ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ که‌رکووك ده‌یکه‌ین ده‌بووایه‌ ساڵی 2003 بکرابووایه !

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ که‌رکووك ده‌یکه‌ین ده‌بووایه‌ ساڵی 2003 بکرابووایه !
له‌گه‌ڵ ڕووخانی سه‌ربازگه‌ی سۆسیالیستی له‌جیهاندا دوونیای سه‌رده‌م حاڵه‌تێکی دیکه‌ی به‌خۆوه‌ دیت و ئه‌ویش پێی ده‌گووترێت سیاسه‌تی (دیڤاکتۆ) ، هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌کو ئێستا ئێمه‌ی کورد به‌شێوازێکی سیسته‌ماتیك نه‌مانتوانیوه سوود له‌حاڵه‌ته‌کانی ( دیڤاکتۆ)ی سه‌رده‌م وه‌ربگرین و زۆرجارانیش له‌لایه‌ن خودی خۆمانه‌وه‌ دووچاری ڕه‌خنه‌ لێگرتن بووینه‌ته‌وه‌ به‌واتای ئه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌که‌مان به‌جۆرێکی دیکه‌ لێکداوه‌ته‌وه ، سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌گه‌ڵ توواندنه‌وه‌ی سه‌ربازگه‌ی سۆسیالیستی له‌جیهاندا که‌ سۆڤییه‌ت پێشڕه‌وی ده‌کرد و زۆرانێك له‌ووڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتی و وێڕای چه‌ندین ووڵات لێره‌و له‌وێ له‌گه‌ڵ سیسته‌م و سیاسه‌ته‌کانی هاوڕاو هاوده‌نگ بوون دووچاری شکست هاتن و ئاکامه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و دوورستبوونی 15 کۆمار لێکه‌وته‌وه ، لێره‌دا (دیڤاکتۆ) ڕۆڵی خۆی له‌م نێوه‌نده‌دا بینی .. له‌هه‌لومه‌رجێکی گوونجاو بۆ ئێمه‌ی کورد و مێژووه‌که‌ی ساڵی 2003 بوو ئه‌و کاته‌ی ڕژێمی به‌عس به‌هێز لابرا و بێگوومان له‌م حاڵه‌ته‌شدا سیسته‌می (دیڤاکتۆ) بۆ داڕشتنی سیاسه‌ت هاته‌وه‌ مه‌یدان ،به‌ڵام بۆ نه‌تووانرا کورد له‌م سیسته‌مه‌ سوودمه‌ند بێت ،بۆ ئه‌مه‌شیان چه‌ندین خاڵ هه‌یه‌ به‌وه‌ی کورد ناتووانێت هه‌نگاو بۆ پرسی ( دیڤاکتۆ) بنێت ، چونکه‌ بۆچوونه‌کان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێن که‌ کورد تائێستا له‌سیاسه‌تدا هه‌ست به‌دڵه‌ ڕاوکێ ده‌کات و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای کردووه‌ به‌وه‌ی نه‌تووانین له‌ هه‌نگاوه‌کانی هاتنه‌ کایه‌وه‌ی حاڵه‌تی پێشووه‌خته‌ سوود وه‌ربگرین ، شاری که‌رکووك وه‌ك شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان سلێمانی و دهۆك وهه‌ولێر سه‌ر به‌باشووری کوردستانه‌ و له‌‌ ئه‌ده‌بیاتی تایبه‌تدا پێی ده‌گووترێت هه‌رێمی کوردستان ، له‌ساڵی2003 و ئه‌و کاته‌ی ڕژێمی به‌عسی داگیر که‌ر شکستخواردوو بوو کورد تاکه‌ هێزی به‌هێزی ناوچه‌که‌بوو و هه‌ر هێزی کوردی بوو که‌رکووکی ڕزگارکرد ، به‌ڵام ڕزگار کردنه‌که‌ زۆری نه‌خایه‌ند و دووباره‌ درایه‌وه‌ ده‌ست به‌غدا به‌واتای ده‌تووانین بڵێین (که‌شتیه‌کی پڕ له‌ زێڕمان پێشکه‌ش به‌به‌غدا) کرده‌وه ! ، له‌م سوونگه‌وه‌ ده‌پرسیین بۆ نه‌مانتووانی له‌حاڵه‌تی ( دیڤاکتۆ) سوود وه‌ربگرین بۆ وامان لێهات دووچاری دڵه‌ ڕاوکێ ببینه‌وه‌ ، ئه‌مه‌یان پرسیاره‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌ی ته‌نیا ئێمه‌ی کورد لێی به‌رپرسین !

دوای هه‌شت ساڵ له‌ پێشکه‌شکردنه‌وه‌ی که‌رکووك له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بۆ ڕژێمی نوێی به‌غدا ، دووباره‌ کورد که‌وته‌وه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و هه‌ره‌شه‌ی ئه‌مجاره‌یان نه‌وه‌ك ڕاگواستن بوو ، به‌ڵکو هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مانی کورده له‌ که‌رکووك ، ئه‌وه‌ی زۆر خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا لێی ده‌ڕوانین ده‌بینین هێزی کوردی واتا هێزی پێشمه‌رگه‌ ته‌واوی ئاماده‌باشی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووك بۆ باوه‌شی کوردستانی کردووه ، به‌مه‌ش دڵی سه‌رجه‌م گه‌لی کوردی نه‌وه‌ك له‌باشوور ،به‌ڵکو له‌پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش خۆشکردووه ،به‌ڵێ بوونی پێشمه‌رگه‌ له‌ که‌رکووك دڵنیایی دووباره‌ به‌خشیه‌وه‌ کورد ، ئه‌مجاره‌یان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناکرێت ئه‌م هێزه‌ی کوردی پاشه‌که‌شه‌ له‌که‌رکووك بکات ،چونکه‌ ئه‌مه‌ی ئێستا و ئه‌مڕۆ وه‌ك (دیڤاکتۆ) بۆمان ڕه‌خساوه ، ئه‌سته‌مه‌ جارێکی دیکه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بۆمان بڕه‌خسێت ، چونکه‌ سات و کاته‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ زۆر ناسکه‌ وهه‌ر بۆیه‌ش پێوویسته‌ سیاسه‌تی ( دیڤاکتۆ) ی سه‌رده‌م بکه‌ینه‌ ئامانج و نابێت به‌هیچ پاساوێك ئه‌مجاره‌یان پاشه‌کشه‌ له‌که‌رکووك بکه‌ین .
Top