لە ئێستا دووبارە دەستوور بۆتەوە رایەڵەی پەیوەندییەكان و رێكاری چارەسەركردنی كێشەكان

لە ئێستا دووبارە دەستوور بۆتەوە رایەڵەی پەیوەندییەكان و رێكاری چارەسەركردنی كێشەكان
لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، دوو هەڵبژاردنی گرنگ لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان ئەنجام دراون، بەرهەمی ئەم دوو هەڵبژاردنە كابینەیەكی تازەی حكومەتی عێراقە بە سەرۆكایەتی د.عادل عەبدولمەهدی، هەروەها كابینەیەكی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە سەرۆكایەتی مسرور بارزانی.
كابینە تازەكەی حكومەتی عێراق كە نزیكەی 10 مانگ پێش كابینە تازەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە، لەسەر ئەو بنەمایە بەرنامەی خۆی داڕشتووە كە لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە و ئامادەباشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پیشان داوە، دیارە هەر لەسەر ئەم بنەمایەش سەرۆك بارزانی رازی بووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریی حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی بكات و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بۆ پتەوكردنی ئەم پەیوەندییە تازەیە سەردانی بەغدای كرد و دەستپێكردنی گفتوگۆگانی خستۆتەوە سەر سكەی خۆی.
لەماوەی ئەو 8-9 مانگەی كابینە تازەكەی عەبدولمەهدی دەست بەكار بووە، چەند هەنگاوێكی گرنگی لەگەڵ كابینەی هەشتەمی دەست پێ كرد و چەند دەروازەیەك بۆ چارەسەكردنی كێشەكان كرانەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بە تەواوەتی سەقامگیر نەبوو و وەزارەتەكانی تەواو نەبوون، هاوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرقاڵی ئەو دانوستاندانە بوو كە لە ناوخۆی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لە ئارادا بوو، بەڵام هاوكات لەگەڵ تەواوبوونی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، حكومەتەكەی عەبدولمەهدیش تا راددەیەك بە تەواوكردنی كابینەكەی لەو ناسەقامگیرییە حكوومییە هاتە دەرەوە و لە هەمان كاتیشدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرنامەیەكی چڕوپڕەوە دەست بەكار بوو، بەمەش زەمینەیەكی لەبار هاتەپێشەوە بۆ ئەوەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بچنە قۆناخێكی دیكە.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەست بەكاربوونی، رێكخستی شاندێكی باڵای بۆ بەغدا خستە پێش هەر شتێكی دیكە، ئامانجی مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەم سەردانەی ئەمانە بوون:
1. دروشمی سەرەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بونیادنانی حكومەتێكی بەهێز و كوردستانێكی بەهێزە، بۆیە جێبەجێكردنی ئەم دروشمە پێویستی بە ژینگەیەكی سیاسیی سەقامگیر و بێ كێشە هەیە، بۆیە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كردە ئەولەویەت و پێش هەموو شت سەردانی بەغدای كرد.
2. سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە سەردانەكەی بۆ بەغدا پەیامێكی راشكاوانەی بۆ هەر سێ سەرۆكایەتی (كۆمار و پەرلەمان و حكومەت)ی عێراق هەبوو، ئەویش ئەوەیە كە سازش لەسەر هیچ مافێكی دەستووری گەلی كوردستان ناكەن و لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانیش داوای هیچی دی ناكەن.
ئەم پەیامەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دووبارە تەرجەمەكردنەوەی هەمان ئەو پەیامەیە كە سەرۆك بارزانی پێداگری كرد بۆ ئەوەی لە دەستووری عێراقدا بچەسپێندرێت، هەروەها پێداگری كرد كە دەبێت دەستەواژەی (مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی بەندە بە جێبەجێكردنی ئەم دەستوورەوە) لە دیباجەی دەستووری عێراقدا بنووسرێت.
لە ئێستادا كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئەو ئیرادەیە دەركەوتووە لە چوارچێوەی دەستوور هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بخرێتەگەڕ، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئامادەباشییەكی خۆی پیشان داوە كە هاوكاربێت بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و چارەسەركردنی كێشەكان، خۆ ئەگەر بهاتایە ئەم ئەقڵییەت و ئیدارەیە پێشتر لە بەغدا بوونی هەبوایە و رێز لە دەستوورەكە بگیرایە، ئەوا نە عێراق دەگەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا و نە خەڵكی كوردستانیش بیریان لە رێگە چارەی دیكە دەكردەوە.
Top