به مردنی ئارگۆنی داهۆڵشكێن، ناوبژیوانێكی موحه‌نه‌كی نێوان فكری خۆرئاوایی و فكری ئیسلامیی بزرده‌بێت
September 17, 2010
وتار و بیروڕا
رۆژی 14ی سێپته‌مبه‌ری ـــ2010ـــ(د. محه‌مه‌د ئا‌رگۆن)ی بیرمه‌ندوتوێژه‌ری فیلۆلۆژیی ناوداری ئه‌مازیغیی نیشته‌جێ له تاراوگه ((دوابه‌دوای ماڵئاوایی كردنی جابری و نه‌سر حامید ئه‌بو زێد)) ئه‌میش به ته‌مه‌نی 82 ساڵی دواماڵئاوایی له پاریس وفكرو ژیان كرد‌و تا دواهه‌ناسه‌ش به‌و ئومێده‌وه بوو فكری ئایینی رزگار بكات له‌و سایكۆبات ودۆگمابوونه‌ی كه موجته‌هیدان و دواكه‌وتووانی بۆی دروست ده‌كه‌ن...
((ساڵی 2005 له رۆژنامه‌ی جه‌ماوه‌ر و ساڵی 2007له ژماره 208ی كوردستان راپۆرت ))له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك و وتارێكی بلاَوكراوه‌مدا دووجار ناوی ئه‌و سێ زاته‌ی كه ئه‌مساڵ مردن له‌پاڵ ناوه‌كانی ئیدوارد سه‌عید وعه‌ره‌وی و بنیس و فوئاد زه‌كه‌ریا هێناوه به‌وه‌ی داینه‌مۆی دروست بوونی رێچكه‌یه‌كی نوێ بوون بۆ گۆرِینی سروشتی بیركردنه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌ریتگه‌رای چه‌قبه‌ستوودا ، (ئا‌رگۆن)یان كه به زمانی فه‌ره‌نسایی خه‌ریكی تیۆراندنی فكری بوو هه‌میشه بۆ پشكنینی ستراكتۆری ئایینی و كۆمه‌لاَیه‌تی و لابردنی ئه‌و ده‌ردو به‌لاَ بونیادی و حاڵه‌ت سایكۆباتیانه‌ی كه له‌ناو سیستمه په‌تریاركیه‌كاندا هه‌ن له هه‌وڵدا بووه ، له پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌شمدا كه چه‌ند ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌م كردوه، دیسانه‌وه له خاڵی(نوێكردنه‌وه‌ی جه‌وهه‌ردا) ئاماژه‌یه‌كم به ئامرازه‌كانی ئیشكردنی ئا‌رگۆن دابوو كه چۆن به به‌كارهێنانی میكانیزمی میتۆدیانه‌ی هاوشێوه‌ی میتۆده‌كانی ئه‌و به‌كاریانی هێناوه ده‌توانرێت جه‌وهه‌ری ته‌قلیدیانه به جه‌وهه‌رێكی مۆدێرنانه بگۆرِدرێن .
له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌م بۆ هه‌ندێ توێژینه‌وه‌ی وه‌رگێرِدراوی ئه‌و زاته‌دا بۆم ده‌ركه‌وتبوو چ كاره‌ساتێ له پاشخانی رۆشنبیری كوردیشدا هه‌یه كاتێك زۆربه‌ی رۆشنبیرانی كورد دوای رۆشنبیره عاره‌به بیابان نشینه‌كان كه‌وتون و به ته‌رازووی ئه‌وان باره گوێزی بێستانی مه‌عریفیانه‌ی خۆیان ده‌كێشا ، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ته‌قلیدكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری بیاباناوی له چ گۆشه‌یه‌كی داخراودا قوڵفیان ده‌كات، چونكه بیابان نشین له ئاست فكری نیو پراگماتی خۆرئاواییدا له زۆر جێگه‌دا هه‌ست به كه‌مسه‌ری كردن ده‌كات، ده‌یان بیرمه‌ندی وه‌ك كه‌واكیبی و بوستانی و ئه‌فغانی و محه‌مه‌د عه‌بده‌و فه‌ره‌ح ئه‌نتوان و شبلی شمیل و عه‌فله‌قی و هاوشێوه‌كانی تریان هێنده‌ی به خیتاباته وه‌عزداری و فتوحاته سپییه‌كانی ئیسلامێتییه‌وه دیل بووبوون هێنده‌ش سه‌رله‌به‌ری فكر له تێكسته‌كانیاندا تژییه به سكالاَو نووزانه‌وه‌و خۆزگه‌هێنانه‌وه‌ی دوور له راڤه‌ی ره‌خنه‌یی و هه‌ڵكۆڵینی مه‌عریفی ، واته ئه‌و زاتانه زیاتر رێنماییده‌رو نه‌سیحه‌تتداری چین و توێژی مامناوه‌ندی و خوێنده‌واری ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌بوون كه موتڵه‌قیانه له فكریان ده‌رِوانی ،هه‌ر ئه‌م ته‌وژم و شێوازه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ره‌هاگه‌ریی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب بوو ئا‌رگۆن و هاورِێیانی هاندا له دوا یه‌كه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه ته‌نیا به سه‌رله‌نوێ ژیانه‌وه‌ی كه‌ڵچه‌ری ئیسلامیانه رازی نه‌بن و به چاوی ره‌خنه‌وه له فه‌لسه‌فه‌ی زانستی مێژوویی برِوانن ..
واته ئا‌رگۆن یه‌كێك بوو له‌و بیرمه‌ندانه‌ی سوودی له تیۆره مه‌عریفیه‌كانی خۆرئاوا وه‌رده‌گرت بۆ خوێندنه‌وه‌ی شارستانیه‌تی ئیسلامی كه كوردیش كراوه‌ته لكێكی لكێنراو به‌م شارستانیه‌ته كه ئه‌گه‌ر رۆشنبیرییه باوه‌كه‌ی به‌پێی میتۆده‌كانی زانایه‌كی ناوداری وه‌ك( كانت) بپێوین ده‌خرێنه ناو خانه‌ی رۆشنبیرانی ساته‌وه‌خت و حاڵه‌تی كۆرپه‌ی ساوا ، به‌و مه‌به‌سته‌ی هه‌میشه رۆشنبیرانی چه‌قبه‌ستوو له قۆناغی كۆرپه‌ییدا پێویستیان به تێپه‌رِاندن هه‌یه به‌ره‌و حاڵه‌تی پێگه‌یین و خۆژیێنی و سه‌ربه‌خۆیی، هاوكات كۆمه‌ڵگه‌كه‌شیان پێویستی به گواستنه‌وه‌یه له حاڵه‌تێكه‌وه كه خه‌ڵكی خاوه‌نی ده‌سه‌لاَتی خۆیان نین وملكه‌چی ده‌سه‌لاَته ده‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك ئایین و غه‌یب و سوڵتانه‌كانی ترن تا مژمژه‌و شیریان لێوه‌رگرن بۆ حاڵه‌تێكی بالاَ كه خه‌ڵكه‌كه خاوه‌ن برِیارو هه‌ڵبژاردن و دیاریكاری چاره‌نووس و درككاربن به مافه ره‌واكانی خۆیانه‌وه ، كانتی زانا پێی وایه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك گه‌ر به به‌رده‌وامێتی له‌حاڵه‌تی كۆرپه‌ی ساوایی خۆی تێنه‌په‌رِێنێت ئه‌وا له‌بری راڤه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌و ئاوێته‌بوون به زاتی ئازادانه‌وه، پشتبه‌ستوو ی پیت به‌پیتی تێكسته غه‌یبانیه‌كان ده‌بن ، دواجاریش به ته‌نیا ده‌سه‌لاَتی رۆحه نادیاره‌كان ده‌كه‌نه بكه‌ر، به‌هاكانی ئازادی تاكه‌كه‌سیش ده‌بنه به‌ركار ..
مخابن كه فه‌زایه‌كی هاوشێوه‌ی نزیك به‌و فه‌زایه‌ی لێی ده‌دوێم به تێكرِای ئۆرگانه مه‌ده‌نییه‌كانی ئێمه‌ی كوردیشه‌وه لكێنراوه ..
ئارگۆنی ره‌حمه‌تی پاش ئه‌وه‌ی هه‌مووفكری بیرمه‌ندانی هاوچه‌رخی ئیسلامی له ته‌رازوودابوون له‌سه‌ر زۆر میتۆدی زانستانه‌ی دیكه‌شی ده‌نووسی كه زۆربه‌یان وه‌رگێرِدراونه‌ته سه‌ر زمانی عاره‌بی و ئینگلیزی و هۆڵه‌ندی وئه‌ندنووسی ((كه‌متر كوردی)) له‌وانه‌ش زانستی ئه‌نترۆپۆلۆژی مێژوویی كه به‌هۆیه‌وه ئا‌رگۆن ده‌ق و تێكسته ئایینیه‌كانی پێ ده‌خوێنده‌وه ، ئه‌مرِۆ له هه‌مووكات زیاتر دنیا پێویستی به رێنیسانس سازی وه‌ك ئه‌م زاته‌هه‌بوو به تایبه‌ت كه‌له دوای 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه رۆژانه شانه‌وگرووپ و بزاڤی ئیسلامی ئیدۆلۆژی له ولاَتانی عه‌ره‌بیدا په‌رِگیرانه هه‌ڵده‌قوڵێن و له به‌رانبه‌ریشدا هه‌ندێ فكری توندرِه‌وانه له خۆرئاواوه بۆسه‌یان بۆ داده‌نێنه‌وه‌و به ده‌گمه‌ن كه‌سانی وه‌ك ئا‌رگۆن هه‌ڵده‌كه‌وێت كه به پرۆژه‌ی فكرییه‌وه خاڵه لاوازه‌كانی ناو بونیادی كه‌ڵچه‌ره‌كان عاقلاَنه ده‌ستنیشان بكات هه‌ر وه‌ك پێشتریش هه‌ندێ خاڵی لاوازی تر به شێوازی دیكه له لایه‌ن فارابی و ئیبن سیناو ئیبن روشدو عه‌بدولكه‌ریم سرووشه‌وه په‌نجه‌یان خرابوونه سه‌رو تاووتوێیان بۆ كرابوون ..
كوردستان كه مه‌نزڵی زۆر ئایینی وه‌ك ئیسلامی و كریستیانی و یه‌زیدی و میترایی و له‌م دواییانه‌ش سابیئی و پێشتریش به‌شێك له نه‌سرانی و یه‌هودی تێدا له دایك ده‌بوون گرنگه بۆ كتێبخانه‌ی شاره‌كانی و بۆ میتۆده زانستیه‌كانی ناو زانستگه‌كانیشی كه روانینه شیكارییه‌كانی ئا‌رگۆن كه له 21 كتێبی قه‌باره گه‌وره‌دان و زۆربه‌یان بۆ زمانه زیندووه‌كانی جیهان وه‌رگێرِدراون بوونیان هه‌بێت..
تا وه‌چه‌ی نوێ شاره‌زای رۆشنبیری ئه‌م زانایه بن كه چه‌ند عاقڵمه‌ندانه زه‌مینه‌ی بۆدیالۆگی نێوان ئایینه‌كان ساز ده‌كرد و ته‌نیا پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی میتۆدی زانستی بوون به‌ده‌ر له كڵێشه‌به‌ندی و لایه‌نگری سۆزدارانه هه‌موو پیرۆزییه‌كانی كولتووری ئیسلامی و خۆرئاواییش به‌سه‌ریه‌ك تای ته‌رازووی عه‌قڵییه‌وه ده‌خسته ژێر پرسیار‌و وه‌لاَمه‌كانیشی بڵێسه‌یه‌ك بوون بۆ رووناككردنه‌وه‌ی سۆسۆلۆژیای هاوچه‌رخ ، دڵنیام كتێبه‌كانی ئا‌رگۆن وه‌ك میتۆده ره‌خنه‌ییه‌كانی بارت و هایدگه‌رو نیتشه و دریدا و فۆكۆ و شتراوس و دی سوسێرو بۆردیۆ‌و گۆڵدمان ده‌روازه بۆ چه‌ندین مه‌رجه‌عی نوێ له ناو رۆشنبیری كوردیدا والاَ ده‌كه‌نه‌وه‌و تا خه‌ڵكی رۆشنبیر به جۆرێك له ئاوێته بوونی زانستانه‌و راڤه‌كردنی مێژووییه‌وه له فكر‌و كه‌لتووری عه‌قڵی و ئیراده‌گه‌ری برِوانن ودواتر واقیعی شارستانیانه‌ی كوردی پێ بخوێنرێته‌وه ..
هه‌ر وه‌ك چۆن ئا‌رگۆن به ئامرازه‌كانی ئه‌م زانستانه‌وه ریشه‌ی دیارده‌كانی دۆزییه‌وه‌و به ئاسپایی له ماوه‌ی 60ساڵی خوێندنه‌وه‌و نووسیندا ئه‌و خاڵه‌لاوازانه‌ی ده‌ستنیشان كردن كه كۆمه‌ڵگه له شوێنی خۆی ده‌چه‌قێنن و وا له خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كه‌ن به رِقه‌وه له كه‌لتوور و بیری خه‌ڵكانی تر برِوانن ..
نه‌مانی بوون و كه‌سایه‌تی وه‌ك ئا‌رگۆن بۆشایی نێوان خۆرئاوا‌و ئیسلام به‌رفراوانتر ده‌كات به‌لاَم خوێنه‌ر به‌خوێندنه‌وه‌ی بیر و به‌رهه‌مه‌كانی ئازادی ده‌سه‌به‌ركراو به بوونی خۆی ده‌به‌خشێت تا به تێگه‌یشتنه‌وه له ده‌وروبه‌ر برِوانێت و دواتر نه‌زمانی لاڵ ده‌بێت له ئاست ماف و حه‌قدا ، نه زه‌ینی كوێر ده‌بێت له ئاست مه‌عریفه‌و پرسیار سه‌باره‌ت به مێژووی دروست بوونی فكروكایه كاراكانی مرۆڤایه‌تی..