به‌رنامه‌ی ( تۆ نموونه‌ی) ده‌بێ بزانن منداڵ سه‌ره‌تای بناغه‌ی مرۆڤه

به‌رنامه‌ی ( تۆ نموونه‌ی) ده‌بێ بزانن منداڵ سه‌ره‌تای بناغه‌ی مرۆڤه
منداڵ به‌واتای سه‌ره‌تای ژیانی مرۆڤ و هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ مرۆڤ ده‌توانێت بناغه‌یه‌ك بۆ که‌سایه‌تی خۆی دابین و درووست بکات و گوومانیشی تێدانییه‌ ئه‌وه‌ی له‌منداڵییه‌وه‌ له‌ناو مێشك بچه‌سپێت ئه‌وه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌خته‌ ،چونکه‌ بیر و هۆشی ئه‌م سه‌ره‌تاییه‌ی ژیان زۆر تیژه‌و هه‌ر چییه‌ك که‌وته‌ نێو گوێچکی ئه‌وه‌ به‌باشی وه‌ریده‌گرێت، له‌ووڵاتانی دوونیا زارۆك و منداڵان به‌جوانترین شێواز په‌روه‌رده‌ ده‌کرێن و به‌تایبه‌تی له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، و له‌و ته‌مه‌نه‌دا پێیان ده‌گووترێت که‌ نیشتیمان په‌ره‌وه‌ری زۆر لایه‌نی ژیان ده‌گرێته‌وه‌ وه‌ك زمان و خۆشه‌ویستی خاك و ووڵات و زیره‌کی و بوێری ، به‌ڵام لای ئێمه‌ی کورد و به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم منداڵه‌کانمان زۆر به‌ نارێکی له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌یه‌وه‌ په‌ره‌وه‌رده‌ ده‌کرێن و هۆیه‌کانی ڕاگه‌یاندنیش هۆکاری یه‌که‌می ئه‌م په‌روه‌رده‌ ناته‌ندرووستن.. له‌به‌رنامه‌ی (تۆ نموونه‌ی) منداڵان به‌هره‌و تووانای خۆیان له‌گۆرانی چڕین به‌دیار ده‌خه‌ن و هه‌ندێکیان تاڕاده‌یه‌ك به‌هره‌مه‌ندییان پێوه‌ دیاره‌و گۆرانی ڕه‌سه‌نی کوردی ده‌که‌نه‌ دیاری بۆ بینه‌رانی شاشه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داخ و مخابنه‌ و پێوویسته‌ باسی لێوه‌ بکرێت نازانم چۆن بوار ده‌درێت منداڵی کورد به‌ زمانێکی دیکه‌ ستران بچڕن و له‌مه‌ش کاره‌سات تر خه‌ڵات بکرێت و پله‌ی یه‌که‌م به‌ده‌ست بێنێت .. کورد له‌مێژه‌ به‌ده‌رده‌ بیانی په‌رستی ده‌ناڵێنێت و هه‌ر ئه‌و بیانی په‌رسته‌ش وای لێمان کردووه‌ نه‌ته‌وه‌و ووڵات و زمان و که‌لتووری خۆمان له‌بیر بکه‌ین و به‌ره‌و ئاقارێکی نادیار بچین و نه‌زانین که‌ دیرۆكی مرۆڤایه‌تی له‌ منداڵ سه‌رهه‌ڵده‌دات و دواتر ده‌بێته‌ گه‌نجینه‌ بۆ ووڵاته‌که‌ت.. لێژنه‌ی به‌رنامه‌ی ( تۆ نموونه‌ی)پێوویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌خۆیان بکه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگا به‌ منداڵ و به‌هره‌مه‌ندێك نه‌ده‌ن جگه‌ له گۆرانی چڕین به‌ ‌زمانی شیرینی کوردی هیچ زمانێکی دیکه به‌کار نه‌هێنرێت ، چونکه‌ ده‌بێ بزانرێت منداڵ سه‌ره‌تایه و هه‌ر سه‌ره‌تایه‌کی باش ده‌بێته‌ هۆکار بۆ دواڕۆژێکی باش بۆ نه‌ته‌وه‌و خاك .‌‌
Top