خۆپیشانده‌ران وه‌رن سه‌رۆک بکه‌ن به‌ رابه‌رتان

خۆپیشانده‌ران وه‌رن سه‌رۆک بکه‌ن به‌ رابه‌رتان
کاتێک مرۆڤ ده‌چێته‌ قوڵایی کێشه‌کانی گۆره‌پانی سیاسی کوردستان رووبه‌رووی گه‌لێ کێشه‌ی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ که‌ وای لێده‌کات بکه‌وێته‌ سه‌ر دوورێیانێکی بریاردان، رێیه‌کیان بێزاربوون و کۆڵدان و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌رێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ که‌ به‌رۆکی تاک وڵات و کۆمه‌ڵگای گرتووه‌ته‌وه‌ و رێگاکه‌ی تریان بیرکردنه‌وه‌یه‌ له‌ رزگارکرنی وڵاته‌ خۆشه‌ویسته‌که‌مان له‌ کۆمه‌ڵه‌ ده‌ردێکی کوشنده‌ و هه‌وڵدانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ک بۆ سه‌رجه‌می کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کان ، بێگومان رێگه‌ی یه‌که‌م دیوی نه‌رێتی مه‌سه‌له‌که‌یه‌ و خوازراو نیه‌ که‌ هیچ تاکێک ده‌ستنیشانی بکات ، به‌ڵام رێگه‌ی دووه‌میان دیوی ئه‌رێتی مه‌سه‌له‌که‌یه‌ و ئه‌رکی تاکه‌ بازووی کاری لێهه‌ڵکات و بێته‌ مه‌یدان به‌ڵام به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردن نه‌ک ئالۆزکردنی کێشه‌کان به‌ شێوه‌یه‌ک سمێڵی چاره‌سه‌ر ببێته‌ قوربانی ریشی بارودۆخ ئاڵؤزکردن ، دیاریشه‌ که‌سی نه‌خۆش ده‌بێت له‌ لای حه‌کیم چاره‌سه‌ر بکرێت نه‌ک که‌سی دیکه‌ ، کورد وته‌نی ( نان بۆ نانه‌وا و گۆشت بۆ قه‌ساب ).
ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت هه‌ر وه‌کو هه‌مو که‌س کۆکن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌ری مومکین بێت ئه‌وا ده‌بێت مرۆڤ بۆ گه‌یشتن به‌ جێبه‌جێکردنی ئامانجه‌کانی ئاسانترین و نزیکترین و مومکینترین رێگا هه‌ڵبژێرێت بۆ گه‌یشتن به‌ خاڵی ئامانج ، خولانه‌وه‌ و گێره‌کردن له‌ ده‌وری دروشمه‌کان له‌ ماندووبوونێکی بێهوده‌ زیاتر هیچی لێسه‌وز نابێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین تا ئێستا سیناریۆیه‌کی رۆژانه‌یه‌ و له‌ پانتاییه‌کی یه‌ک مه‌یدانی گیری خواردووه‌ته‌وه‌ و ورده ‌ورده‌ به‌ره‌و کزی هه‌نگاو ده‌نێ و هه‌مو ئامانجه‌کانیش هه‌ر وه‌ک ده‌رفه‌ته‌ فه‌وتاوه‌کانی دیکه‌ کز ده‌بێته‌وه‌ و له‌ کیس ده‌چێت ، بۆیه‌ ده‌بوو هه‌ر له‌ یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ سه‌رانی به‌رده‌رکی سه‌را و هه‌روا ئه‌و پارتانه‌ی له‌ پشتیانه‌وه‌ن بگه‌رێن به‌ دوای پشتگیریه‌کی به‌ هێز بتوانێت هه‌ڵگری داواکاریه‌کانیان بێت .
گه‌ران به‌ دوای که‌سی پشتگیر کارێکی زه‌حمه‌ت نیه‌ ، له‌ ناوجه‌رگه‌ی کوردستانه‌که‌ی خۆمانه‌ ، که‌سی پشتگیر به‌رێز سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی کوردستان کاک مه‌سعود بارزانیه‌ .
بارزانیه‌ک که‌ له‌ نێو پایته‌ختی یه‌که‌م کۆماری کوردستان شاری مه‌هابادی سه‌ربڵند چاوی هه‌ڵهێناوه‌ و هه‌مو قۆناخه‌کانی ژیانی به‌ پێشمه‌رگایه‌تی به‌سه‌ر بردووه‌ و خه‌باتی خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی وای لێکردووه‌ که‌ ببێته‌ سه‌نگێک جێمتمانه‌یه‌ک نه‌ک ته‌نها له‌ کورردستان ، به‌ڵکو له‌ سه‌رتاپای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و جیهانیش ، له‌ هه‌مو پایته‌خته‌کانی جیهاندا هه‌ڵگری داواکارییه‌کانی گه‌لی کوردستان بووه‌ ، له‌ ناو هه‌مو سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق به‌ کورد و عه‌ره‌ب و شیعه‌ و سووننه‌دا که‌سێک نه‌بو بزماری ئه‌مان له‌ مینی هه‌میشه‌ ئاماده‌ی عێراقدا له‌ شوێنی خۆی دانێت جگه‌ له‌ سه‌رۆک بارزانی که‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ی چه‌قۆیان له‌ یه‌ک ده‌سوو له‌ سه‌ر یه‌ک مێزی دانووستاندنی کۆ کرده‌وه‌ له‌ ئه‌نجامیشدا ئه‌گه‌ری له‌ به‌رپابوونی شه‌رێکی خۆیی که‌ که‌س نه‌یده‌زانی قوربانیه‌کانی چه‌ن هه‌زار بێگووناهی ئه‌م وڵاته‌ ده‌بوون ، جگه‌ له‌ سه‌رۆک که‌س نه‌بوو فه‌رشی ئه‌مان بۆ فه‌له‌کانی ئه‌م عێراقه‌ دابخات ، جگه‌ له‌ سه‌رۆک که‌س نه‌بوو ببێته‌ پشت و په‌نای کوردی ئێزیدی و کوردی فه‌یلی و کاکه‌یی ، که‌س له‌و به‌هێزتر داواکاری جێبه‌جێکردنی ماده‌ی سه‌د و چل نه‌بوو که‌ هه‌ر ده‌بێت به‌ پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق جێبه‌جێ ببێت و به‌و پێیه‌ش که‌رکووک و خانه‌قین و ژه‌نگار و شێخان و مه‌نه‌لی و باقی شاره‌ دزراوه‌کانی تری کوردستان بگه‌رێته‌وه‌ باوه‌شی گه‌رمی نیشتمان. ئه‌مانه‌ و ده‌یان خاڵی به‌هێزی تر که‌سایه‌تی کاک مه‌سعودی مسته‌فا بارزانی پێکدێنن ، کاکێک که‌ به‌ زمانی ئاشکرا و بێپه‌رده‌ فه‌رمووی من خه‌باتی خۆم و هاورێکانم ناکه‌م به‌ قوربانی چوار که‌سی گه‌نده‌ڵ . ده‌بوو ئه‌و قسه‌یه‌ ببوایه‌ به‌ سه‌رکڵافه‌ی ئۆپتسیۆن و خۆپیشانده‌ران ، نه‌ک هه‌ندێ که‌س به‌ نه‌زانی و به‌ زانین ده‌خوازن سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بکه‌نه‌ ناو سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌ر که‌ نه‌ ئه‌وان و نه‌ هیچ هێزێکی تریش ناتوانێت بگاته‌ ئه‌و ئامانجه‌ ، چونکه‌ کاک مه‌سعود نه‌ ته‌نها سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کانێ پارتیه‌ ، به‌ڵکو ئه‌و سه‌رۆکی هه‌مو کوردستانه‌ به‌ چه‌پ راست ، خوار و ژوور ، ده‌سه‌ڵات و ئۆپتسیۆن ، یان به‌ زمانێکی ساده‌تر جه‌نابی حه‌که‌مه‌ له‌ ناوه‌ندی هه‌موان راوه‌ستاوه‌ ، هه‌رکه‌سێک له‌ یاریزانانی نێو گۆره‌پانی سیاسی کوردستان سه‌رپێچی بریاری حه‌که‌م بێت ئه‌وا جه‌ماوه‌ر به‌ چاوێکی سووکه‌وه‌ دوور له‌ نه‌رێتی وه‌رزشوانی پێی ده‌ڕوانێت .
ئێستاش، هێشتا دره‌نگ نیه‌، خه‌ڵکی ناو سیاسه‌ت به‌ هه‌مان ئه‌و چاوه‌وه‌ سه‌یری سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراو بکه‌ن ، یان هه‌ر نه‌بێت له‌م گۆرانکاریانه‌دا وانه‌یه‌کی سیاسی وه‌ربگرن . ئێمه‌ له‌ کوردستان هه‌مو خوشک و برای یه‌کین ، چاره‌نووسمان یه‌ک چاره‌نووسه‌، باوه‌ڕ بفه‌رموون دوژمنانمان زۆرن و دوژمنی هه‌موانه‌ ، هه‌ر وه‌ک خودی سه‌رۆک ده‌فرمێت . له‌ کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌ حیزبی حاکم نیه‌ . سیمایه‌کی دیموکراسی که‌شی وڵاته‌که‌مانی گرتووه‌ و ده‌بێت هه‌مومان له‌ خزمه‌تی به‌هێزکردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ بین ، هه‌مو پێکه‌وه‌ نوقستانیه‌کانی پڕبکه‌ینه‌وه‌ . چاکه‌کانی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رین ، رازی نه‌بین به‌ وه‌راوردکردنی که‌شی هه‌رێمی کوردستان به‌ شوێنه‌کانی دیکه‌ی عێراق ، ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کات ده‌یه‌وێت ته‌بریر بۆ نوقستانیه‌کان بهێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌ ، ده‌بێت کار بۆ ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه‌ دوورگه‌یه‌کی دیموکراسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بێت له‌وه‌ش که‌متر قبوڵ ناکه‌ین .
ده‌سا، ده‌ وه‌رن ده‌ست له‌ ناو ده‌ست ده‌سه‌ڵات و ئۆپتسیۆن و جه‌ماوه‌ر هه‌مو پێکه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رۆکێکی به‌هێز به‌ره‌و بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵێ و مه‌حسووبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت کار بکه‌ین ، هه‌ر ئه‌مه‌ش تاقه‌ رێگه‌ی چاره‌سه‌ره‌ .
Top