شوناسی مرۆڤ له پرۆسه‌ی به‌جیهانیبووندا
September 1, 2010
وتار و بیروڕا
له‌پاش كۆتایی هاتن به دنیای دوو جه‌مسه‌ری شایه‌تی ره‌وتێكی هه‌مه‌گیر بووین له جیهاندا و بینیمان به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی چاوه‌رِوانمان ده‌كرد، نه ته‌نها مرۆڤ نه‌یتوانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌یه‌كی جیهانی ببێت كه خاوه‌نی شوناس و كه‌لتوورێكی یه‌كده‌سته به‌ڵكو بینیمان تاكه‌كان زۆر رادیكاڵتر رۆچوونه‌وه ناو شوناس و كه‌لتووری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌یان و نه‌یانتوانی به زمانێك قسه بكه‌ن كه هی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه و هی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانه و به‌پێچه‌وانه‌وه كه‌وتنه چاكسازی و پاككردنه‌وه‌ی زمان و كه‌ڵتووره‌كانیان و ئه‌وه‌ی تایبه‌ت به نه‌ته‌وه‌كه‌یان نه‌بوو له‌خۆیانیان ده‌رهاویشت، ئه‌مه‌ش سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی سێیه‌می ناسیۆنالیزمی لێ كه‌وته‌وه, لێره‌دا ئامانجم ئه‌وه نییه باس له ناسیۆنالیزم بكه‌م و زۆرتر باسه‌كه چرِ ده‌كه‌مه‌وه بۆ شوناس له رِه‌وتی به‌جیهانیبووندا.
كاتێك تاك خۆی به خاوه‌نی شوناس و ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر ده‌زانن كه پێداویستییه‌كانی وه‌ك گه‌ره‌نتی بۆ به‌رده‌وامی ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و دوور له ئاسته‌نگییه‌كان، ئاسایش، رێزگرتن له جیاوازییه كان، هه‌ست نه‌كردن به جیاوازی كۆمه‌لاَیه‌تی، ئازادی و...هتدی بۆ دابین كرابێت. به‌واتایه‌كی تر، شوناس و مانا له بارودۆخێكدا بوونی ده‌بێ كه تاكه‌كان هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه ئاسایش و به‌رده‌وام بوونیان مسۆگه‌ره و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه كه جیاوازییان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له تاكه‌كان هه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێكی تریان یه‌كگرتوو و وێكچوون و خۆیان به‌خاوه‌نی نیزامێكی مانایی رِه‌ها ده‌زانن. له كۆمه‌ڵگه كۆنه‌كاندا دروستبوونی شوناسێكی یه‌كده‌ست پێویستی به كۆمه‌ڵێك مه‌رجی وه‌ك په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی تاكه‌كان به‌یه‌كه‌وه و كه‌لتووری هاوبه‌ش و جوگرافیایه‌كى هاوبه‌ش بوو كه ئه‌مانه‌ش زۆر به باشی دابین ده‌كران و مرۆڤه‌كان له‌ناو جیهانێكی كۆمه‌لاَیه‌تی بچووك و كورت كراوه و به‌رده‌وامدا زۆر به سانایی شوناس و مانای پێویستی خۆیان وه‌رده‌گرت. به‌لاَم پرِۆسه‌ی به جیهانیبوون، به پچرِاندنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه سنووردارانه و سرِینه‌وه‌ی سنووره جیاجیاكانی كۆمه‌لاَیه‌تی، ئه‌م جیهانه‌ی به خێرایی دارِماند و له‌ناوی برد. پێویسته ئێمه لێره‌وه پێ له‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه بنێین و سیما جیاجیاكانی بخه‌ینه رِوو.
1- به‌و پێیه كه شوێن به به‌راورد له‌گه‌ڵ فه‌زا، توانایی و زه‌وینه‌ی زیاتری تێدا به‌دی ده‌كرێ بۆ دابین كردنی پێداویستییه‌كانی وه‌ك: ئاسایش، جیاوازی و یه‌كگرتوویی كۆمه‌لاَیه‌تی، به‌لاَم پرِۆسه‌ی به جیهانیبوون به سرِینه‌وه‌ی نیشتمان و فه‌زا به‌خشین به ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تی، جۆرێك قه‌یرانی شوناس و مانای به‌رهه‌م هێنا. به‌واتایه‌كی تر فه‌زامه‌ندكردنی ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تی له‌گه‌ڵ پانتایی حاشا هه‌ڵنه‌گری قه‌ڵه‌مرِه‌وی ژیان و پێكهاتنی فه‌زایه‌كی كۆمه‌لاَیه‌تی به‌ربڵاو رِووبه‌رِوو ده‌بێته‌وه كه هۆكاری به‌رهه‌م هاتنی جۆرێك له دارِمانی وجودییه. كاتێك كه سنووره‌كانی ژیانی مرۆڤ به‌ره‌و جیهانێكی گه‌وره‌تر بكرێته‌وه، ئه‌و ئاسایش و دڵنیاییه كه له ماڵێكی ئه‌من و چوارده‌ورگیراودا هه‌ستی پێده‌كرد، به‌ره و هه‌ره‌س هێنان ده‌رِوات.
فه‌زا به‌خشین به ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تی و سرِینه‌وه‌ی سنووره‌كان، نه‌ته‌نها مانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ناو ماڵدا ئه‌سته‌م ده‌كات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاكه‌كان ده‌خاته پاڵ كۆمه‌ڵێك مرۆڤی له‌ژمار نه‌هاتوو كه بۆ یه‌كتر كه‌سانێكی نامۆ و نه‌ناسیاون و په‌یوه‌ندییه‌كی رِاسته‌وخۆ و به‌رده‌وامیان له نێواندا نییه. هه‌روه‌ك "میشه‌ل فۆكۆ" ده‌ڵێ: سه‌پاندنی ئه‌م هه‌لومه‌رجه به‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تیدا قه‌یران به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌و ده‌ڵێ: "ئێمه له‌ناو سه‌ده‌ی له‌پاڵ یه‌كدا بوون، سه‌ده‌ی دوور و نزیك، سه‌ده‌ی لێك نزیك بوونه‌وه، سه‌ده‌ی لێك بلاَوبوون و جیا له‌یه‌كتردا ده‌ژین".
2- پرِۆسه‌ی به‌جیهانیبوون به‌هه‌مانشێوه كه به دروست كردنی فه‌زایه‌كی یه‌كده‌ست و بێ جیاوازی له ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تیدا ئاسایش و هێمنایه‌تی ناو چوارچێوه‌ی ماڵت لێده‌سێنێته‌وه، هاورِێیه‌تییه‌كی پرِ له دڵه‌رِاوكێشت پێ ده‌به‌خشێت. به گۆرِینی كاتی ((كرۆنۆلۆژیك)) بۆ ئێستایه‌كی بێ پایان، رِابردوویه‌ك ده‌سرِێته‌وه و له‌ناوی ده‌بات كه بۆ مرۆڤ شوناس به‌خش بوو. له‌ناوبردنی رِابردوو به‌مانای سرِینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری و مێژوویه كه له‌ناو كۆمه‌ڵگای نه‌ریتیدا وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی شوناس سه‌یر ده‌كرێت و جیا له‌وه‌ش به مانای له‌ناوبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رِابردووی هاوبه‌ش و ئێستای هاوبه‌شه. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا مرۆڤ جۆرێك "هاوكاتی" ئه‌زموون ده‌كات و ده‌كه‌وێته ناو جیهانێكی هه‌نوكه‌یی كه له چوارچێوه‌ی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌ست به تێپه‌رِبوونی كات ناكات.
هه‌ست كردن به‌هاوكاتی و مانه‌وه له‌كاتێكی زه‌مه‌نیدا ئه‌وه‌نده‌ی هاورِێیه‌تییه پرِ له دڵه‌رِاوكێكه ئازارت ده‌دات. یه‌كێك له‌م چاوه‌رِوانییانه‌ی كه له شوناس ده‌كرێت هه‌ست كردنه به به‌رده‌وامی "تێپه‌رِینی كات" و "سابجیكتیۆتی" وه‌ك وشیاربوونه‌وه له‌كات به‌كاردێت.
كه‌واته ئه‌وسا كه كات به‌رده‌وامی خۆی له ده‌ست ده‌دات، ئۆتۆماتیكییه‌ن یه‌كده‌ستی و یه‌كبوونی بابه‌تیش ئه‌م ناوه‌رِۆكه‌ی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. به واتایه‌كی تر هه‌ست نه‌كردن به هه‌نووكه‌یی بوونی گۆرِانه‌كان ده‌چێته ناو بیری مرۆڤه‌وه و ئاسایش و یه‌كگرتوویی كه به‌رهه‌می یه‌كیه‌تی و به‌رده‌وامی بوو، ناوێكی لێ نامێنێته‌وه. له‌ناو ئه‌م ره‌وته‌دا رِێژه‌یی بوونی كه‌لتووره‌كانیش خۆی به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌بێته هۆی به‌رهه‌م هاتنی قه‌یرانی شوناس و مانا. له‌ناو كۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌كان به‌هۆی ئه‌وه كه كه‌لتووره تایبه‌ته‌كان له‌ناو چوارچێوه‌یه‌كی داخراودا ده‌ژیان، ده‌بووه هۆی رِه‌خساندنی ئه‌و هه‌له كه زۆر به سانایی شوناس و مانای پێویست به‌و كه‌سانه بدرێت كه له‌ناو ئه‌م كه‌لتوورانه‌دا ده‌ژیان. له رِاستیدا، جیهانی كۆمه‌لاَیه‌تی- كه‌لتووری ئه‌م چه‌شنه مرۆڤانه جیهانێك بوو كه له نیزامێكی یه‌كده‌ستی مانادار و به‌توانا به‌هره‌مه‌ند بوو كه نه‌ته‌نها خاوه‌نی توخمه نه‌گۆرِه‌كانی به‌خشینی شوناس بوو، به‌ڵكو جێگه‌یه‌كی كۆمه‌لاَیه‌تی باش و باڵاده‌ستی به تاكه‌كان ده‌به‌خشی و موژده‌ی حه‌قیقه‌تێكی رِه‌های پێده‌دان. به‌لاَم پرِۆسه‌ی به‌جیهانیبوون به زه‌فه‌ربردن و چوونه ناو سنووره‌كان و هه‌روه‌ها به‌رزكردنه‌وه‌ی پێكدادانه كه‌لتووریه‌كان، زانیاری و ئاگاهی مرۆڤه‌كان سه‌باره‌ت به كه‌لتووره‌كانی تری وه‌ك ته‌باییه‌كان، بایه‌خدان به یه‌كتر، ئایین و نه‌ریته‌كان زیاتر ده‌كات كه ئه‌م هۆشدارییانه‌ش له رِاستیدا، ئاگاداركردنه‌وه‌یه له رِێژه‌یی بوونی جیهانه كۆمه‌لاَیه‌تی- كه‌لتوورییه جیاجیا و له ژمار نه‌هاتووه‌كان. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا برِواكردن به هه‌ژموونی و باڵاده‌ستی جیهانی تایبه‌ت و هه‌روه‌ها پارێزگاری كردن له حه‌قیقه‌ته رِه‌هاكانی ئه‌م جیهانه تایبه‌ته له به‌رامبه‌ر كه‌لتووره‌كانی تردا كارێكی زۆر دژوار ده‌بێت. كاتێك كه گرنگترین سه‌رچاوه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی شوناسه نه‌ریتییه‌كان وه‌ها لاواز و رِێژه‌یی لێبێت، تاكه‌كانی كه به‌م سه‌رچاوه نه‌ریتییانه‌وه به‌ندبوون تووشی قه‌یرانی شوناس و مانا ده‌بن. قه‌یرانی شوناس و مانا له هه‌ست كردن به مه‌ترسیه‌كانی ئاسایش و هێمنایه‌تییه‌وه دێنه ئاراوه. له‌پاڵ یه‌كخزان و چرِكردنه‌وه‌ی كه‌لتووره تایبه‌ته‌كانی ناو فه‌زای كۆمه‌لاَیه‌تی به‌ربلاَو و هه‌روه‌ها هاتنه كایه‌ی رِێژه‌یی بوونی شته‌كان ((كه له‌و چرِبوونه‌وه‌ی كه‌لتووره تایبه‌تانه سه‌رچاوه‌ی گرتووه)) جیهانێكی به‌ده‌ر له فه‌نده‌مینتاڵییه‌تی گشتی و رِه‌ها به‌رهه‌م ده‌هێنێ و بنه‌ماكانی هه‌ر چه‌شنه پێداگرتنێك له‌سه‌ر ماناپێدان و شوناس پێدان لاوازده‌كات. ئه‌و لاوازییه‌ش خۆی له خۆیدا به‌مانای لاوازبوونی بناغه‌كانی برِواو ئیمانه.
كاریگه‌ری پرِۆسه‌ی به جیهانیبوون و دوو دڵی كردن له رِاستیه‌كانی خۆی خزاندۆته ناو هه‌موو رِه‌هه‌نده‌كانی ژیانی كه‌لتووری و ته‌نانه‌ت رِه‌هه‌نده‌كانی ناسینی زانست و مه‌ترسی و نائه‌منیش وه‌ك رِه‌هه‌ندێكی گشت گیریان لێهاتووه.
3- پرِۆسه‌ی به جیهانیبوون سه‌ره‌رِای ئه‌وه كه كه‌لتووره جیاواز و له ژمار نه‌هاتووه‌كان ده‌خاته به‌رده‌م تاك و گرووپه جیاجیاكان، جیهان و سه‌رچاوه كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كانی ئه‌م تاك و گرووپانه‌ش به‌ره و زیادبوون ده‌بات.
تاكی جاران، سه‌رچاوه كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كانی- كه له كۆمه‌ڵگای نه‌ریتییدا، یه‌كگرتوویی كۆمه‌لاَیه‌تیی وه‌ك پێداویستی شوناسی مرۆڤ ناسراوه- زۆر به سانایی دابین ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا شایه‌تی له‌ناوچوونی هه‌موو ئه‌وانه‌یه و له ناچارییان شوناسی خۆی له یه‌كه كۆمه‌لاَیه‌تییه گه‌وره و بچووكه‌كان وه‌رده‌گرێت.
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا مانا به شوناسی تاك ده‌به‌خشن، نه ته‌نها فره چه‌شن و پرِ ژمار ده‌بن، به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه له به‌رامبه‌ر یه‌كتری ده‌وه‌ستنه‌وه. كه‌واته به‌م پێودانگه سه‌رچاوه‌كانی كۆمه‌لاَیه‌تی و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش شوناسه‌كانیش چوارچێوه‌یه‌كی رِێژه‌یی ده‌گرنه خۆ. ئه‌م رِێژه‌ییه گشتگیره جێگه‌ی شوناس وه‌رگرتن ده‌دات به به‌رپرسیارییه‌تیه‌كی قورسی تاكه كه‌سی و جێگه‌ی ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تیش ده‌دات به پانتاییه‌كی پارِادۆكسیكاڵ و دژ به‌یه‌ك.
"رِۆڵین رِابێرتسۆن" ئه‌م بارودۆخه قه‌یراناوییه به ((ئاڵوگۆرِی پارادۆكسیكاڵی تاك خوازی و گشت خوازی)) ناو ده‌بات. ئه‌م ئاڵوگۆرِییه بریتییه له پرِۆسه‌یه‌كی دوو جه‌مسه‌ری كه ته‌مایه‌تی تاكخوازییه‌كان گشتگیر بكات و گشت خوازییه‌كانیش به تاك بكاته‌وه.
رِۆڵی پرِۆسه‌ی به جیهانیبوون له به‌رهه‌م هاتنی قه‌یرانی شوناس و مانا، له زۆر لایه‌نی تریشه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. به‌لاَم ئێمه لێره‌دا ته‌نیا كورته ئاماژه‌یه‌ك ده‌كه‌ین به دوو تێرِوانینی سه‌ره‌كی.
پرِۆسه‌ی به جیهانیبوون به پانتایی به‌خشیتنی قه‌ڵه‌مرِه‌وی په‌یوه‌نییه‌كانی ژیانی كۆمه‌لاَیه‌تی، جیهانی كۆمه‌لاَیه‌تی تاكه‌كان گه‌وره و به‌ربلاَو ده‌كاته‌وه و له‌ناو ئه‌م تاكانه‌دا هه‌ستی له كۆنترِۆڵ ده‌رچوونی ئه‌و جیهانه‌ی كه بۆی پێكهێناوه دروست ده‌كات، پرِۆسه‌ی به جیهانیبوون به‌هۆی ئه‌م گۆرِانكارییه خێرایانه‌ی دروستی ده‌كات ده‌توانىَ ببێته هۆی دردۆنگكردن و هه‌ندێكجار به‌رجه‌سته‌كردنى كۆمه‌ڵگاكان.
سه‌رچاوه‌كان::
- جهانی شدن و پیامدهای اجتماعی آن - رولان رابرتسون
- ناسیۆنالیسم و سه‌فه‌ر - مه‌ریوان وریا قانع
- به‌جیهانی بوون و دیپلوماسی فه‌رهه‌نگی - هاوری بی. فاین بام
- به‌جیهانی بوون و نه‌ته‌وه خوازى - رولان رابرتسون
- جهانی شدن و كاهش تنوع فرهنگی - مه‌حمود كه‌ریمی