕوان بین.
Top