پاشه‌کشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ که‌رکووك خیانه‌ته

پاشه‌کشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ که‌رکووك خیانه‌ته
له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ ده‌ڵێن و ده‌گووترێت هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌کانی جه‌نگ کورد پاشه‌کشه‌ی نه‌کردووه‌و له‌به‌رانبه‌ردا له‌سه‌ر مێزی گفتووگۆدا به‌هۆی فێڵکردن لێی ئه‌وه‌ کورد پاشه‌کشه‌ی له‌و شوێنانه‌ کردووه‌ که‌ پێشترخۆی لێ جێگیرکردووه ، ئه‌وه‌ بۆچوونێکی دیرۆکییه ‌وئینجا نازانرێت تاچه‌ند ڕاستگۆیی پێوه‌ دیاره‌ ،به‌ڵام تاقیکردنه‌وه‌کانی سه‌رده‌م ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ به‌وه‌ی تاڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌ نییه ، به‌ڵکو ڕاستی پێوه‌ دیاره ،چونکه‌ له‌زۆر کات و ساتدا ئه‌وه‌ بینراوه‌ که‌کورد هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌کانی جه‌نگ به‌رانبه‌ر داگیرکه‌رو دووژمنان ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستاوه‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ شه‌ڕی به‌رگری کردووه‌و هه‌رده‌میش سه‌رکه‌وتوو هێمای بووه و که‌چی له‌کاته‌کانی گفتووگۆدا نه‌یتوانیوه‌ بگاته‌ ئاست و مه‌به‌ست و له‌دوا ساتدا فێڵیان لێ کردووه وبێ ئه‌نجام له‌دانیشتنه‌کاندا هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ !.. که‌رکووك مێژوو و جوگرافیا و که‌لتوور ده‌یسه‌لمێنن که‌شارێکی کوردستانییه‌ ،چونکه‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌مانێك و تاده‌گاته‌ سه‌رده‌می ڕاگوواستن نێوان شه‌سته‌کان‌و تائێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ر مۆرک و سیفه‌تی کورده‌واری و کوردستانی پێوه‌دیاره ،له‌م شاره‌ کوردستانیه‌دا هه‌رده‌م زووڵم و غه‌در له‌کورد کراوه‌و هه‌موو جارێکیش ئارامیمان گرتووه‌و ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ نا به‌یانی و که‌چی زۆر ده‌خاێنێت و ده‌بینین هیج به‌هیچ نه‌کراوه ،به‌ڵام دواجار و بۆ یه‌که‌م جار دوای 1991 کورد و سوپاکه‌ی واتا پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بۆ پاراستنی کورد و کوردستانیه‌تی که‌رکووك چوونه‌ سنووری کوردستان له‌باشوور که‌ئه‌ویش حه‌مرینه ،دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌ بووێرانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان دڵخۆشییه‌کی زۆر ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانی گرته‌وه و بۆیه‌ش یه‌که‌م ده‌ستکه‌وتی کورد له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌سنووری شاری که‌رکووک بووه ،به‌هۆی بوونی هێزه‌کانی سووپای کوردستان واتا پێشمه‌رگه‌ له‌ شاری ناوبراو ده‌نگێکی زۆری ناحه‌ز له‌م لاو له‌ملاوه‌ به‌رزبوونه‌ته‌وه‌و داوای کشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ده‌که‌ن و زۆر هه‌وڵیش دراوه‌و به‌رده‌وامیش هه‌وڵده‌درێت که‌ پاشه‌کشه‌ به‌و هێزانه‌ بکرێت تاوه‌کو بگه‌ڕێنه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی لێهاتوون ، زۆر گۆبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین که‌به‌رپرسانی کورد ئاماژه‌ به‌خاڵێك ده‌که‌ن و ده‌ڵێێن هه‌تا کورد له‌که‌رکووك مه‌ترسی له‌سه‌ر بێت ئه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌کشه‌ ناکات ، لێره‌دا گه‌لێك پرسیار درووست ده‌بێت کێ (گرێنتی) ئه‌وه‌ ده‌دات ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌که‌رکووك بکشێته‌وه‌ کورد له‌م شاره‌ دووچاری هیچ کرده‌وه‌یه‌کی ناڕه‌وا و مه‌ترسی و تیرۆرستی نابێته‌وه ؟ کورد ئه‌مڕۆ گه‌یشتۆته‌ قۆناخێك هیچیتر قسه‌ و ئاخافتنی بریقه‌دار کاریگه‌ری له‌سه‌ر ناکات ، چونکه‌ کاتی دووژمنانی کورد به‌سه‌رچوون و گه‌ڕانه‌وه‌ و پاشه‌کشه‌ بۆ دواوه‌ به‌واتای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌که‌م و هیچمان به‌هیچ نه‌کرد ، مێژوو شه‌رم له‌که‌س ناکات و هه‌ر مێژووشه‌ مرۆڤ و که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌ درووست ده‌کات و که‌رکووك ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ ‌له‌جه‌سته‌ی هه‌موو کوردێك ده‌ژیت و کوردستانیش ئه‌وخاکه‌یه‌ ‌ له‌پێناویدا کورد به‌رده‌وام خه‌باتی بۆ کردووه‌ و بۆیه‌ش هه‌ر پاشه‌ک‌شه‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌که‌رکووك و به‌هه‌رچ شێوه‌ و پاساو و بیانۆیه‌ك بێت خیانه‌ته‌ .‌‌
Top