كه شۆڕشی ١٤ی /گه‌لاوێژی/١٩٥٨له عێراقدا به‌رپابوو،ئه‌وه‌بوو"عه‌بدولكه‌ریم قاسم" بوو به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌ركرده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق..له سه‌ره‌تادا ڕێ به كاری سیای درا ئه‌وه‌بوو پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا و هه‌موو شاره‌كانی كوردستاندا باره‌گای كرده‌وه..گه‌لی كوردمان تا راده‌یه‌كی باش هیوای به هێنانه‌دی ئامانجه‌كانی ئه‌و شۆڕشه هه‌بوو،كه له به‌ندی سێیه‌می ده‌ستووری كاتی عێراقدا هاتبوو:"العرب والاكراد شركائ فی هذا لوطن ــ عه‌ره‌ب و كورد هاوبه‌شن له‌م نیشتمانه‌دا" به‌ڵام وه‌كو ده‌ڵێن ئه‌مه ته‌نها مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز بوو..به پراكتیكی جێبه‌جێ نه‌كرا. عه‌بدولكه‌ریم قاسمیش هه‌ر هێنده خۆی قایم كرد و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی به"الزعیم الاوحد ـ ته‌نیا سه‌رۆك" ناویان ده‌برد، له خۆی باییبوو،به پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی شۆڕشه‌وه، تاكڕه‌وانه حوكمی ده‌كرد و كه‌وته دژایه‌تی كردنی ئازادی و كاری سیاسی..به تایبه‌تش د ژایه‌تیكردنی مافه ڕه‌وكانی گه‌لی كوردمان.. ئه‌وه‌بوو هه‌موو باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان داخست و، كه‌وتنه گرتنی هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانمان و. كوردیان ناچاركرد بۆ به‌رگریكردن له خۆی په‌نا بۆ چه‌ك و شۆڕش به‌رێت..ڕژێم له پێشا كوردێكی زۆری له سوپای عێراق ده‌ركرد، به تایبه‌تیش ئه‌فسه‌ره پله‌داره‌كان تا ده‌گاته جێگری ئه‌فسه‌ر و عه‌ریفیش.هه‌ر وه‌كو چۆن له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی ڕه‌گه‌زپه‌رستدا و، به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆشه‌وه ،هه‌موو سه‌نگی قورسایی سته‌مكردن و غه‌در و تاوانكاریان خستبووه سه‌ر كه‌ركوك.. كه‌وتنه تاقیبكردن و ترساندن و ڕاونان و گرتنی تێكۆشه‌ره‌كانی گه‌له‌كه‌مان له ناو شاری كه‌ركوكدا. له ساڵی ١٩٦٠ دا، تۆرانییه‌كان به پشتگیری به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئاسایشی كه‌ركوك،كه وابزام ئه‌و كاته به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی كه‌ركوك ـ نوری الخیاط ـ بوو، كه تۆرانییه‌كی دوژمنی سه‌رسه‌ختی كورد بوو، باندێكی تیرۆریستیان دامه‌زراند به ناوی "الكف الاسود ـ ده‌ستی ڕه‌ش" بۆ كوشتنی كورد له ناو شاری كه‌ركوكدا،یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌و بانده "حوسه ئاوچی ی بێڕه‌وشت بوو" ئه‌وه‌بوو ێه‌كه‌مین كورد كه كوشتیان"محه‌مه‌د ئه‌مین(شه‌ربه‌تچی)بوو ماڵیان له قه‌ڵای كه‌ركوك بوو" .دواتریش ئه‌م كوردانه‌یان تیرۆركرد"سه‌ید وه‌لی كاكه‌یی كه (ماتۆڕچی)بوو."عه‌بدوڵا ره‌زا(كرێكار)بوو." فازیل حاجی عه‌لی له‌یلانی(كوتاڵفرۆش)بوو هه‌رسێكیان خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی شوریجه بوون..هه‌روه‌ها مادده‌ی تیزابیشیان پژانده سه‌روچای چه‌ند كوردێك كه بووه هۆی سوتاندن و شێواندنی ده‌موچاویان وكوێربوونیان،یه‌كێك له‌وانه "ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌زا ـ دوكاندارـ كه خه‌ڵكی شۆریجه بوو"..ئه‌م بانده كورد كوژه به به‌رچاوی ئه‌منه‌وه ته‌راتینیان ده‌كرد و نه‌یانده‌گرتن..ئه‌م كاره قێزه‌وه‌نانه و گرتن و ڕاونانی ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كمان، به مه‌به‌سی ترساندن و چاوشكاندنی كورد بوو له كه‌ركوكدا..به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه كوردی زیاتر توڕه و ڕق ئه‌ستوور كرد و زیاتریش له‌سه‌ر خه‌باتكردن سووربوون..ده‌ستكرا به ڕێكخستن و خه‌باتی نهێنی . عه‌بدولكه‌ریم قاسمیش له‌شكرێكی زه‌به‌لاحی بێشوماری به قورسترین چه‌ك و جبه‌خانه بۆ هێڕشكردنه سه‌ر كوردستان ئاماده‌كرد..چونكه ئاماده نه‌بوو كه به شێوه‌ی گفت‌وگو و به ئاشتی وه‌ڵامی داخواییه‌كانی كورد بداته‌وه..به‌ڵكو كه‌وته هه‌ڕه‌شه‌كردن..بۆیه تا ده‌هات باردۆخه‌كه به‌ره‌و خراپتر ده‌بۆوه. جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان دژ به‌و سیاسه‌ته شۆڤێنیه‌ی قاسم ،بۆ گوزارشتكردن له تووڕه‌یی و ناڕه‌زاییان بڕیاریان دا، كه له سه‌رانسه‌ری كوردستاندا، له ڕۆژی" ٦ی /ئه‌یلوولدا" مانگرتنێكی گشتی بكرێت.. ته‌مه‌نی من ئه‌و كاته،تازه پێم نابووه پانزه ساڵییه‌وه..ماڵمان له گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه بوو كه حكومه‌ت به‌م گه‌ڕه‌كه‌ی ده‌وت(سه‌ری ماره‌كه). ئه‌ندامی ناوچه‌ی كه‌ركوكی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی كوردستان و تازه‌ش ببوم به ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.( له ساڵی ١٩٦٥دا، وازم له سیاسه‌ت هێنا، به‌ڵام وازم له كوردایه‌تی نه‌هێنا و تا دوا هه‌ناسه‌شم وازی لێناهێنم..له پێناوی كورد و كوردستاندا ئه‌وه‌ی پێم كرابێ كردوومه..چیشم پێبكرێت درێغی ناكه‌م و ده‌یكه‌م و به ئه‌ركی ده‌زانم..) با بێینه سه‌ر باسكردنی مانگرتنه‌كه‌ی« ڕۆژی ٦ی/ئه‌یلوولی/١٩٦١» له كه‌ركوكدا..به ڕێگای پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌موو رێكخراوه پیشه‌ییه‌كانه‌وه،چه‌ند ڕۆژیك له‌وه پێشتر هه‌موو جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان له‌مانگرتنه‌كه ئاگاداركرانه‌وه..له ڕۆژی نابراودا مانگرتن ده‌ستی پێكرد..هه‌موو دوكان و گازینۆكان نه‌كرانه‌وه، كه‌س بۆ ئیش و دایره‌كان نه‌چوون،هه‌موو له ماڵه‌وه‌دا مانه‌وه.شارخامۆش بوو. كورد وته‌نی گوێت له جریوه‌ی چۆله‌كه‌ش نه‌ده‌بوو..گه‌رچی حكومه‌ت له‌وه پێشتر ئاگادار بوو ،به‌ڵام نه‌یتوانی به‌ر له‌م مانگرتنه بگرێت..گه‌له‌شمان یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی خۆی به ناحه‌زان سه‌لماند. ئه‌و مانگرتنه و یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی كورد هێنده‌ی تر داخیكرده دڵی عه‌بدولكه‌ریم قاسم و نۆكه‌ر و ده‌ستوپێوه‌نده هانده‌ره‌كانی..له «٩/٩/١٩٦١»دا فرۆكه جه‌نگییه‌كانی عێراق به زۆری "مێكی ڕووسی" بوون چه‌ندین ناوچه‌ی كوردستانیان بۆمبا‌باران كرد ..هه‌ر ئه‌و كاته‌ش حكومه‌ت جاشی به‌كرێگرت.بۆ دووبه‌ركی نانه‌وه و كوشتنی كرد به كورد..كوردیان ناچاركرد بۆ خوپاراستن و به‌رگریكردن چه‌ك هه‌ڵگرێ و له پاڵ خه‌باتی سیاسی‌دا خه‌باتی چه‌كداریش«شۆڕش»ده‌ست پێبكات و، هێزی پێشمه‌رگه دابمه‌زرێنێ و به‌رگری له خاكی پیرۆزی كوردستان‌مان بكات.
ئه‌وه‌بوو له به‌یانی زووی ڕۆژی «١١ی/ئه‌یلوول/ی ١٩٦١»دا،ئه‌و له‌شكره گه‌وره‌یه‌ی ڕژێمی قاسم، به مه‌به‌ستی تۆقاندن و سه‌ركوتكردنی گه‌له‌كه‌مان به پاڵپشتی چه‌ندین فرۆكه‌ی تازه‌ی شه‌ڕكه‌ر،له شاری كه‌ركوكه‌وه به‌ره‌و سلێمانی كه‌وته ڕێ.. پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی « چه‌می ڕێزان و بنكه‌ی ـ شوان ـ و بنكه‌ی ـ جه‌باری» له دامێنی ده‌ربه‌ندی بازیاندا..له به‌ری" شیوه‌سوور" و له نزیكی "به‌رده‌قاره‌مان"دا، ڕێیان له‌و له‌شكره گرت..شه‌ڕێكی زۆر سه‌خت ڕوویدا.. ئه‌وه یه‌كه‌مین شه‌ڕ بوو له نێوان كورد و سوپاكه‌ی عه‌بدولكه‌ریم قاسمی دیكتاتۆردا..هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش بوو به ڕۆژی سه‌رهه‌ڵدانی «شۆڕشی ئه‌یلوول» كه تا ئێستا به گه‌وره‌ترین و به درێژترینی شۆڕشه‌كانی هاوچه‌رخی گه‌له‌كه‌مان داده‌نرێ ، بۆیه شایانی ئه‌وه‌یه كه به «دایك شۆڕشه‌كانی كورد» ناوزه‌ند بكرێ.. یه‌كه‌مین شه‌هیدی نه‌مری ئه‌م شۆڕشه‌شمان هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌ی ده‌ربه‌ندی بازیاندا شه‌هید بوو، ناوه‌كه‌یم له یاد نه‌ماوه،تا ساڵی ١٩٦٣یش گوڕه‌كه‌ی له نزیكی شاره‌دێی ته‌كیه له لای ڕاستی شه‌قامی سه‌ره‌كی "كه‌ركوك ـ سلێمانی"مابوو.به‌ڵام دواتر ڕژێمی ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌عس،به شۆفڵ ته‌ختیان كرد..هه‌ر له‌و شه‌ڕه‌شدا كاك"عادیل عیزه‌ت"ی ڕابه‌ری سیاسی بنكه‌ی جه‌باری به سه‌ختی برینداربوو ..له ڕۆژی «١٣/٩/١٩٦١»یشدا فرۆكه‌كانی قاسم ،شاره‌دێی بارزانیان به‌خه‌ستی بۆردوومان كرد.فرۆكه‌كانی قاسمی دیكتاتۆر به ڕۆكێتی كاولكه‌ری «ناپاڵم»ی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی،زۆرناوچه‌ی كوردستانیان بۆردومان و كاولكرد..كه‌واته شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌ن،له كه‌ركوكه‌وه یه‌كه‌مین چه‌خماخه‌ی لێدا..به‌شێكی زۆری ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆشمان له سایه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌دا هاتنه‌دی.
هه‌ر له‌م یاده مه‌زنه‌ی گه‌له‌كه‌ماندا. حه‌زده‌كه‌م بیره‌وه‌رییه‌كی خۆم و برای نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسم كاك«عه‌بدولوه‌هاب تاڵه‌بانی ــ كه ئێستا له ئوسترالیا ده‌ژی» باسبكه‌م له پێش مانگرتنه‌كه ،سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی و ئیدانه‌نه‌كردنی له دژی نیاز گڵاوی و سیاسه‌ته چه‌وتكه‌ی قاسم و گرتن و ڕاونانی تێكۆشه‌رانی گه‌له‌كه‌مان و په‌شیمان بوونه‌وه له جێبه‌جێكردنی ئه‌و داخوزییانه‌ی گه‌له‌كه‌مان داوای كردبوون ده‌ركرد..داوایان له من و برای به‌ڕێزم كاك عه‌بدولوه‌هاب تاڵه‌بانی كرد، كه شه‌و له به‌ری گه‌وره‌ی شاری كه‌ركوكدا، به‌یاننامه‌كه بڵاوبكه‌ینه‌وه و وریاشبین كه نه‌گیرێین. بڕوابكه‌ن هێنده‌مان پێ‌خۆش‌بوو..وامانده‌زانی كه گه‌وره‌ترین خه‌ڵات كراوین و ئه‌م ئه‌ركه‌یان پێسپاردووین..ئه‌وسا دوو مێردمنداڵی خوێنگه‌رم و سه‌ركیشی كورد و كوردستانپه‌روه‌ری زۆر بێ‌باك و ترسنه‌زان بووین..ژماره‌یه‌كی زۆری به‌یاننامه‌كه‌مان هه‌ڵگرت و له كاتژمێری یانزه‌ی شه‌ودا بوو، له شۆڕیجه‌وه به ره‌و گه‌ڕه‌كی موسه‌ڵا و به‌ری قه‌ڵا ڕۆییشتین.ئه‌وبه‌ری خڕی خاسه به ئێمه نه‌سپێررابوو، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئێمه سه‌ركێشیان كرد و له پردی دووه‌میش په‌ڕینه‌وه..چوینه بازاڕی هاوچه‌رخه‌وه ـ بازاڕی زێڕنگه‌ره‌كان ـ چه‌ند دانه‌یه‌كی به‌یانه‌كه‌م خسته ناو سه‌ندوقی پۆستی سه‌ره‌كی كه‌ركوك، ئه‌و دوكانانه‌ش كه ده‌مزانی خاوه‌نه‌كانیان حه‌ز له كورد ناكه‌ن ،له ژێر ده‌ڕابه‌ی دوكانه‌كانیانه‌وه هه‌ریه‌كه دانه‌یه‌كی به‌یانه‌كه‌م خسته دوكانه‌كانییانه‌وه..ئینجا له به‌رده‌م گازینۆی مه جیدییه و یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و به‌رده‌م دایره‌ی پۆلیس و نزیكی دایره ی ئه‌من و سه‌ر پردی دووه‌م و له به‌ری قه‌ڵادا، به‌شێكی زۆری به یاننامه‌كه‌مان بڵاوكرده‌وه..گه‌ڕاینه‌وه بۆ گه‌ڕه‌كی موسه‌ڵا، من و عه‌بدولوه‌هاب زمانی توركمانی ده‌زانین،چوینه به‌رده‌م قوتابخانه‌ی موسه‌ڵا ،عه‌بدولوه‌هاب كارگوزاره‌كه ـ فه‌ڕاشه‌كه‌ی ـ ی به پێكه‌نین و قسه‌كردنه‌وه خڵافان..منیش به بیانووی ئاوخواردنه‌وه، چوومه ژووره‌وه،له ناو تابلۆی ئاگاداری «لوحه الاعلانات »دا دوو دانه‌ی به‌یانه‌كه‌م هه‌ڵواسی..له‌بن ده‌رگاشه‌وه سه‌رو دانه‌م كرده ژووری به ڕێوه‌به‌رو مامۆستایان، ئه‌وه‌شی پێمان مابوو له به‌رده‌م گازینۆی موسه‌ڵا و باخچه خڕه‌كه‌یدا بڵاومان كردنه‌وه..له گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ماڵه‌وه سه‌یاره‌یه‌كی پیكابی سه‌وزی پڕ له پۆلیس «موسه‌له‌حه» زۆر به خێرایی به‌ره‌و شۆڕیجه ده‌هات..به‌ڕاكردن خۆمان كرد به كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كی "پریادی"دا..له كاتژمێری سێی سه‌ر له به‌یانیدا زۆر به دڵخۆشییه‌وه گه‌ڕاینه‌وه بۆ ماڵه‌وه..بۆ به‌یانیه‌كه‌ی خه‌ڵكی باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ئه‌م شه‌و به‌یاننامه‌یه‌كیان له‌هه‌موو كه‌ركوكدا بڵاوكرۆته‌وه و، ده‌ستی پۆلیس و ئه‌من كه‌وتووه ..ئه‌گه‌رچی له‌وه‌دواش گه‌لێ ئه‌رك و كاری سه‌ركێشی تر‌و مه‌زنترمان ئه‌نجامداوه..به‌ڵام ئه‌و كاره‌مان له‌و ته‌مه‌نه و، له‌و كاته هه‌ستیاره‌دا، بیره‌وه‌رییه‌كی خۆش و نه‌مره به‌لامانه‌وه..وا بزانم كه كاك عه‌بدولوه‌هاب تاڵه‌بانی خه‌ریكی نووسینی بیره‌وه‌رییه‌كانێتی، بیره‌وه‌ریی ئه‌م شه‌وه هوبه‌شه‌شمانی تۆمار كردووه،ڕه‌نگه ئه‌و مێژووی ئه‌و شه‌وه‌ی له یاد مابێ.ـــــ ره‌زا شوان.