پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسیاریەتیی مێژوویی لەم قۆناخەدا
August 18, 2019
راپۆرتەکان
لە ئێستادا و لەسەر ئاستی گۆڕەپانی نێودەوەڵەتی، پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنیا لایەنی سیاسییە لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی كوردستان كە وەك لایەنێكی سەرەكی و نوێنەری راستەقینەی گەلی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و بەرپرسانی بەشەكانی دیكەی كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، هەروەها پێشوازی لە شاندە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە دیسان پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا لایەنی سیاسییە لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی كوردستان كە بە ئاستی بەرزی پڕۆتۆكۆڵی پێشوازی لێدەكرێت و هەر لە هەڵوێستە سیاسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە سەیری كۆی ئاراستەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بەگشتی و كێشەی كورد لە عێراقدا دەكەن. لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی عێراقیش، بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا لایەنی كوردستانییە كە بە شێوەیەكی بەرچاو نوێنەرایەتیی بەشداریی لایەنی كوردستانی لە پرۆسەی حوكمڕانیی عێراقدا دەكات، نەخشەی سیاسیی پارتی لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بۆتە رایەڵەی پەیوەندییەكان و میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسی لە كوردستانیشدا، دیارە خەڵكی كوردستان بە دەنگی خۆیان، (پارتی)یان كردۆتە حزبی فەرمانڕەوا لە كوردستان، پارتییش لە سەرینی ئەم متمانە گەورەیەی خەڵكی كوردستانەوە بەرنامەیەكی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان داڕشتووە كە بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی كوردستان، حكومەتی فرەیی پێكهێناوە و، خەڵكی كوردستانیش لە هەموو كاتێك زیاتر ئومێدیان لەسەر ئەم كابینە تازەیە هەڵچنیوە و چاوەڕێی ئەوەی لێدەكەن كە كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا لەسەر نەخشە رێگەكەی پارتی راست بكرێتەوە و حكومەت لەو ئاستەدا هەڵبسووڕێت ك شایستەی خەڵكی كوردستانە.
هاوكات لەگەڵ ئەم پێگە و شكۆیەی پارتی لەسەر هەموو ئاستەكان، دەبێت ئەوەش بڵێین: چۆن پارتی لەلایەك وەك ئەركێكی مێژووی ئەم قۆناخە و وەك نوێنەری كوردستان لە هەموو ئاستەكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەوا لەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەشدا، هەر تەحەددی و گوشار و هەڕەشەیەك رووبەڕووی هەرێمی كوردستان، یان كۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان ببێتەوە، ئەوا بە پلەی یەكەم رووی پارتی دەگرێتەوە و، پارتی بە حوكمی ئەو بەرپرسیاریەتییە مێژووییەی كە لەسەر شانیەتی، دەبێت شانی بداتەبەر و رووبەڕووی هەموو تەحەددی و هەڕەشەیەك ببێتەوە.
دیارە پارتی هەر لەخۆڕا نەگەیشتۆتە ئەو پێگە و شكۆیەی كە ئێستا تیایەتی، ئەمانە هەمووی رەنگدانەوە و لۆژیكی سەرۆك بارزانی-یە كە بە گیانێكی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ هەموو رووداو و پێشهاتەكان دەكات و، كاتێك كوردستان رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، ئەوا سەرۆك بارزانی پێش هەمووان لە سەنگەرەكانی بەرگری بە هەمان هەست و حەماسی شۆڕشگێڕیی ساڵی 1962ـەوە هاوشانی پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیە، كاتێكیش كە هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە لە ئاستێكی شایستەی خۆی نوێنەرایەتی بكرێت، ئەوا دیسان سەرۆك بارزانی لە ناوەندی وتووێژ و كۆبونەوە سیاسییەكان دەبینین، كە چۆن پێداگری لە سەر مافە رەواكانی گەلی كوردستان دەكات، ئەوجا ئەو داكۆكیكردنە لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان بێت لە عێراقدا، یان داكۆكیكردن بێت لە مافی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان، سەرۆك بارزانی چۆن بۆ دابینكردنی مافەكانی خەڵك لە هەرێمی كوردستان بڕوای بە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە هەیە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەسەر مافی كوردانی پارچەكانی دیكەش بەردەوام رێنمایی و راسپاردەی سەرۆك بارزانی بۆیان ئەوەیە كە رێگەی ئاشتی و دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشەكان بگرنەبەر، لەبەر ئەوەی سەردەمی شەڕ و چارەسەركردنی سەربازی بەسەرچووە.
بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستان كە خۆی بە درێژەپێدەری فیكر و رێبازی مستەفا بارزانی دەزانێت و سەرۆك مسعود بارزانی وەك قوتابیی ئەو فیكر و رێبازە بە كردەیی پیادەی دەكات و درێژەی پێ دەدات، بەردەوام داكۆكی لە ئاشتی و یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و سەقامگیریی سیاسی و تەناهی بۆ خەڵكی كوردستان دەكاتەوە، ئەم دیدوبۆچوونە كە هەڵقوڵاوی فیكر و رێبازی مستەفا بارزانی-یە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر لەناو خودی خەڵكی كوردستان تەبایی و یەكڕیزی بوونی نەبێت، ئەوا ناتوانێت سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بێتەدی و زەمینە بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتەكان و بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدی نایەت. هەروەها بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن لە ناو رێبازی بارزانی-دا، پارتی هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی حوكمڕانیی باش و دادپەروەری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بە ئەركی سەرشانی خۆی و كۆی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانە دەزانێت كە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی لە سەرووی بەرەژوەندیی حزبییەوە سەیر دەكەن، بۆیە لەم راستەوە بەردەوام هەوڵیداوە لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردستانییەكان بەرەیەكی سیاسیی فراوان بۆ ئامانجە هاوبەشەكان بێنێتەئاراوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە هەموو تواناكان بۆ خزمەتی گەلی كوردستان بخرێنەگەڕ.
بۆ قۆناخی داهاتوو، پارتی ئەرك و بەرپرسیاریەتی زیاتری دەكەوێتە سەرشان. راستە مەیدانی راستەقینەی خەبات و تێكۆشانی پارتی، هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام بەشی هەرە زۆری كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستان و رەوەندی كورد لە هەندەران، سەرۆك مسعود بارزانی وەك رابەری نەتەوەیی خۆیان سەیر دەكەن و چاوی ئومێدیان لەسەر ئەوەیە كە سەرۆك بارزانی داكۆكی لە مافی هەمووان بكات، لە ئێستاشدا كە بارەگای سەرەكیی سەرۆك بارزانی، (بارەگای بارزانی)یە، نەك شوێنێكی دی، ئەوا بارەگای بارزانی ئەو رەشماڵە گەورەیەیە كە بۆ هەموو لایەك كراوەیە، راستە ئەم ئەركە راستەوخۆ دەكەوێتە سەرشانی سەرۆك بارزانی، بەڵام تێكڕای پارتی پشتیوانی سەرۆك بارزانی-یە بۆ ئەوەی لەم ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا سەركەوتوو بێت.
لەم سەردەمەی ئێستادا كە لەسەر ئاستی جیهان بە شێوەیەكی گشتی، حزبی سیاسی رووی لە داكشانێكی بێ وێنەی جەماوەری كردووە و، حزبەكان لە نوێنەرایەتیی دەنگدەر و میللەتەكەیان شكستیان هێناوە، دەبینین پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێتە جێگەی متمانەی تەواوی گەلی كوردستان لە هەر چوارپارچەی كوردستاندا، دیارە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، خەڵك لە میانەی سندوقەكانی دەنگدانەوە سەلماندوویانە كە متمانەیان بە پارتی بەردەوام لە زیادبووندایە، لەسەر ئاستی كوردانی پارچەكانی دیكەش لە بۆنە جیاوازەكاندا بینیومانە كە چۆن بۆ پاڵپشتیی هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی دەڕژێنە سەر شەقامەكان و پشتگیری لە سەرۆك بارزانی و سیاسەتی راستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن.
لەناو ئەم بەراوردە سادەی بۆ حزبی سیاسیمان لەسەر ئاستی جیهان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە: بۆچی لە سەر ئاستی جیهان و لە ناو سیستمە دیموكراتییەكاندا، حزبی سیاسی رووی لە داشكانە، بەڵام پارتی هەم لەسەر ئاستی سیستمە دیموكراتییەكە و هەمیش لە سەر ئاستیی میللی لە هەڵكشانی زیاترە؟ دیارە هەموو ئەو پسپۆڕ و توێژەرانەی لەسەر بواری داشكانی حزبی سیاسی كاردەكەن، بۆچوونەكانیان لە چوارچێوەیەكدا چڕدەكەنەوە، كە كۆی ئەو حزبە سیاسییانەی رۆژ لە دوای دەنگەكانیان كەم دەكات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو حزبانە خۆیان لە خەمی هاووڵاتیان و گەلەكەیان بەرپرسیار ناكەن، بۆیە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان خەڵك تۆڵەیان لێ دەكاتەوە، بۆیە لەم خاڵەوە كە سەیری هەڵوێستە مێژووییەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی دەكەین لە رۆژە سەختەكاندا ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت، بەوەی پارتی كاتێك لە رۆژە سەختەكاندا سەنگەری بەرگری هەڵدەبژێرێت و ئەندامەكانی بە پێوە شەهید دەبن، (كە بێگومان سەرۆك بارزانی و پارتی لە پێناوی سندوقەكانی دەنگداندا ئەم كارە ناكەن)، بەڵام میللەت كاتێك دەبینێت لە رۆژە سەختەكاندا بێجگە لە سەرۆك بارزانی و پارتی كەس بەرپرسیاریەتی ئەو رۆژانە لە ئەستۆ ناگرێت، ئەوا جیا لەوەی لەسەر سندوقەكانی دەنگدان پاداشتی پارتی دەدەنەوە، لەسەر ئاستی میللیش وەك ئومێدی نەتەوەیەك سەیری دەكرێت.