هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر به‌حزبی كردنى فه‌توا...به‌شی دووه‌م
April 9, 2011
وتار و بیروڕا
له به‌شی یه‌كه‌مدا به‌خێرایی تیشكمان خسته‌ر هه‌ڵسوكه‌وتى سه‌حابه‌و زانایانى پێشین سه‌باره‌ت به ده‌ركردنى فه‌تواو قسه‌كردن به‌ناوى خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌وه، له ژێر رِۆشنایی رِاو سه‌رنجى زانایان و شاره‌زایانى ئایینى ده‌گه‌رِێینه‌وه سه‌ر ئه‌و فه‌توایانه‌ى كه له دواى 17/2/2011 له‌لایه‌ن هه‌ندێ له‌كادیری حزبی ئیسلامیه‌وه ده‌درێن.
یه‌كه‌مین وتارخوێنى به‌رده‌ركى سه‌رای سلێمانى له‌میانه‌ى وتاره حه‌ماسیه‌كه‌یدا، رِووى قسه له خۆپێشانده‌ران ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى ئێوه ده‌یكه‌ن، جیهادێكه له‌هه‌موو جیهادێك گه‌وره‌تر.
من لێره‌دا ته‌نیا داواى یه‌ك به‌ڵگه‌ى لێ ده‌كه‌م له‌قورئان و سوننه‌تى پێغه‌مبه‌رو سه‌حابه‌و زانایانى فیقهى ئیسلامى، كه بیسه‌لمێنێ ئه‌م خۆپێشاندانه‌ى كوردستان جیهادێكه له‌هه‌موو جیهادێك گه‌وره‌تر!
دیاره كادیره مێزه‌ر به‌سه‌ره‌كانیان بۆ شه‌رعیه‌تدان به برِیاره‌كانى مه‌كته‌به سیاسیه‌كانیان و چه‌واشه‌كردنى رِاى گشتى موسوڵمانان به‌ناوى خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌وه، زۆرترین رِسته كه له‌و ماوه‌یه‌دا به‌كاریان هێنا بێت ئه‌و فه‌رمایشته‌ى پێغه‌مبه‌ره[د.خ] كه ده‌فه‌رموێت: (أفضل الجهاد كلمة عدل عند سلطان جائر، أو أمير جائر) رواه ابوداود عن ڕبی سعید الخدری.
واته: باشترین جیهاد وشه‌ى حه‌ق و دادپه‌روه‌ریه له‌لاى ده‌سه‌ڵاتدارى سته‌مكار، یه‌كه‌م وتارخوێنى به‌رده‌ركى سه‌راش چه‌ندین جار جه‌ختى له‌سه‌ر كردۆته‌وه‌و ئه‌و فه‌رمایشته‌ى سه‌ره‌وه‌ى به به‌ڵگه هێناوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ى جگه له‌خۆیان كه‌سی تر ئه‌و فه‌رمایشته‌ى نه‌بینی بێت و هه‌ر ته‌نیا خۆیان له‌ماناكه‌ى تێبگه‌ن، من لێره‌دا به به‌ڵگه‌ى قورئان و سوننه‌ت و تێگه‌یشتنى ئیمام و پێشه‌وایانى ئوممه‌ت له‌و فه‌رمایشته‌ى پێغه‌مبه‌ر[د.خ] رِووى ده‌مم له‌و مامۆستا به‌رِێزانه ده‌كه‌م و ده‌ڵێم: ئه‌مه‌یان هه‌ڵه‌یه‌كى زه‌قه‌و جگه له چه‌واشه‌كارى به‌ناوى خواوپێغه‌مبه‌ره‌وه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته به‌ڵگه له‌سه‌ر فه‌تواكانتان ، چونكه:
یه‌كه‌م: پێغه‌مبه‌رى خوا [د.خ] ده‌فه‌رموێت: (له‌لاى ده‌سه‌ڵاتدارى زۆردار) ، كه‌واته ئه‌بێت رِووبه‌رِوو وشه‌ى رِاست به ده‌سه‌ڵاتدارى سته‌مكار بڵێی، نه‌ك له دوورى چه‌ندین كیلۆمه‌ترو له نێو ئاپۆراى جه‌ماوه‌ردا قسه‌ى بۆ فرِێ بده‌ى، چونكه ئه‌مه ده‌چێته خانه‌ى ناوزرِاندن و سووكایه‌تى پێكردن، ئه‌وه‌ى له مامۆستا‌و وتارخوێنه‌كانی ئه‌و دوو حزبه‌شمان بینى هه‌مووى هاندان بوو بۆ توندوتیژى، هاندان بوو بۆ خوێن رِشتن، نه‌ك قسه‌ى حه‌ق به‌رِووى زۆرداردا، به‌ڵكو له‌نێو جه‌ماوه‌رێكدا بوو كه زۆریان هه‌رزه‌كاربوون و ته‌نیا به‌كوشتن و په‌لاماردان له‌ماناى جیهاد ده‌گه‌ن. به‌به‌ڵگه‌ى هه‌مان فه‌رمایشتى سه‌ره‌وه، زانایان ده‌ڵێن: پێویسته رِوو به‌رِوو قسه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت و له شوێنێكى ته‌نیا بێت نه‌ك له‌نێو جه‌ماوه‌ردا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى تا دووچارى كاردانه‌وه نه‌بێت و له ئه‌نجامدا كارێك نه‌كات كه خراپتر له هه‌ڵسوكه‌وتى پێشووى بێت.
هه‌روه‌كو پێغه‌مبه‌رى خوا [د.خ] ده‌فه‌رموێت: [من أراد أن ينصح لذي سلطان فلا يبده علانية، ولكن ليأخذ بيده ، فيخلو به فإن سَمع منه فذاك وإلاَّ كان أدي الذي عليه]. حديث صحيح رواه أحمد، وابن أبي عاصم، والحاكم، والبيهقي عن عياض بن غنم - رضي الله عنه ، وصححه الألباني.
واته: هه‌ركه‌سێ ویستى ئامۆژگارى ده‌سه‌ڵاتدارێك بكات، با له‌نێو خه‌ڵك و به ئاشكرا نه‌یكات، به‌ڵكو ده‌ستى بگرێ و بیباته شوێنێكى ته‌نیا، جا ئه‌گه‌ر ئامۆژگاریه‌كه‌ى لێی وه‌رگرت ئه‌وا باشه، خۆ ئه‌گه‌ر ئامۆژگاریه‌كه‌شی وه‌رنه‌گرت، ئه‌وا كه‌سی ئامۆژگار ئه‌ركى سه‌رشانى خۆى به‌جێ گه‌یاندو به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه‌ى له‌سه‌ر شان لاده‌چێت.
له‌سه‌رده‌مى ئیمامى عوسمان _رِه‌زاى خواى لێ بێت_ چه‌ند كه‌سێك به ئوسامه‌ى كورِى زه‌یدیان گووت: بۆچى ناچیه لاى عوسمان و _سه‌باره‌ت به هه‌ندێ كه‌م و كورِى كه لاى خۆیان زانراو بوو _ قسه‌ى له‌گه‌ڵدا ناكه‌ى؟ ئوسامه له وه‌ڵامدا گووتى: كه ئێوه گوێتان لێ نییه واده‌زانن قسه‌م له‌گه‌ڵدا نه‌كردووه؟! سوێند به‌خوا له‌نێوان خۆم و خۆیدا چه‌ندین جار پێم گووتوه، به‌ڵام نامه‌وێ ده‌ستپێشخه‌رى له‌كارێكدا بكه‌م كه نامه‌وێ یه‌كه‌م كه‌سم له‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌دا، ده‌قه‌كه‌ى به‌م شێوه‌یه هاتووه. فعن أسامة بن زيد-رضي الله عنه- أنه قيل له: ألا تدخل على عثمان لتكلِّمهُ؟ فقال:أترونِ أني لا أكلمهُ إلا أسْمِعَكُم؟ والله لقد كلمته فيما بيني وبينه ما دون أن أفتح أمراً لا أحب أن أكون أول من فتحه) متفق علیه
قازى (عیاز) رِه‌حمه‌تى خواى لێ بێت ده‌ڵێت: مه‌به‌ستى ئوسامه له ده‌ستپێخه‌ریه‌كه ئه‌وه‌بووه كه ئه‌و ده‌رگایه نه‌كاته‌وه به ئاشكرا ده‌سه‌ڵاتدار ئامۆژگارى بكرێت و، ئینكارى خراپه‌كاریه‌كانى بكرێت، چونكه له دوا رِۆژى ئه‌م نه‌ریته ده‌ترسا، به‌ڵكو ئه‌بێت نه‌رم و نیان بێت له‌گه‌ڵیداو به نهێنى ئامۆژگارى بكات، چونكه به‌و شێوه‌یه زیاتر ئامۆژگاریه‌كه وه‌رده‌گرێت.
ئه‌لبانى رِه‌حمه‌تى خواى لێ بێت ده‌ڵێت: مه‌به‌ستى ئوسامه لێره‌دا به‌ئاشكرا ئینكاركردنى خراپه‌كاریه‌كانى ده‌سه‌ڵاتداران بووه، چونكه له به ئاشكرا ئینكار كردنى خراپه‌كاریه‌كانى ده‌سه‌ڵاتدار، ترسی دوا رۆِژى لێده‌كرێت. هه‌روه‌كو هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه رِێككه‌وتن كه به ئاشكرا ئینكارى هه‌ڵه‌كانى عوسمان بكه‌ن، كه له كۆتاییدا كوشتنى عوسمانى لێ كه‌وته‌وه.
ئیمامى شافعى رِه‌حمه‌تى خواى لێ بێت ده‌فه‌رموێت: (من نصح أخاه سرّا فقد نصحه وزانه، ومن نصحه علانية فقد فضحه وشانه).
واته: هه‌ركه‌سێك به نهێنى و دوور له‌خه‌ڵك ئامۆژگارى براى خۆی كرد، ئه‌وا به‌رِاستى ئامۆژگارى كرد‌و رِازاندیه‌وه، هه‌ركه‌سێكیش به ئاشكرا‌و له‌نێو خه‌ڵكا براى خۆى ئامۆژگارى كرد، ئه‌وا به‌رِاستى ئابرِووى برد‌و ناشیرینى كرد.
هه‌روه‌ها ئیمام ئه‌حمه‌دى كورِى حه‌نبه‌ل رِه‌حمه‌تى خواى لێ بێت سه‌باره‌ت به‌وكه‌سه‌ى كه له‌پێناو گوتنه‌وه‌ى وشه‌ى حه‌ق به‌رِووى فه‌رمانرِه‌واى سته‌مكاردا ده‌كوژرێت ئایا شه‌هیده یان نه، ده‌فه‌رموێت: (كلمة حق تقال عند سلطان جائر، عند: للظرفية أي يحضر في قصره أمامه ويقول: أيها السلطان، اتقِ الله، لقد ظلمت وفعلت..فيقتله السلطان من أجل إنكاره وقد حضر عنده..)
واته: وشه‌ى (عند) كه له فه‌رمایشته‌كه‌دا هاتووه، بۆ (زه‌رفیه)یه، كه‌واته: ئه‌و كه‌سه شه‌هیده كه له كۆشكى فه‌رمانرِه‌وا ئاماده‌بێت و رِوو به‌رِوو پێی ده‌لێ: ئه‌ى فه‌رمانرِه‌وا، له خوا بترسه، تۆ فلان سته‌مت كردووه، فلان كارت كردووه، ئا له‌وكاته‌دا فه‌رمانرِه‌واش كابرا بكوژێ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئینكارى خراپه‌كاریه‌كانى فه‌رمانرِه‌واى كردووه‌و، له حزورى فه‌رمانرِه‌وادا ئاماده بووه.
هه‌روه‌ها (شيخ عطية سالم) له شه‌رحى( الأربعین النوویه)دا ده‌ڵێت: ...( به‌ڵام ئه‌بێ ئه‌وه بزانێت كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره هه‌یبه‌ت و شكۆی خۆى هه‌یه، بۆیه نابێت له مه‌جلیسى گشتى و له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكا پێی بلێی: ئه‌ى فه‌رمانرِه‌وا، تۆ له فلان شت و فلان شت‌دا هه‌ڵه‌ت كردووه. (سبحان الله) مه‌گه‌ر هیچ وه‌سیله‌یێكى ترت له به‌رده‌مدا نه‌بوو؟! ئه‌گه‌ر مرۆڤێكى ئاسایی بێت بۆت نییه له‌نێو ئه‌و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه‌دا پێی بلێی: ئه‌ى فلان من ده‌زانم تۆ ئه‌مه‌ت كردووه‌و ئه‌مه‌ت كردووه. ئایا ئه‌مه ده‌چێته خانه‌ى فه‌رمان پێكردن و ئامۆژگارى، یانیش ئابرِوو بردن و ناشیرین كردن؟ كه بێگومان ده‌چێته خانه‌ى ئابرِوو بردن و ناشیرین كردن).
جگه له‌وه‌ى سه‌ره‌وه پێویسته ئامۆژگاریه‌كه نه‌رم و نیان بێت و ئیساره‌ى تورِه بوونى ده‌سه‌لاتدار نه‌كرێت، هه‌روه‌كو خواى گه‌وره ده‌فه‌رموێت: [ادْعُ إِلِى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ...الآية] النحل125
واته: به‌كارزانى و ئامۆژگارى په‌سه‌ند، مه‌ردم به‌ره‌و رِێگه‌ى په‌روه‌ره‌نده‌ت گازى بكه‌و به چاكترین شێوه له گه‌لیانا بدوێ..)
كه به‌داخه‌وه وتاره‌كه‌ى مامۆستا هیچ یه‌كێك له‌م بنه‌مایانه‌ى تێدا نه‌بوو، به‌دڵنیایشه‌وه ده‌ڵێم: نه‌ك هه‌ر وشه‌ى حه‌ق نه‌بوو به‌رِووى فه‌رمانرِه‌واى سته‌مكاردا، به‌ڵكو هه‌مووى ته‌قلیدو خۆده‌رخستن و ته‌حه‌داو هاندان بوو بۆ تێكدانى ئه‌من و ئاساییشی وڵات.
جارێكیان كابرایێك رِووبه‌رِووى (هارون الرشید) بوه‌وه‌و زۆر به توندى قسه‌ى به‌رِوودا كرد، (هارون الرشید) له وه‌ڵامدا گووتى: خواى گه‌وره دووكه‌سی زۆر له‌تۆ باشترى ناردنه لاى كه‌سێكى زۆر له من خراپتر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رمانى پێكردن كه به نه‌رم و نیانى قسه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، مه‌به‌ستى له دووكه‌سه‌كه حه‌زره‌تى موسا‌و هاروون بوو، كه‌سى له‌خۆى خراپتریش مه‌به‌ستى فیرعه‌ن بوو. هه‌روه‌كو خواى گه‌وره له‌م باره‌یه‌وه ده‌فه‌رموێت: [ذْهَبْ أَنتَ وَأَخُوكَ بِآيَاتِي وَلَا تَنِيَا فِي ذِكْرِي، اذْهَبَا إِلَى فِرْعَوْنَ إِنَّهُ طَغَى، فَقُولَا لَهُ قَوْلاً لَّيِّناً لَّعَلَّهُ يَتَذَكَّرُ أَوْ يَخْشَى] گه 42-44
واته: برِۆ خۆت و براكه‌ت هاورِێ له‌گه‌ڵ موعجیزه‌كانمدا، نه‌كه‌ن له‌گه‌یاندنی په‌یامی مندا سستی و خاوی بكه‌ن. هه‌ردووكتان بچن بۆ لای فیرعه‌ون، چونكه به‌رِاستی ئه‌و له سنوور ده‌رچووه و له سنوورى به‌ندایه‌تی ترازاوه… هه‌ردووكتان به‌نه‌رمی و به‌جوانی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی یاداوه‌ری وه‌ربگرێت، یان ترسی (سزای ئێمه) له ده‌روونیدا جێ بگرێت.
كه‌چى وتارخوێنه‌كه‌ى به‌رده‌ركى سه‌را به‌شێوه‌یێك وتاره‌كه‌ى ئاراسته ده‌كرد، هه‌ر ده‌تگووت له به‌ره‌ى شه‌رِدایه و چوار ده‌ورى به له‌شكرو فرِۆكه گیراوه.
دووه‌م: له كوردستان ئه‌گه‌ر هیچ شتێك نه‌بێت، ئه‌وا ئازادى رِا ده‌ربرِین به زیاده‌وه هه‌یه، ته‌نانه‌ت زۆر جار سنوورى رِه‌خنه‌ش ده‌به‌زێنرێ و په‌لامارى ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك و خواش ده‌درێت، ئه‌وه‌ى له په‌رِله‌مان بینیمان و شه‌وانه‌و رِۆژانه‌ش له میدیاكانیان و له زمانى كادیره مێزه‌ر به‌سه‌ركانیانه‌وه ده‌بینین و ده‌بیسین، ئه‌و رِاستیه ده‌سه‌لمێنن كه ئازادى رِا ده‌برِین و رِه‌خنه گرتن له‌ده‌سه‌ڵات سنوورى به‌زاندووه.خۆ ئه‌گه‌ر خۆیان له‌ده‌سه‌ڵات بوونایه‌و به شێوه‌ى ئێستاى خۆیان رِه‌خنه‌یان لێ گیرابایه، دڵنیام هه‌رگیز پێیان قبوڵ نه‌ده‌كراو، له‌وانه‌شه به تاوانى له‌فه‌رمان ده‌رچوونى (وه‌لى ئه‌مر) هه‌ندێ فه‌تواى ترسناكیان ده‌ركردبایه، ئه‌وه‌تا له رۆژى 18/3/2011 له‌نێو وتاری هه‌ینى هه‌ندێ له مامۆستاى ئایینى له‌شارى سلێمانى، كه داواى هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌یان كردبوو، ئاماژه‌شیان به هه‌ڵسوكه‌وتى هه‌ڵه‌ى هه‌ندێ له خۆپێشانده‌ران دابوو، بینیمان چۆن لێیان قووت بوونه‌وه‌و وتاره‌كانیان به مامۆستایان برِى و مزگه‌وتیان به‌جێ هێشت، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ئه‌وانه هه‌رگیز ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا نییه رِه‌خنه قبوڵ بكه‌ن و كه‌م و كورتیه‌كانیان باس بكرێت، چونكه پێیان وایه رِه‌خنه‌گرتن له‌وان سووكایه‌تیه به‌خواو به پێغه‌مبه‌رو ئایینى ئیسلام، جا ئه‌گه‌ر له بێ ده‌سه‌ڵاتیدا به‌و شێوه‌یه رِووبه‌رِووى مامۆستایانى ئایینى و خه‌ڵكى رِه‌خنه‌گر ببنه‌وه، ئه‌ى ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ و حكومه‌تیان به‌ده‌سته‌وه بێت؟
بۆیه پێویست به‌وه ناكات ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى له‌ژێر جل و به‌رگى مه‌لایه‌تیدا، به‌ناوى خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌وه فه‌توا ده‌ربكات و، برِیارى مه‌كته‌به سیاسیه‌كه‌ى و، سوار بوون له داوا‌و داخوازیه‌كانى جه‌ماوه‌رو، په‌لاماردانى بنكه‌و باره‌گاو شوێنه خزمه‌تگوزاریه‌كان و، په‌لكێش كردن و به‌كوشتدانى منداڵى10-12 ساڵان و په‌كخستنى بازار‌و، جنێودان به‌مردوو _ كه شه‌یتان وازى لێ هێناوه_ به‌جیهادێكى گه‌وره‌تر له‌هه‌موو جیهادێك وه‌سف بكات، چونكه ئه‌مه‌یان به‌هه‌موو پێوانه‌یێك خراپه‌كارى و بلاوكردنه‌وه‌ى فه‌ساده له‌سه‌ر زه‌مینى خودا، هه‌روه‌كو له‌مه‌و دووا باسی لێوه ده‌كه‌ین.
سێهه‌م: ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌رِاى هه‌موو ئه‌و كه‌م و كورتیانه‌ى كه هه‌یانه، سه‌ره‌رِاى ئه‌و نادادپه‌روه‌ریه‌ى كه هه‌موومان هه‌ستى پێده‌كه‌ین و خۆیان دانى پێدا ئه‌نێن، به‌ڵام هێشتا ئه‌و سته‌مكارانه نین كه پێغه‌مبه‌رى خۆشه‌ویست [د.خ] له باره‌یاندا ئه‌مه‌ى فه‌رمووه، چونكه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه له هه‌ڵبژاردنێكى رِاسته‌وخۆى جه‌ماوه‌ریدا، به‌چاودێرى سه‌دان چاودێر‌و رِێكخراوى بیانى، به‌ده‌نگى زۆرینه‌ى میلله‌ت كه 98%ى موسوڵمانه، ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه، هه‌ردوو حزبه ئیسلامیه‌كه‌ش كه كادیره‌كانیان رِه‌وانه‌ى به‌رده‌ركى سه‌را ده‌كه‌ن بۆ هاندانى خه‌ڵك له‌دژى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دام و ده‌زگا شه‌رعیه‌كانى كوردستان، له‌و هه‌ڵبژادنه‌دا به‌شدار بوون، به‌ڵام نه‌یانتوانى متمانه‌ى زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردستان به‌ده‌ست بێنن، به واژو كردنیشیان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه، دانیان به‌و رِاستیه داناوه، ئیتر بۆچى ده‌سه‌ڵات به دیكتاتۆر‌و سته‌مكار وه‌سف بكرێت و كه‌مترین رِێز بۆ ده‌نگى زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردستان دانه‌نرێت؟
نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه به دیكتاتۆر وه‌سف كردنى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى كوردستان، رِاسته‌وخۆ تاوانباركردنى زۆرینه‌ى رِه‌هاى خه‌ڵكى كوردستانه، چونكه ئه‌و زۆرینه‌یه متمانه‌یان به‌و ده‌سه‌ڵاته داوه‌و به ویست و ئاره‌زووى خۆیان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان هه‌ڵبژاردووه، بۆیه هیچ حزب و لایه‌نێك مافى ئه‌وه‌ی نییه به‌ناوى خه‌ڵكى كوردستانه‌وه لێدوان بدات و خۆی به نوێنه‌رى رِاسته‌قینه‌ى خه‌ڵك و خودا پێشان بدات.
ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم سه‌ره‌رِاى كه‌م و كورِی و كه‌مته‌رخه‌میه‌كانیان له چاره‌سه‌ركردنى پرسی گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى، به‌ڵام جورئه‌تى ئه‌وه‌یان هه‌یه دان به‌و كه‌م و كورِیانه‌دا بنێن و هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بهاوێژن، خۆ هه‌ر نه‌بێت ئه‌و ئاماده‌ییه‌یان تێدایه رِوو به‌رِوو رِه‌خنه‌یان لێ بگیرێ و هه‌ڵه‌و كه‌م و كورِیه‌كانیان به‌نێوچاواندا بدرێنه‌وه، هه‌ر خودى كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ى به‌رده‌ركى سه‌راو هه‌ڵبرِینى ده‌نگى نا رِه‌زایی و، وتاردانى كادیرانى حزب له‌نێو ئاپۆراى جه‌ماوه‌ردا، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر نادروستى فه‌تواكانیان و به‌ڵگه هێنانه‌وه به فه‌رمایشتى سه‌ره‌وه. له كوردستان وشه‌ى حه‌ق به‌رِووى ده‌سه‌ڵاتدا زۆر زۆر ئاسانتره له‌گوتنه‌وه‌ى وشه‌ى حه‌ق به‌رِووى كادیرێكى حزبی كه خۆی له ژێر جل و به‌رگى مه‌لایه‌تیدا حه‌شارداوه، چونكه ئه‌و خۆی به نوێنه‌رى رِاسته‌قینه‌ى خوا‌و پێغه‌مبه‌ر ده‌زانێ و هه‌رچى ئه‌و ده‌ڵێت رِاسته‌و، ئه‌وه‌ى پێچه‌وانه‌ى هه‌ڵسوكه‌وتى ئه‌وانیش بحوڵێته‌وه، لاده‌رو پیاوى ده‌سه‌ڵاته.
نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه هه‌ندێ له‌وانه‌ى ئێستا باس له ناشه‌رعى بوونى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم ده‌كه‌ن، له‌و رِووه‌وه باسی ده‌كه‌ن، چونكه به‌پێی هه‌ڵبژاردن كه نه‌ریتێكى رِۆژئاوایه‌و خه‌ڵكێكى ناموسوڵمان دایهێناوه، ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه، پێشتریش به توندى دژى هه‌ڵبژاردن بوون و په‌رِله‌مانیان به‌هه‌ندێ شتى زۆر ناشایسته وه‌سف كردووه، بۆیه‌ش له‌دیدى ئه‌وانه‌وه به‌هه‌ر جۆرێك بێت ئه‌وانه ده‌سه‌لاتدارى سته‌مكارن و حكومه‌ته‌كه‌یان حكومه‌تێكى ناشه‌رعیه‌و ئه‌بێت بیرِوخێنن.
جا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن پێوه‌رى شه‌رعى بوونى ده‌سه‌ڵات نه‌بێت، پێمان بڵێن شه‌رعیه‌تى ده‌سه‌ڵات له‌كام شوێن و به چ پێوه‌رێك دێت؟!!
لێره‌دا به پێویستى ده‌زانم به‌هه‌موو ئه‌و مامۆستا ئایینیانه رِابگه‌یێنم كه له‌دژى ده‌سكه‌وته‌كانى خه‌ڵكى كوردستان مل به‌ملى كه‌سانێك كه نه له‌دوورو نه له‌نزیك برِوایان به ئیسلام و بنه‌ماكانى نییه، مادام ئه‌وه‌نده بوێرن و له پێناو گوتنه‌وه‌ى وشه‌ى حه‌قدا ئاماده‌ن بكوژرێن، بۆچى له‌كاتى ئه‌نفال كردن و كیمیابارانكردنى رِۆڵه‌كانى میلله‌تى كورد‌و خاپووركردنى هه‌زاران گوندى كوردستان و ئه‌تك كردنى هه‌زاران ژنى كورد‌و فرۆشتنیان به مه‌لهاكانى ئه‌و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیانه‌ى كه ئێستا ئێوه‌ى حزبی چاویان لێ ده‌كه‌ن، جورئه‌تتان نه‌بوو ته‌نانه‌ت یه‌ك قسه‌ش به رِووى نه‌ك ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو جاشێكى خۆماڵیدا بكه‌ن، خێره ئێستا لێمان بوون به ئیمامى عومه‌ر عه‌لى و له پێناو گوتنه‌وه‌ى وشه‌ى حه‌قدا ئاماده‌ن بكوژرێن؟!!