باشووری سوودان به‌ره‌و ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ

باشووری سوودان به‌ره‌و ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ
هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و میلله‌تێك ئازاده‌ چۆن له‌سه‌ر خاکی خۆی بژیت و چاره‌نووسی خۆی دیاری بخات ،به‌مه‌رجێك میلله‌ت یاخوود نه‌ته‌وه‌ ئاره‌زووی له‌وه‌ بێت ژیانێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ خۆی فه‌راهه‌م بکات .. دوای ته‌واو بوونی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و له‌پاشاندا له‌یه‌ك ترازانی یه‌کێتی سۆڤیه‌تی پێشوو له‌لایه‌ك و نه‌مانی یۆگۆسلاڤیا و هه‌ندێك ووڵاتی به‌لکان ،ئه‌وه‌ چه‌ندین ووڵاتی نوێ له‌سه‌ر ئه‌تله‌س و نه‌خشه‌ی جیهانی ناویان تۆمارکرا ، هه‌موو ئه‌و ووڵاتانه‌ به‌هۆی بوونی ده‌رفه‌ت یاخوود تووندڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند سوود مه‌ند بوون له‌ جاڕدانی مافی چاره‌ی خۆنووسین و له‌پاشاندا ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی . ئه‌گه‌ر چی تا ڕاده‌یه‌ك جیاوازی نێوان ئاستی ژیانی ووڵاتانی کیشوه‌ره‌کان به‌دی ده‌کرێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌و میلله‌ت گرنگه‌ له‌ تێکۆشان به‌رده‌وام بێت تاوه‌کو ده‌گاته‌ لوتکه‌ی ئامانج و ئاواته‌کانی ، گوومانیشی تێدانییه‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆ بوون به‌مافی خۆی بزانێت ئه‌وه‌ لێی بێ به‌ش نابێت و ده‌گاته‌ مه‌به‌ست.. له‌ ناوه‌ڕاستی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سوودان وه‌ك ووڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ خۆی نیشاندا دوای ئه‌وه‌ی له‌ژێر کۆڵۆنی به‌ریتانی و دواتریش میسر ڕزگاری بوو ، هه‌ر له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سوودان زیاتر ڕووی له‌ ژیانی سه‌ربازی کرد و کۆدتا دوای کۆدتا به‌سه‌ر ووڵات زاڵبوو تاگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی بووه‌ بنکه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌ ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ی ده‌ڤه‌رێکی زۆری ئه‌فریکا ، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ کێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ نێوان خه‌رتووم و باشوور ، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا و به‌هۆی زۆربوونی کێشه‌ له‌ووڵات نێوان نه‌ته‌وه‌و تیروو مه‌زهب و تاگه‌یشته‌ تاکه‌ که‌س و کۆمه‌ڵ سوودان زیاتر به‌ره‌و په‌راوێزخستن چوو به‌تایبه‌تی له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ، ئه‌وه‌بوو ناچار ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌هێز ملکه‌چی بۆ زۆر هه‌نگاو نا که‌یه‌کیان ڕازامه‌ندبوون له‌سه‌ر ڕاپرسی ( ڕیفراندۆم ) باشووری ووڵات و لێره‌دا کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ر زوو پشتگیری له‌و پرسه‌ کرد و ڕۆژانه‌ش ده‌بینرێت ووڵاتان فشار بۆ سه‌ر سوودان دێنن تاوه‌کو ڕاپرسیه‌که‌ ئه‌نجام بدرێت و هه‌رچی زووشه‌ پرسه‌که‌ نێوان خه‌رتووم و ده‌سه‌ڵاتی باشوور یه‌کلابێته‌وه ، دوا به‌دوای ئه‌وه‌ی به‌ ڕازامه‌ندی حکومه‌تی سوودان ساڵی 2005 بڕیاردرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕاپرسی بۆ هاوڵاتیانی باشوور ئه‌نجام بدرێت له‌و کاته‌وه‌ باشوورییه‌کان له‌خۆماده‌کردنن بۆ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان مافی چاره‌نووسی خۆیان دیاری بکه‌ن ، ئێستاش باشووریه‌کانی سوودان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوه‌ده‌ڵه‌تی چاوه‌ڕوانن له‌ 9 ی یانیوه‌ری 2011 واتا سه‌ره‌تای ده‌ی یه‌که‌می ساڵی دادێ ئه‌م ڕاپرسیه‌ ئه‌نجام بدرێت و پێشبینیه‌کانیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن له‌ئێستاوه‌ باشووریه‌کانی سوودان خۆیان یه‌کلاکردۆته‌وه‌ به‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆبوون ئامانجه‌ و جگه‌ له‌م پرسه‌ هیچ کار و کاردانه‌وه‌یه‌كی دیکه له‌ ئارادانییه ، چونکه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌کانی باشوور ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن له‌هه‌موو شتێك چ بیرووبۆچۆن یان زمان یاخوود که‌لتوور جیاوازن له‌ سوودان و هه‌ر بۆیه‌ش هیچ شتێك پێکه‌وه‌یان گرێ نادات و بڕیاری چاره‌ی خۆنووسینیش بڕیارێکه‌ به‌مافی خۆیان ده‌زانن و لای باشوورییه‌کانیش بۆ هیچ که‌س و لایه‌ن و ووڵاتێك نییه‌ بڕیاریان له‌سه‌ر بدات ،به‌ڵکو بڕیار بڕیاری خۆیانه .
Top